ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: لە زیندانی رەشت ٦ زیندانی کوژران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، لە زیندانی ناوەندی شاری ڕەشت (لاکان) شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و زیندانییەکان دروستبووە و هێزەکانی رژێمی ئێران ٦ زیندانیان کوشتوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەڕووداوەکەی شەوی پێشووتری زیندانی ئێۆین لەتاران کرد و ڕایگەیاند، بە وتەی وەزارەتی دادی ئێران ٤ بەندکراو کوژراون و ٦١ بەندکراوی تر برینداربوون و ١٠ برینداریان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لە راگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دا هاتووە، ڕژێمی ئێران ڕاستیی ڕووداوەکە و دەرەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاونەکردووەتەوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەیەوێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو ڕووداوە بکات تاوەکو ڕاستیەکان ڕوون ببنەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاشیگەیاندووە، دوێنێ (١٦ی تشرینی یەکەم) لە زیندانی ناوەندیی شاری ڕەشت (لاکان) لە نێوان زیندانیان و هێزە ئەمنییەکاندا پێکهەڵپژان ڕویداو و بەپێی زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکان، ٦ زیندانی لەو پێکهەڵپژانەدا کوژران. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕووداوەکە و ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەست رێکخراوەکە نەکەوتوە.

ژ.ت