لە نۆ مانگدا ٢١ حاڵەتی خۆکوشتن لە جۆلەمێرگ تۆمار کراون
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لانیکەم ٢١ حاڵەتی خۆکوشتن لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگای جۆلەمێرگ تۆمار کراوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لانیکەم ٢١ حاڵەتی خۆکوشتن لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگای جۆلەمێرگ تۆمار کراوە.
گەنجان ڕێژەی ٢٢.٨%ی پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان پێکدەھێنن و لەو ڕووەشەوە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە زۆرترین ڕێژە گەنجی ھەیە. بەپێی ئامارێک لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٢١ کەس کۆتاییان بە ژیانیان ھێناوە، کە زۆربەیان ژن و گەنج بوون.
بەتایبەتی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ناوچەی شەمزینان زیادی کردووە و دەوترێت کە زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانی پەیوەندی بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا فرۆشی مادەی هۆشبەر لەڕێگەی ئەو باندانەی، کە پشت بە سەرباز، پۆلیس و جەردەوانان دەبەستن، لە پارێزگای جۆلەمێرگ زیادی کردووە.
'کارمەندانی دەوڵەت ماددەی ھۆشبەر بە منداڵەکانمان دەفرۆشن'
باوکێک، کە کوڕەکەی بە هۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە زیندانی کراوە، وتی: "ئاگاداری منداڵەکانتان بن، جگەرە دەدەنە منداڵ و گەنجان، بەڵام ماددەی هۆشبەریان تێدەکەن و بەو جۆرە فێریان دەکەن و گەنجان ژەهراوی دەکەن. هەر بۆیە پێویستە هەمووان ئاگاداری منداڵەکانیان بن، ئێمە ئەو ئازارەمان چێشت، بەڵام با ئەو بەڵایە بەسەر کەسی تردا نەیات، بە تایبەتی لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانی، کەسانێک کە بەرپرس و کارمەندی دەوڵەتن، منداڵەکانمان فێری بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە شارەکەدا بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و گوشاری دەروونییەوەیە".
ژ.ن