چەکی قەدەغەی تەرمۆباریک لە دژی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت

چەکی تەرمۆباریک کە وەک بۆمبی بۆشاییش دەناسرێت و بە پێی پەیماننامەی جنێڤ قەدەغەیە، بووەتە چەکی دەوڵەتی تورک کە لە کوردستان بەکاریدەهێنێت.

سوپای تورک لە ٨ی تشرینی دووەم لە ناوچەی وەلیکای باشوری موش دەستی بەئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی داگیرکەری کردبوو. هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستانی کردبووە ئامانج، زیاتر لە مانگێکی خایاند. سوپای تورک لە حەوتی کانونی یەکەمی ٢٠١٩دا شوێنێکی زستانەی گەریلاکانی دەستنیشان کرد، بۆردومانی پەناگەکەی کرد و ٥ گەریلای شەهید کرد.

بە پێی راگەیەندراوی والیگەری موش کە دواتر دەوڵەتی تورک بڵاویکردبووەوە، ئاشکرای کردبوو کە لەبەرامبەر پەناگە ئاماژە بۆکراوەکە ' رۆکێتی تەرمۆباریکی نوێ'بەکارهێنراون. بەمەش جارێکیتر دەوڵەتی تورک بەم راگەیەندراوە دەریخست کە چەکی تەرمۆباریکی بەکارهێناوە، کە خاوەنی هێزێکی زۆری گەرمایە و هەروەها بە کاریگەری شۆکی ساتی تەقینەکە هەموو زیندەوەران لە گۆڕەپانەکە لەناو دەبات و وەک بۆمبی بۆشایی دادەنرێت.

سوپای تورک لە ئۆپراسیۆنی داگیرکەری کە شەوی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١ بۆسەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێکردبوو، بێ پسانەوە چەکی تەرمۆباریکی بەکارهێنا. قاپوڕ و کارتۆنی ئەو چەکانە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی تونێلەکانی شەڕ لەناوببات لە وەرخەلی دەستنیشان کرابوون. دیمەنی ژمارەیەکی زۆر لە کارتۆنەکان کە لەسەریان 'تەرمۆباریک' نوسرابوو لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن ANFەوە بڵاوکرابووەوە.

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢٠دا مۆدێلی نوێی بەرهەمهێنابوو

دەوڵەتی تورک پێشتر ئەو چەکە تەرمۆباریکانەی لە روسیا و ئەمریکا دەکڕی. رۆکێتی جۆری تی بی گی-٧ ڤی کە کڵاوەی تەرمۆباریکی لەسەربەکاردەهێنرێن بە تایبەتی بەرهەمی روسیان، یەک لەو چەکانەن کە سەربازانی تورک گرنگی پێدەدەن. ساڵی ٢٠٢٠ خۆیان دەستیان بە پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی ئەو چەکە کردووە.

ماددەی تەقەمەنی تەرمۆباریک لە مۆدێلی نوێدا لەلایەن پەیمانگای بەرەوپێشبردن و توێژینەوەی پیشەسازی بەرگریی (توبیتاگ – ساگە) بەرهەمدەهێنرێت، لەساڵانی رابردوودا بووەتە یەک لەو چەکانە لەناو کەرستە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکدا زۆر بەکاردەهێنرێت، توبیتاک-ساگە رایگەیاندبوو کە ئەو چەکە بۆ تونێل و ئەسکەوتەکان زۆر کاریگەرە، رایگەیاندبوو کە تەرمۆباریک دەخەنە ناو بۆمبی فڕۆکەکان، هەروەها گولـلەی تانک و نارنجۆکی دەستی، لە چەکەکانیشدا بەکاریان دەهێنن.

تەنانەت لە 'راپۆرتی کارەکانی ساڵی ٢٠٢١'ی فەرماندەیی گشتی جەندرمە پەیوەست بە شەڕ بەرامبەر بە گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەم زانیارییە سەرنج راکێشە درابوو: "تاقیکردنەوە و بەرەوپێشبردنی چەکی تەرمۆباریک بۆ لەناوبردنی پەناگە، تونێل، ئەشکەوتەکان تەواو بووە، تەنانەت لەلایەن یەکینەکانەوە دەست بە بەکارهێنانی کراوە".

هێزی کوشندەی هەیە

بەر لە ئێستا هێز و گەرمای تەقەمەندییەکان کە بتوانێت کارگەری زۆر بکاتە سەر ئەشکەوت، سەنگەر، پەناگە و بیناکان بەدەست دەوڵەتی تورکەوە نەبوو. بەپێچەوانەوە بەم تەقەمەنیە تەرمۆباریکانە گەرما و هێز دەتوانێت بخرێتە ناو ئەشکەوت و تونێلەکان و تەنانەت ئەنجامی روخێنەر و گەورەشی لێدەکەوێتەوە. ئەو چەکە بۆ ئەوەی تەقینەوەیەک بە هێزی گەرمایەکی زۆر دروست بکات، بە شەپۆلی شۆک لەگەڵ بۆشایی دەبێتە یەک و هەر لەبەر ئەوەش بە بۆمبی بۆشاییش ناودەبرێت.

