١١ وەزیری کابینەی نوێی عێراق دەستیان بەکار کرد

ئەمڕۆ بەشێوەیەکى فەرمى ١١ وەزیرى کابینەکەى محەمەد شیاع سۆدانى سەرۆکوەزیری نوێی عێراق لەگەڵ وەزیرانى پێشوو ئاڵوگۆڕى پۆستەکانیان کرد و دەستیان بەکارکردن کرد.

پاش ئەوەى لە رۆژى ٢٧ ى ئەم مانگەدا بە فەرمى متمانەیان پێدرا ئەمڕۆ بەشێوەیەکى فەرمى ١١ وەزیرى کابینەکەى محەمەد شیاع سۆدانى، کە پێکهتابوون لە وەزیری كارەبا، پەیوەندییەکان، پلاندانان، وەرزش و لاوان، پەروەردە، دارایی، كۆچ و كۆچبەران، خوێندنی باڵا، سەرچاوە ئاوییەكان، بازرگانی و كوشتوكاڵ لە بارەگای وەزارەتەكانیان دەستبەكاربوون.

لەكۆی ٢٣ وەزارەتی كابینەى حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانی عێراق متمانەى بە ٢١ وەزیری حكومەتی نوێ بەخشیووە و ئەمڕۆ ١١ لەوانە فەرمى دەستبەکاربوون.

جێگەى ئاماژەیە، لە رۆژى ١٣ى ئەم مانگەدا سەرۆك كۆمارى عێراق، محەمەد شیاع سودانی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەپێی دەستوری عێراق سودانی ٣٠ ڕۆژی لەبەردەستە بوو بۆ ئامادەكردنی و ڕاگەیاندنی تەواوى حكومەتەكەی.

ف.ق