فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک بە سیاسەتی توندتوتیژی خۆی ئەستەمە بگاتە ئەنجام و وتی، "ئەوەی لەبەرچاوی ناگرن و لێکدانەوەیان بۆی نییە، رێکارەکانی گەریلایە کە بەشێوەی لۆژیکی و داهێنەرانە دوژمن شکست دەدات و خۆڕاگرییەکی گەورە و ئازایەتییەکی گەورەی هەیە. لەبەرامبەریاندا کوڕ وکچی کوردی قارەمان و شۆڕشگێڕانی نێونەتەوەیی هەن کە خاوەن ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆن. لەبەر ئەوە بە هیچ جۆرێک ناتوانن لە رێگەی توندوتیژییەوە بگەنە ئامانجەکانیان".
قەرەیلان باسی لەوەکرد، هێزێک کە بە خۆی دەڵێت کوردم بەشداری لەو قۆناغەدا دەکات، ئەمە بۆ ئەو هێزانە دەبێتە شەرمەزارییەکی گەورە و وتی، "دەبێت دەستبەرداری ئەوە بن؛ سود بە کەس ناگەیەنێت. هۆشمەندییەک کە دەیەوێت هەموو هەبوون و دەستکەوتەکانی کورد لەناوببات و لە دژی ئەوەش هۆشمەندییەکی بەرخودانێکی مێژوویی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لەسەر بناغەی بەها دیموکراتیکەکان هەیە. ئەوەی ئەم راستییە نابینێت، پێجەوانەی دەکاتەوە لە بەرامبەریدا بێدەنگ دەبێت، هەر ئەوە لە داهاتوودا دەبێتە هۆکاری ئەنجامی ئەوە".
قەرەیلان داوای لە هەموو شۆڕشگێران، وڵاتپارێزان و رەنجدەران کرد کە لەم قۆناغی مان و نەمانەدا زیاتر رۆڵ وئەرکی خۆیان لە تێکۆشاندا جێبەجێ بکەن، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بەرزبکەنەوە.
فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان لە بارەی راستی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکرای سوپای تورکی داگیرکەر لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، ئەوەی بۆچی رژێمی شەڕی تایبەت ئەو بابەتە دەشارێتەوە، پێویستی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە و ئەرکەکانی رای گشتی هەڵسەنگاندنی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو.
لەلایەن فەرماندەیی ئێوەوە لە رۆژانی رابردوودا ناسنامەی ١٧ گەریلا ئاشکراکرابوو، کە لە هێرشە کیمیاییەکانی سوپای تورکی داگیرکەردا شەهیدبوون. هەروەها دیمەنەکانی گەریلاکان بە ناوی باز مۆردەم (محەمەد جان ئەڤرەن) و هەڵبەست کۆچەرین (کەوسەر ئەتە) لە دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژیان بڵاوکرانەوە. بەر لە هەموو شت ئێوە لەبارەی ئەو بارودۆخە چی دەڵێن؟
بەر لە هەموو شتێک دەبێت بزانرێت کە ئەمڕۆ بەرخودانی قارەمانانەی مێژوویی لە زاپ، ئاڤاشین ومەتینا کە لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەماندا خاوەن جێگەیەکی گرنگە ٦ مانگ و نیوی تێپەڕاندووە. ئەو بەرخودانە زۆر لایەنی هەیە کە دەکرێت هەڵبسەنگێنرێت. دەکرێت ئەوە لە بواری جیاجیادا هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام لە بەرەوپێشبردنی ئەم بەرخودانە لەم ئاستەدا شەهیدانی قارەمانمان گەورەترین رۆڵیان هەیە. ئەم بەرخودانە لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ بە گیانبازییەکی گەورە بەردەوامە و گەیشتووەتە قۆناغی ئەمڕۆ. لە کەسایەتی هاوڕێیان باز مۆردەم و هەڵبەست کۆچەریندا هەموو شەهیدانی ئەم بەرخودانە قارەمانانە بە تایبەتی ئەو هاوڕێیانەی بە چەکی کیمیایی شەهید بوون بە بیر دەهێنمەوە و ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە دوپات دەکەینەوە. ئێمە قەرزاری ئەوانین. ئەوان بە قارەمانی و بەرخودانی خۆیان خزمەتێکی گەورەیان بە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیکەکانی ناوچەکە کرد. بە نوێنەرایەتی گەلان بە بەرخودانێکی گەورە بەریان بە شەپۆلێکی گەورەی فاشیزم گرت و شەهید بوون.
لەبەر ئەوەی ئێمە دیمەنەکانی هاوڕێیان باز و هەڵبەستمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، سەرەتا داوای لێبوردن لە دایک و بنەماڵەی شەهیدانی شکۆمەندمان و هەموو وڵاتپارێزان دەکەین. من وا بیردەکەمەوە کە بنەماڵە و گەلەکەمان تێدەگەن بۆ ئەوەی ئێمە راستییەکانی گۆڕەپانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ببینن ئەو دیمەنانەمان بڵاوکردەوە. بێگومان ئێمە هاواری هاوڕێیانمان کە ویژدان دەهەژێنێت و ئازارە بەسوێکانیان، بە فیڕۆ نادەین. دۆزی ئەوان دەگەیەنینە سەرکەوتن و بەم جۆرە خاوەنداری لە بەڵێنی خۆمان دەکەین. شەهیدانی پیرۆزمان بە بەرخودانیان خزمەتێکی گەورەیان بە دۆزی پیرۆز کرد، بە شەهیدبوونی خۆیان لەم بابەتەدا رۆڵێکی گرنگیان گێڕا.