تەقەمەنی تەرمۆباریک کە بە زمانی یۆنانی تەرمۆ بە واتای 'گەرمایی'ە و ریشەکەشی ' کاریگەری-هێزە' یەکەم جار لەلایەن زانای فیزیایی نازی ماریۆ زیپەرمایەر دروست کرا. ئەو تەقەمەنیە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەڵمانیای نازیەوە بەکارهێنرا، لە ساڵانی دواتریشدا لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتەوە پەرەی پێدرا.

بەگوێرەی پسپۆران ئەو تەقەمەنیەی تەرمۆباریک بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشوتر شەپۆلی زیاتری تەقینی هەیە، خاوەنی هێزێکە کە جەستەی مرۆڤ بە تەواوەتی دەتوێنێتەوە. لە گۆڕەپانێکی گەورە هێندەی لەناوبردنی بەشێکی زۆری زیندەوەران، بۆ مەودای نزیکی خاوەنی هێزێکی بەو جۆرەیە کە کاریگەری و ئەنجامی زۆر دژوار لەسەر جەستە بەجێدەهێڵێت. لە کاتی تەقینەوەکەدا ئەگەر لە نزیکیەوە بێت پەردەی گوێ دەتەقێنێت و هەروەها وادەکات کە جگەریش لەت بکات.

لە مانگی ئاداری رابردوودا لە شەڕی ئوکرانیادا چەکی تەرمۆباریک بۆماوەیەک خرایە بەرباس و رۆژەڤەی رای گشتیی جیهان. لەسەر بانگەشەی یوکرانیا کە رووسیا چەکی تەرمۆباریک بەکاردەهێنێت، کۆمەڵەی پزیشکانی سەربازی نەمسا لەسەر کاریگەری ئەو چەکە لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە و سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەو تایبەتمەندیانە: "چەکی تەرمۆباریک بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری دەکاتە سەر جگەر، دڵ-دەمار، توانای بیستن، گەدە و سیستمی دەمار. بەتایبەتی کاریگەری دەکاتە سەر جگەر، ریخۆڵە، گوێ و بە گشتی کاریگەری لەسەر ئەندامانی دەرەوەی جەستەی مرۆڤ دەکات".

بەپێی پەیمانی جنێڤ قەدەغەیە

چەکی تەرمۆباریک هەم بە هۆی گەرمای زۆر و هەمیش لەبەر کاریگەرییە روخێنەرەکانی لەسەر ئەو مرۆڤانەی لە دژیان بەکاردەهێنرێت، بە گوێرەی پەیمانی جنێڤ قەدەغەیە. پسپۆڕان باس لەوەدەکەن کە بەتایبەتی یەکەم جار قەدەغەکردنی چەکی تەرمۆباریک لە پەیمانی جنێڤ کە ساڵی ١٩٤٩  واژۆکرا  و ساڵی ١٩٧٧ دوو پرۆتۆکۆلی پێ زیادکرا، دەکەوێتە چوارچێوەی پەیماننامەکە کە بنەمای یاساکانی مافەکانی مرۆڤ دادەڕێژێت.

لە ژێر ناونیشانی ' پێوانە سەرەکییەکان' ژمارە ١ی ئەو پرۆتۆکۆلەی پێیز زیاد کرا لە بڕگەی ٣٥ بەم جۆرە هاتووە:

-"لە هەر شەڕێکی چەکداریدا، مافی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی کەرستەکان و شێوازەکانی شەڕ بێ سنوور نییە.

-ئەو چەک، گولـلە، کەرستە و شێوازانەی شەڕ لە ئاستی خۆی زیاتر رێگە لەبەردەم برینداری و ئازار دەکەنەوە قەدەغەن.

-بەکارهێنانی ئامێر و شێوازی شەڕ کە زیان بە ژینگە دەگەینن و کاریگەری درێژخایەن و جدی لە گۆڕەپانەکە و زیندەوەران دروست دەکەن قەدەغەیە.

جیا لەو پرۆتۆکۆلەی ساڵی ١٩٧٧ واژۆکرا، لە ساڵی ١٩٨٠نەتەوەیەکگرتووەکان ' پەیمانی پەیوەست بە قەدەغەی یان سنوردارکردنی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی بە بێ جیاوازی ناو کاریگەریان زۆر بێت و رێگە بۆ زیانی گەورەی روخێنەر دەکەنەوە' واژۆکرا. بە گوێرەی ئەو پەیمانە بەکارهێنانی چەکی تەرمۆباریک قەدەغەیە. دەوڵەتی تورک کە پەیمان و پڕۆتۆکۆلەکەی جنێڤی ساڵی ١٩٧٧ ی واژۆ کردووە، ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو کات تەیب ئەردۆغانەوە ئیمزاکرا و بووە لایەنێکی بەشدار لە پەیمانەکەدا.

هـ . ب