رژێمی ئێران ٤١ رۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە دوایین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند،٤١ ڕۆژنامەنووس لە ئێران زیندانیكراون و داوا دەکات، بەزووترین کات سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازادبکرێن و کۆتایی بە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین بهێنرێت.

لەسەر پێشێلكارییەكانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا لەلایەن دەسەڵاتەوە، ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و هاتووە: لە سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییەی ئێران دا ئەوەی دەرکەوتوە ڕۆژنامەنووسان یەکێکە لەو گروپانەی کە زۆرترینیان بە ئامانج گیراون و سەرهەڵدانەکان وەک دەرفەتێک بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بەکارهێندراوە.

پەیامنێرانی بێسنوور تیشکدەخاتە سەر ئەوەی، “دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەوەش بە زیندانیکردنی ٤١ ڕۆژنامەنوس”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، “نیلۆفەر حەمیدی، یەکەم ژنە ڕۆژنامەنووس کە کوشتنی ژینا ئەمینی ئاشکراکرد دەستگیرکراوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ئێراندا ٤١ ڕۆژنامەنووس کە دەیانیان ژنن، زیندانی و دەستگیرکراون و دۆسییەکانیان لە دادگادایە”.

لەو ڕاگەیەندراوەیدا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوا دەکات، بە زووترین کات سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازادبکرێن و کۆتایی بە سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین بهێندرێت.

ف.ق