ناگەهان ئاکارسەل ڕوناکی و زانست هیوا و جوانیی ژیان بوو

شەهید ناگەهان ئاکارسەل، کە زانستی ژنی بە هەموو شێوازێک پێشان دەدا، بوو بە ڕوناکی، زانست، هیوا و جوانیی ژنان. ئەو حەقیقەتە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو شوێنێک بڵند کردەوە.

ناگەهان ئاکارسەل (زیلان) لە گوندی خەلکێن-ی سەر ناوچەی جیهانبیلی پارێزگای کۆنیای تورکیا لە ساڵی ١٩٧٦ لە دایک بووە. ئەو لەو کرمانجانەیە کە پێش هاڵاتنی خۆر لە خەو هەڵدەستن و قەت ئاو بە ئاگردا ناکەن. ئەو ژیانی گوندەکەیان بۆی دەبێتە جێگای سەرنج و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات، بۆی دەردەکەوێت هەرچەندە گوندەکەیان سەر بە مەزهەبی حەنفی بووە، بەڵام ئەو چاندە پەیوندیی بە ئیزاداتی و عەلەویەتییەوە هەیە. ئەو لێکۆڵێنەوە ناگەهان هەتا ماڵاتیا و دەرسیم دەبات، عەشقی ئەو بۆ شەنگال و دەرسیم هەر لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو.

هەر لە منداڵیەوە بە دەوای چێرۆکەکانی ژیان دەکەوێت

لەو گوندەی ناگەهانی لێ گەورە بووە،  چاندنی  دەغل و دان زۆرە، سەرچاوەی ژیانی هاوڵاتیان لەسەر زەویی کشتوکاڵییە، بە شێوازێک دەغڵ و دان قیەمەتێکی زۆری هەیە، ئەگەر یەک دەنکی دەغل بکەوێتە زەوی وەک ئەوە وایە خوێن ڕژا بێت. شەهید ناگەهان لە بیرەوەرییەکانی خۆی باسی منداڵی دەکات و دەڵێت، کاتێک باران دەباری بە پێخواسی ڕامان دەکرد و لەبەر باران سەمامان دەکرد، ناگەهان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ باوکی هەبوو. هاوکات بە قەدەر ئەوەی چەند بە کلتوری گوندەوە وابەستە بوو بە قەدەر ئەوەش ژیانی پیاو سالاری رەد دەکردەوە.

ناگەهان لە خەلکێن-ەوە هاتە کوردستان لە کوردستانیش بەرەو گەردوونی بوون

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی هەر لە گوندەکەی خۆیان تەواو دەکات. لە کاتی خوێندی قۆناغەکان بە سەرکەوتویی دەبرێت و لە قۆناغی ناوەندی خوێندکارێکی لێهاتوو بوو. هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە بۆ خوێندن و تاقیکردنەوە گوند بەجێدەهێڵێت. ئەوەش دەبێتە چونەوە دەرەوی یەکەمی لە گوند. لە زانکۆی گازی لە ئەنقەرە بەشی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی دەخوێنێت، هەر ئەو کاتەش دەست بە خەباتی ڕۆشنبیری و فکری دەکات و دەبێتە ئەندامی یەکێتیی خوێندکارانی کورد (یەخەکە). ناگەهانی لێو بە خەندە و چاو پڕ لە هیوا هەر سەرەتا کاتێک لە گوند دەر دەچێت ڕوو بە ڕووی ژیانی بەرژەوەندی پارێزی و سەرمایەداری شار دەبێتەوە. بەپێچەوانەی ئەو ژیانە ناگەهان ڕوو دەکاتە ژیانی کۆمیناڵ. لە ناو یەکێتی گەنجانی کورد ئەو زۆرتر کار لەسەر خەباتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە دەکات، بە عەشقێکی زۆرەوە ڕۆژنامەگەری دەخوێنێت و چاوی لەوەش نییە لەو سیستەمە سەر دەستەی تورکیا جێ بگرێت، بۆ ئەوە بەپێچەوانەوە بە تەواوتی ڕوو لە تێکۆشان دەکات، هەر کە تێکۆشانی گەلەکەی خۆی دەناسێت لە خەلکیانی کۆنیا ڕوو دەکاتە کوردستان و لە کوردستانیش بەرەو گەردوونی بوون هەنگاو دەنێت، هەست بە ئێش و ئازارەکانی گەلی خۆی دەکات و کەسایەتیی ڕێىەر ئۆجالان بۆ خۆی دەکاتە نموونە و دەیکاتە ناسنامەی کەسایەتی خۆیی.

