بەسێ ئەرزینجان: با پێکەوە لە بەرامبەر دەوڵەتی پیاوسالاریدا بوەستینەوە و سەربکەوین

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە وتی، "ئەوەی ژن و گەلەکەمان ئازاد دەکات خۆپاراستنە و خۆبەڕێوەبردنە، با پێکەوە لە بەرامبەر دەوڵەتی پیاوسالاریدا بوەستینەوە و سەرکەوین ."

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دایەوە.

بەسێ ئەرزینجان ئاماژەی بەوەدا کە ٢٥ی ئەم مانگە وەک ڕۆژی تێکۆشان لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەت لە دژی ژنان ناسراوە و وتی "سەرچاوەی سەرەکی توندوتیژی پیاوان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەوڵەت و دەسەڵاتە."

ئەرزینجان بە ڕێزەوە یادی ئەو ژنانە کردەوە کە بەهۆی توندوتیژیی دەوڵەتەوە گیانیان لەدەستداوە و وتی "بەرخۆدانمان لە دژی دەسەڵات و دەوڵەتی ستەمکار بەردەوام دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە بەڵێنەکەمان دووبارە دەکەینەوە کە ژیانێکی جوان و باش پێشکەش بکەین و تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان زیاد بکات”.

بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند کە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ٢٣ ساڵە لە ئیمرالیە گۆشەگیر کراوە و ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەپاندنی ئەم گۆشەگیریە، هێڵی ڕادیکالی ئازادی ژنانە کە ئۆجالان خوڵقاندوویەتی.

بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند کە ژنانی کورد بوونەتە پێشەنگی تێکۆشانی ژنانی جیهان بۆ مرۆڤایەتی و وتی، "ژنانی کورد خاوەنی زانیاری و ئەزموونی گەورەی تێکۆشان و خۆڕاگرین، بەم شێوەیە ڕێگای مرۆڤایەتی نیشان دەدەن و بە ڕۆڵی پێشەنگایەتی هەڵدەستن.

سەرنج بدەەن، لە مێژوودا ژنانی کورد هەمیشە لە دژی ستەم، زوڵم و فشار و کۆیلایەتی وەستاونەتەوە و پێشەنگایەتی راپەرینەکانیان کردووە. بۆیە ئێمە وەک ژنانی کورد تێکۆشانێکی گەورەی خۆپاراستن، هەم بۆ ئازادی وڵاتەکەمان و هەم بۆ مافی ئازادی ژنان بەڕێوە دەبەین. ئێمە خاوەنی پیشەگەرترین سوپای ژنانین، گەورەترین سوپایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

دەرئەنجامی سەرەکی کە جارێکی تر لە مێژووی گەلەکەمان، گەلان و ژنان بەدەستمان هێنا، ئەوەیە کە مافی خۆپراستن تاکە ڕێگایە بۆ دروستکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە. خۆپاراستن مافێکی پیرۆزە بۆ ژنان و هەموو مرۆڤێک. پێویستە بە هەموو هێزمانەوە خۆپاراستن پێشبخەین. بۆ ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە تەواوی لەناوببرێت، پێویستە پڕۆژەی گشتگیر بۆ خۆپاراستن جێبەجێ بکرێت. ئەمەش لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانەوە ئەنجام دەدرێت”.

بەسێ ئەرزینجان لە درێژەدا، باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی تورک بەرفراوانترین هێرشی دژی گەل و ژنانی کورد دەست پێکردووە و وتی، "بەهەمان شێوە دەوڵەتی ئێران هێرش دەکاتە سەر گەلانی ئێران و کوردانی ڕۆژهەڵات.  ئێمە دەمانەوێت، سەدەی ٢١ بکەنە سەدەی ژن، سەدەی ئازادی گەلان. لە بەرامبەر ئەمەدا، سیستەمی دەوڵەت – نەتەوە، ستراتیژی و تاکتیک دروست دەکات بۆ پاراستنی سیستەمی دەوڵەتی ڕزیو و تێکچووەکانیان."

