ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: بۆ ڕزگارکردنی عەفرین هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر دەکەین

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند بۆ ڕزگارکردنی عەفرین لە داگیرکاری تورک هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر دەکەین.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ٦ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "٦ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین تێپەڕیوە، دوای تێکۆشان و بەرخۆدانێکی ئەفسانەیی گەلەکەمان هاوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ، عەفرین لە ئەنجامی پیلانگێڕی و بازرگانی نێوان هێز و لایەنەکان داگیرکرا، لە ئەنجامی ئەو داگیرکارییەدا پاشماوەی داعش و نوسرە و گروپە توندڕەوەکانی دیکە لە عەفرین نیشتەجێ بوون".

هەروەها ڕایدەگەیەنێت بەهۆی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ڕەوشێکی تراژیدی لە عەفرین هەیە. گۆڕانی دیموگرافی و کوشتن و ڕفاندن و پێشێلکردنی مافی ژنان و دەستدرێژی و ئەشکەنجە بەردەوامە، شوێنەوارە مێژوویی و سرووشتییەکان دەڕوخێنرێن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سڵاو دەکرێت لە بەرخۆدانی گەلی عەفرین لە کەمپەکانی شەهبا.

هەروەها جەخت لەم خاڵانە کراوەتەوە:

"1- ئازادکردنی عەفرین و خاکە داگیرکراوەکان بژاردەی ستراتیژی ئێمەیە. بۆ ڕزگارکردنی عەفرین و گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکی کۆچبەرمان بۆ سەر خاکەکەیان، هەموو ئیمکانەکانمان سەفەربەر دەکەین.

2- بەبێ ڕزگارکردنی عەفرین و هەرێمە داگیرکراوەکان چارەسەر و ئاسایش لە سوریادا نییە. داوا لە هێزە نیشتمانییەکان دەکەین بۆ ئازادکردنی عەفرین و دەرکردنی تورکیا پشتیوانی لە تێکۆشانی هێزەکانمان بکەن.

3- ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت پێشێلکردنی تەواوەتی بەهاکانە. داوا لە کۆمیتە نێونەتەوەییەکان دەکەین بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی عەفرین بکەن و پێشێلکارییەکان تۆمار بکەن و بەرپرسانی تورک و تاوانباران بدرێنە دادگا. چونکە ئەو تاوانانەی لەوێ ئەنجام دەدرێن بە فەرمانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێن. ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و یاسایی و مرۆییەکان دەبێ ئەرکە ئەخلاقییەکانیان جێبەجێ بکەن.

4- بە ڕای گشتی سوریا ڕادەگەیەنین کە بوونی داگیرکاری تورک و ڕەفتار و کاریگەرییەکانی، سنوورەکانی عەفرین دەبەزێنن.

5- داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا دەکەین کە یەکێتی خۆیان بنیات بنێن، هەموو تواناکانیان سەفەربەربکەن بۆ ڕزگارکردنی عەفرین، پشتیوانی بەرخۆدانی گەلەکەمان بکەن. ڕزگارکردنی عەفرین و هەرێمە داگیرکراوەکان، ڕزگارکردنی هەموو سوریایە لە سیاسەتی پارچەکردن و فیتنە و ناکۆکی".