دەبێتە یەکێک لە کادر و بنیاتنەرانی چاپەمەنیی ژنانی کورد

لەبەر کار و خەباتە ئاکتیڤەکەی لە زانکۆ لە ساڵی ٢٠٠١ تا  ٢٠٠٧ لە لایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە دەستگیر دەکرێت. لە دوای ئەوەی لە زیندان دەر دەکەوێت لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە وەک ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەرێکی ئەکادیمی کار دەکات، هاوکات هەم پەیامنێری دەکات و هەمیش سەرنوسەری ئاژانسەکەیە، لەو کاتدا هاوکات لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر خەبات و تێکۆشان و ئازادیی ژنان کورد قوڵتر دەکاتەوە، لەیەکەم  ئاژانسی فەرمی ژنانی کورد ژنها جێ پەنجەی خۆی دیار دەکات، بە ساڵان وەک ڕۆژنامەوان و پەیامنێر دوای ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکان دەکەوێت و خەبات دەکات، لە پێشخستنی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کورد دا خاوەن پێگە و ڕۆڵێکی بەرچاو بوو، لە پێگەیاندنی کچانی گەنج لە بواری ڕۆژنامەگەری دا مامۆستا و دۆست و هاوڕێ بوو، ئەو خەباتە تەنها لە چوارچێوەی کوردستاندا سنوردار ناکات، بەڵکو لەگەڵ ژنانی جیهان دەکەوێتە پەیوەندی و دۆستایەتی.

بوو بە یەكێک لە ئامادەکارانی زانستی ژنۆلۆژی

زانستی ژنۆلۆژی، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گرینگی زۆری پێدەدات، ناگەهان لە کاتی بیناتنانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دا هەم وەک کەسێکی ئەکادیمی و هەمیش وەک بەرێوبەرێک لە ئاستێکی بەرز گرینگی بەو زانستە دەدات و ئەو ئەرکە دەخاتە سەر شانی خۆی و لەو بوارەدا خۆی قوڵ دەکاتەوە. هاوکات دەبێت بە یەکێک لەو ژنانە، کە خاوەن ڕۆڵیکی گرینگە لە بونیاتنانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و بە شێوازێکی زۆر دڵسۆزانە هەوڵی بۆدەدات و کاری بۆ دەکات، هەم وەک یەکێک لە ئەندامانی دەستەی چاپ و هەمیش وەک نوسەر لەو گۆڤارە کار دەکات بۆ ئەوەی ژنۆلۆژی بکاتە پلاتفۆرمێکی ئازادی ژنان و هەمیشە لە ناو کارو خەباتێکی چڕدابوو.

لە هەموو مەیدانەکانی ژنان بە تایبەتی ژنانی گەنج ڕێکخستن دەکات و وشیاریان دەکاتەوە

شەهید ناگەهان ئاکارسەل لە زۆر مەیدان و ناوچە خەباتی ژنۆلۆژیی بەڕێوە دەبرد. لە باکوری کوردستان هەتا باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لەو بوارە کاری کردوە و ژنانی پەروردە و ڕێکخستن کردوە، لەو ماوەیەدا بە هەزاران ژن پەروەردە دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەشێکی زۆر لە رۆژنامە و گۆڤارەکان دەنوسێت، بۆ خەبات ڕووی لە هەر شوێنێک کردبێت، کچانی لە خۆی کۆکردووەتەوە و بووەتە ناوەندی پێگەیاندنی کچان.  جێگای خۆی لە دڵ و ڕووحی هەموو کەسێک دا دەکردەوە، لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ئەوەی سۆسۆلۆژیای ژنان بکاتە پەرتوک لە عەفرین تا شەنگال دەستی بە خەباتێکی چڕ کرد، هاوکات وەك عاشقێکی سەر مەستی چاند  بەرخودانی ژنانی هەورامان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە لێکۆڵینەوە لەسەر ژنان کرد و لەو مەیدانانە دەستی بە خەبات کرد.

