رووباری دیجلە لە عێراق وشک دەبێت: هۆکارەکەی دەوڵەتی تورک و وشکەساڵیە!

رووباری مێژوویی دیجلە کە بە پێی باوەڕی مەسیحی و جوولەکەکان ئاوی باخی عەدەنە کە ئادەم و حەوا تێیدا ژیاون و شارستانیەتەکانی سۆمەر و بابلی لەسەر دامەزرێندراوە، بەهۆی وشکەساڵی و بەنداوەکانی دەوڵەتی تورکەوە خەریکە وشک دەبێت.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، رووباری دیجلە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانکاریی وەرزیەکانەوە لەناو دەچێت.

لە میزۆپۆتامیا کە مرۆڤایەتی و شۆڕشی کشتوکاڵی دەستی پێکردووە، کارەساتی سروشتی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە زیاتر دەبن.

لە عێراق کە ٤٢ ملیۆن دانیشتووانی هەیە، لە مانگی نیسانەوە پلەی گەرمی نەچووەتە خوار ٣٥ پلە و زریانی خۆڵ بەبەردەوامی دروست دەبێت.

لە وەرزی هاوینیشدا پلەی گەرما گەیشتە ٥٠ پلە و بەهۆی نەبوونی کارەباوە هاوڵاتیان بە دەست گەرماوە دەیانناڵاند.

بەهۆی وشکەساڵی و کەمی بارانبارین و بەرزی پلەی گەرمی و نەبوونی دارستان، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق بووەتە یەکێک لەو ٥ وڵاتەی کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

رووباری دیجلە وەک جاران ئاوی تێدا نییە. بەهۆی نەبوونی باران و بەنداوی دروستکراوی دەوڵەتی تورکەوە، ئەم رووبارە مێژووییە خەریکە وشک دەبێتەوە.

پیبۆ حەسا دۆلمەسا (٤١ ساڵ) باس لەوە دەکات کە ژیانیان لە فیشخابور پەیوەستە بە رووباری دیجلەوە و دەڵێت "هەموو کارەکانمان، کشتوکاڵمان لەسەر ئەم رووبارەیە."

دۆلماسا دەڵێت، لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ شتێک بە باشی بەڕێوەنەچووە و ئاوەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەم دەبێت".

دەسەڵاتدارانی عێراق و جووتیارانی کورد ناڕازین، چونکە دەوڵەتی تورک بەو بەنداوانەی دروستی کردووە ئاو دەگرێتەوە.

ئامارە فەرمیەکان پشتراستی دەکەنەوە کە ئاستی ئاوی دیجلە کە لە تورکوە دێت، لە سەد ساڵی رابردوودا لە خراپترین دۆخیدایە و بە تەنها بەتەنها ٣٥٪ی ئاوەکەی دێتە ناو خاکی عێراقەوە.

بەغدا بەردەوام داوا لە ئەنقەرە دەکات ئاوەکە بەربداتەوە. بەڵام هەردوولا لەبواری بەڕێوەبردنی ئاودا کێشەی جددییان هەیە. تاڵانکردن لە هەردوو وڵاتدا هەم سروشت و هەم ژیانی هەزاران ساڵە لەناو دەبات.

بەگوێرەی هۆشداریی بانکی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا بە ڕێژەی یەک پلە و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ تا ساڵی ٢٠٥٠ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لەسەدا ٢٠ی ئاوی شیرینی جیهان. لە دۆخێکی وەهادا یەک لەسەر سێی زەوییە ئاودێریەکان بێ ئاو دەمێننەوە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیدا کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢دا بڵاوکرایەوە، راگەیەندرا کە زیاتر لە ٣ هەزار و ٣٠٠ خێزان لە ١٠ پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە ناچاربوون کۆچ بکەن. ڕێکخراوی کۆچ وتی: کۆچی کەشوهەوا ئێستا لە عێراقدا بووەتە دیاردە."

ف.ق