ئاماری نوێی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، تائێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ٢٣٤ کەس کوژراون، کە ٢٩ کەسیان منداڵن.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینیی بەردەوامە؛ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەمڕۆ ئامارێکی نوێی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی بڵاوکردەوە.

ڕێکخراوەکە ڕاگەیاندووە: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا کوژراون، لانیکەم گەیشتووەتە ٢٣٤ کەس. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەست ئەم ڕێکخراوە کەوتووە، ٢٩ کەس لە کوژراوەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

تا ئێستا لە ٢١ پارێزگای جیاوازی ئێران کوژرانی خۆپیشاندەران تۆمارکراون؛ زۆرترین گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، مازەندەران، تاران، گیلان و سنە بووە. ئەوەش بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران.

ئەو ٢١ پارێزگایەی کە خۆپیشاندەرانی تێدا کوژراوە بەم شێوەیەیە: سیستان و بەلوچستان ٩٣ کەس، مازەندەران ٢٨ کەس، تاران ٢٣ کەس، گیلان ١٨ کەس، سنە ١٧ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ١٣ کەس، کرماشان ١٢ کەس، ئەلبۆرز ٦ کەس، خوراسان ڕەزەوی ٤ کەس، ئیسفەهان ٣ کەس، قەزوین ٢ کەس، کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد ٢ کەس، زەنجان ٢ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ٢ کەس، ئەردەبیل ٢ کەس، ئیلام ٢ کەس، بوشەهر ١ کەس، سمنان ١ کەس، خوزستان ١ کەس، ناوەندی ١ کەس و هەمەدان ١ کەس.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا خوێندنگا ئامادەییەکان و زانکۆکان بوونە مەیدانی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: هێرشکردنە سەر خوێندنگاکان و گرتن و دەستدرێژیکردنە سەر خوێندکاران بەردەوامە.

ف.ق