ئەو حەسرەتەی، کە حەقیقەتی ڕێبەری گەلی کورد بکاتە ڕۆمان بە نێوە چڵی مایەوە

لە ساڵی ٢٠١٩ هەتا ئەو کاتەی بە دەستی ڕەش شەهید کرا، لە خەباتی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان لە ناو کار و خەباتیكی چڕدابوو. وێڕای ئەوەی هەوڵی دەدا خۆی فێری سۆرانی بکات و لەو بوارە هەوڵەکانی بەردەوام بوون، بەڵام ئەوەی نەدەکردە ئاستەنگ کە بەتەواوەتی سۆرانی نازانێت، بەڵکو بە بەردەوامی هەوڵی پەروردەکردنی ژنانی دەدا بە سیمینار و پەروردە، بۆ ئەوەی  کچان لە خەباتی ژنۆلۆژی کۆبکاتەوە کەمپینی بۆ کچان دروست دەکرد و پەروردەی دەکردن، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی دەدا ڕەنجی خەباتی ژنانی کورد کۆ بکاتەوە و ئەرشێفیان بکات. لە ناو تێکۆشانێکی چردابوو لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ ئەوەی پەرتوکخانەی ژنانی کورد دابمەزرێنێت و لەوێدا گرنگیی بە ڕەنجی ژنانی کورد دەدا. لەگەڵ ئەوەشدا نوسێنی ڕۆمانێک لەسەر حەقیقەتی ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاواتێکی هەمیشەی بوو، لەو بوارەدا خەباتی دەستپێکردبوو، بەڵام پێش ئەوەی کارەکەی تەواو بکات شەهید کرا و کارەکەی لە نێوەدا مایەوە.

شەرڤانێکی ڕێگای ڕاستی بوو، دژی پیلانگێری و قڕکردن بوو

شەهید ناگەهان ڕویکردبێتە هەر شوێنێک لە هەر شوێنێک مابێتەوە لە هەست و زانینی خۆیدا، ڕامانی خۆی دەکردە سەنتێز  و وتی، 'زانستی ژنان لە مێژوو سەرچاوە دەگرێت، لە هەموو مەیدانەکانی کار ئەو ڕامانەی بڵاو دەکردەوە، ئەو زانستە دەسەڵاتداریی پیاوان ڕەت دەکاتەوە، خۆ بوونی ژنان و کۆمەڵگا دەپارێزێت، زانستێکی ژینگەپارێزە و ئاستی وشیاری ژینگەیی بەرز دەکاتەوە'. بە زانست و لێگەڕینەکانی هەمیشە دژی دەسەڵاتداری و پیاو سالاری، پیلانگێڕی و قڕکردنی ژنان بوو، شەڕڤانێکی ڕێگای ڕاستی بوو.

تێکۆشان و هەقیقەتی ئەو درووشمی ' ژن، ژیان، ئازادی' بوو و لە هەموو شوێنێکی جیهان بڵاو دەبێتەوە

تێکۆشان و خەباتی ئەو دروشمی' ژن، ژیان، ئازادی' لە هەموو شوێنێک بڵاو دەبێتەوە، ئەو هێرشەی کرایە سەر ناگەهان لە دژی تێکۆشان و هەڵوێستی ژنی ئازاد بوو. بەڵام ناگەهان بووەتە ڕووناکی، زانست و جوانی ژیان لە هەموو شوێنێکی جیهان بڵاو دەبێتەوە، خاونداریکردن لە ناگەهان خاوندرایکردنە لە جوانیی ژیان.

ژ.ت