ئەرزینجان ڕایگەیاند کە دەوڵەتەکان لەسەر زایەندەپەرستی و ناسیۆنالیزم و ئایین بنیات نراون و گوتی، "کاتێک گەلان لەم ڕوانگەیەوە سەیری تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی گەلان و ژنانی کورد دەکەن، دەبینن کە لە پرۆسەیەکی زۆر هەستیاردان. یەکەم جارە لە مێژووی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان، گەلەکەمان لە ناو بەرخۆداندایە. بەرخۆدانی گەریلاکانی یەژەئاستار لە زاپ و ئاڤاشین، شۆڕشی ژنانمان لە ڕۆژاڤا بە پێشەنگایەتی یەپەژە و کۆنگراستار، ڕاپەڕینەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، نیشانەیەکی زۆر دیاری ئەم راستیەن.

بەسێ ئەرزینجان سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاکێشا کە لە ١٩ی ئەم مانگەوە دەستی پێکرد و وتی، "هێرشەکە دژی کورد و ژنان و دەستکەوتی ئازادیی هەموو گەلانە. ئەمریکا و ڕووسیا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان پەسەند کردووە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارن لەم هێرشەدا کردووە.

ڕوودانی ئەم هێرشە لە ٤٥  ساڵەی دامەزراندنی پەکەکەدا ڕێکەوت نییە. ئەوان دەیانەوێت پرۆژەی جێگرەوە و ڕێگای بنەڕەتی ئازادی گەلی کورد و ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی لەناوببەن. سەرەتا لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران، لە بەرامبەر هێرشەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم، پێویستە لە هێز و ڕێکخستنی خۆمان کەڵک وەربگرین؛ پێش هەموو شتێک پێویستە ژنان، هەموو گەلانی کورد، عەرەب، ئاشوری، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەس، ئازەری، بەلوچ، فارس و هەموو ستەملێکراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرخۆدان بکەین. بە خۆڕاگریی لەم کاتەدا ژنان و گەلی کورد و گەلان دەرفەتی دروستکردنی لاپەڕەیەکی نوێی ئازادییان دەخوڵقێنن.

بۆیە لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیمانەوە. لە پرۆسەیەکی زۆر هەستیارداین. لە کەسایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی ئێمە و گەلی کورددا دەیانەوێت ڕێگری لە بزووتنەوەکانی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بکەن، دەیانەوێت ڕێگری لە دروستکردنی سیستمێکی ئازادیخوازی جێگرەوە بکەن و لە هەمان کاتدا تەمەنی سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست درێژ بکەنەوە.

بەسێ ئەرزینجان ڕوونیکردەوە، ژنان بە بەرخۆدان و هەڵوێستی بەرخۆدانیان گەورەتر دەبن و وتی "پێویستە ژنان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پشتیوانی شۆڕشی ژنان، لە ڕۆژئاوا و راپەرینی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. لە کەسایەتی ژنانی کورددا هێرشی دەکرێتە سەر ئازادی هەموو ژنان."

لە کۆتایی قسەکانیدا بەسێ ئەرزینجان وتی، "کاتی ئازادی ژنان و گەلانە، بەشداری سوپای ژنان و رێکخستنەکانی ژنان بکەین، ئەوەی ژنان و گەلەکەمان ئازاد دەکات، خۆپاراستن و خۆرێکخستنە. پێویستە ژنان رێکخستنی سەربەخۆی خۆیان زیاتر فراوان بکەن. بەرخۆدان گەورە بکەن. بەرخۆدان مرۆڤ ئازاد و شکۆدار دەکات. شێوەی 'ژن،ژیان، ئازادی' بە بەرخۆدان جێگیر دەبێت. بۆیەش لەدژی دەوڵەتی پیاوسالاریدا، پێویستە پێکەوە بەرخۆدان بکەین و سەربکەوین."

ف.ق