جۆن بوڵتون: رەوشی هەنوكەیی ئێران هاوشێوەی كۆتا ساڵی حكومەتی پەهلەویە

جۆن بولتون، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و باڵوێزی پێیشووی ئەو وڵاتە لەنەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندوە؛ رژێمی ئێران"خۆسەپێن"بووە و زیاتر لەهەركاتێكی تر بەتایبەتی لەكاتی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لەژێر گۆشاری نێوخۆیی دایە.

جان بوڵتون لە وتارێكدا كە رۆژی چوارشەممە، ١٩ی تەشرینی یەكەم لەرۆژنامەی"دیلی تەلەگراف"دا لەژێر ناونیشانی"ئاخۆ ئایەتۆڵڵا خۆسەپێنەكانی ئێران لە كاتی رووخاندان؟" بڵاوكردۆتەوە، رایگەیاندوە؛ دەبێت ناڕەزایەتیەكانی ئێران بەرەو هەڵبژاردن و هاوئاهەنگی لەستراتیژیەتی گۆڕانی رژێمدا هەنگاو بنێن.

ئەم سیاسەتمەدارەی ئەمریكا بەجەختكردنەوە لەسەر بەرفراوانی ناڕەزاتیەكان لەنێوان گەلانی ئێراندا، جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئەم راپەڕینە نەتەنیا لەنێوان چین و توێژە خاوەن بڕوانامەكان و خوێندكاران و شارەكاندا ماوەتەوە، بەڵكۆ ڕاپەڕینەكە لەدەوروبەری شارەكان و گوندەكانیشی گرتووەتەوە.

بوڵتون جەختی لەوەشكردۆتەوە كە رژێمی ئێران"سەری سۆڕماوە و ناتوانێت رەوشەكە كۆنترۆڵ بكات" و دەڵێت؛ رژێم بەشێوەیەكی وەحشیانە وەڵامی ناڕەزایەتیەكانی داوەتەوە، بەڵام  دیارە ئایەتۆڵڵاكانیش لەبەرفراوانی و بێ ترسی خۆپیشاندەران ئیفلیج بوونە".

بوڵتون راشیگەیاندوە؛ ئەگەر ستراتیژی گۆڕانی رژێم لەئێستاوە نەكرێتە ئامانج، ئەم راپەڕینەش وەكو یەكێتی تر لەناڕەزایەتیەكان لەمێژووی رژێمی ئیسلامی ئێراندا دەمنێتەوە.

ئەم سیاسەتمەدارە ئەمریكایە بەئاماژەدان بە دەستپێكردنی مانگرتنی كرێكاران لەپێشەسازی كیمیایی، رەوشی ئەمڕۆكەی ئێرانی هاوشێوەی كۆتا ساڵەكانی حكومەتی حەمەرەزا شاە پەهلەویە و دەڵێت؛ زۆرێك لەبیریانە كە سەرهەڵدانی كرێكارانی نەوت لەساڵانی ١٩٧٨ ـ ١٩٧٩ لەدژی شاە نیشانیدا كە رۆژەكانی بەرەو كۆتایی دەچن. ئەگەر ناڕەزایەتیەكان لە پێشەسازی كیمیایی"پترۆشیمی"، بەرفراوانتر بێ و بەرهەمهێنان بەباشی راوەستێنێت، دەوڵەتی ئێران ئیفلیج دەبێت".

هـ . ب