لە وان فشار لە خەڵکی دەکرێت کە بەشداری لە میتینگی ئەردۆغان بکەن

لە شاری وان، بەر لە سازکردنی میتینگەکەی تەیب ئەردۆغان، فشار لە کارمەندان و کرێکارانی سەر بە دەزگاکانی دەوڵەت، جاش و خانەوادەکانیان دەکرێت کە بەشداری لە میتینگەکەدا بکەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی ئاکەپە و سەرۆککۆماری تورک، بریارە رۆژە شەممە لە وان میتینگێک ئەنجام بدات. بەر لە میتینگەکە بەڕێوەبەرانی ئاکەپەی شارەکە و ناوچەکانی، فشار لە کارمەندانی دەوڵەت و خانەوادەکانیان دەکەن بەشداری لە میتینگەکەدا بکەن.

بەڕێوەبەرانی ئاکەپە و دەزگاکان کۆبونەوەیەکان لەگەڵ کارمەندان و کرێکاران ئەنجامداوە و رایانگەیاندووە کە پێویستە هەر کەسێک ١٠ کەسی دیکە لەگەڵ خۆی ببات بۆ میتینگەکە. هەروەها فشار لە مامۆستایانیش کراوە کە قۆتابیان و خوێنداران بۆ میتینگەکە ببەن.

هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەوانەی بەشداری نەکەن، لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە. کەسیک کە کارمەندی وەزارەتی پەروەردەیە و بە شێوەیەکی کاتی لەوێ کار دەکات و نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند، بەڕێوەبەری پەروەردە کۆبونەوەی لەگەڵ ئەوان ئەنجامداوە و رایگەیاندووە کە پێویستە بەشداری لە میتینگەکەدا بکەن و ١٠ کەسیش لەگەل خۆیان ببەن، بە پێچەوانەوە لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە. باسی ئەوەشی کرد کە زۆر لە هاوڕێکانی بە ناچاری بەشداری دەکەن و وتی، " ئێمە باش دەزانین کە ٩٠٪ی هاوڵاتیان بە ناچاری و بۆ ئەوەی نانبڕاو نەبن بەشداری لە میتینگەکەدا دەکەن."

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری جەندرمەش، یەک بە یەک بانگی جاشەکانی کردووە کە پێویستە خۆیان و خانەوادەکانیان بەشداری لە میتینگەکەدا بکەن.

ف.ق