ئەو دیمەنانە توڕەیەکی زۆریان لەناو کۆمەڵگا سازکرد، لە ناو رای گشتی و لایەنە دیموکراتیکەکاندا کاردانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێنا. لەلای لایەنی بەرامبەریش کە نکۆڵی لێدەکات، دیمەنەکانیش رەتکرانەوە و خۆی لە پێناسەکردنیان بوارد و لە دژی گفتوگۆکانیش لەوبارە وەستایەوە. ئێوە ئەم بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
گەل و دۆستانی بەڕێزمان، هەموو لایەنە سەربەخۆکان و خاوەن ویژدانەکانی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ دەبێت بێ ئەملاو لا لەوە دڵنیابن؛ هێزە چەکدارەکانی تورک لە سەر خاکی باشوری کوردستان بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. لە راگەیەندراوەکانماندا لە بارەی بەکارهێنانی ئەو چەک و بۆمبە قەدەغە و کیمیاییانەدا هەڵە یاخود دەستوەردانێکی بچوکیش بوونی نییە. ئەوانەی راگەیەندراون، هەموو پشتڕاست کراوەن. هەمووان دەتوانن باوەڕ بەو شەفافی و روونی زانیارییەکان لەسەر ئەو بابەتە بکەن.
لەراستیدا ئێمە لەکاتی هێرشە سەر گارە لە شوباتی ٢٠٢١ دا ئەو لایەنەی شەڕەکەمان بەردەوام خستووەتەبەر باس. بەڵام، زۆر جێگەی نەگرت. زۆر هۆکار بۆ ئەوە هەیە، بەڵام پێم وابێت تەوەری ئەم چاوپێکەوتنە نەبێت. بەڵام بۆ دوو ساڵ دەچێت کە دەوڵەتی تورک ئەو دۆخەی ئێمە باسی دەکەین بەردەوام بە بێدەنگی لەپاڵیەوە تێپەڕی و وەڵامی نەدایەوە. تەنیا ساڵی رابردوو خولوسی ئاکار وتبووی، "ئێمە چەکی کیمیایی بەکارناهێنین؛ ئێمە تەنیا گازی بیبەر بەکاردەهێنین". ئەو رایگەیاندبوو. بەڵام گازی بیبەریش ماددەیەکی کیمیاییە و بە گوێرەی یاساکانی شەڕ بەکارهێنانیان لە شەڕەکاندا بە تایبەتی بەکارهێنانی لە گۆڕەپانە داخراوەکان تاوانە. دەوڵەتی تورک پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی واژۆ کردووە و بەڵێنی داوە کە بەکاریان نەهێنێت. سەرباری ئەوەش نەک هەر گازی بیبەر بەڵکوو لە هەمان کاتدا زۆر ماددەی کوشندە دەکەنە سەر مرۆڤەکان بەکاردەهێنن. وێڕای ئەوانەش نەیاندەویست ئەو بابەتە بێتە بەرباس و ببێتە رۆژەڤ. هەر بۆیەشە هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەوە نەدەکرد.
ئەگەر متمانە و بڕوایان بە خۆیانە با رێگە بە شاندە سەربەخۆکان بدەن
لەم دواییەدا کاتێک بەڵگەی یەکلاکەرەوە پێشکەش کران، هەر ئەو رۆژە بە بێ لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە وتیان 'ئەمە پڕۆپاگەندەی پەکەکەیە، زانیاری ناڕاستە'. بەڵام لەبەر ئەوەی ئیتر هەمووشتێک ئاشکرایە، بە بارێکی دەروونی تاوانکارانە و هەوڵێکی زۆرەوە ئەوەیان رەتکردەوە. لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا بەسەر تاوانەکەوە گیراون. لەبەر ئەوەش بە شڵەژاوی و کاردانەوەی زۆرەوە رەتیان کردەوە. بانگەوازی زۆر سیاسەتمەداری هێژا و کەسایەتی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەو بابەتە دوپات دەکەمەوە، ئەگەر سوپاکەتان پاکە، ئەو بانگەشانە درۆن و شتێکی لەم جۆرە بوونی نییە، ئەو کاتە رێگە بدەن بە شاندە سەربەخۆکان با بێنە شوێنی رووداوەکە، لە رووی ئەمنییەوە گەرنتی بدەن، با ئەو شاندانە بێن و لێکۆڵینەوە بکەن و هەموو شتێک روون ببێتەوە، با پاکی ئێوە دەربکەوێت.
بەڵام ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی تورک کاتێک باسی تاوانەکانی شەڕ لە دژی گەلی کوردستان دەکرێت، نکۆڵی لە هەموو شتێک دەکات. لە دوایین نمونەدا لە گوندی پەرەخیی هەفتانینی سەر بە زاخۆدا کۆمەڵکوژی کرد. کاربەدەستانی سوپای عێراق هاتن و بە بەڵگە رایانگەیاند کە ئەو چەکە لەلایەن سوپای تورکەوە بەکارهێنراون، بەڵام دیسان ئەوان بە فەرمی رەتیان کردەوە. وتیان 'ئەمە پڕۆپاگەندەی پەکەکەیە'. بەڵام دەزانین کە ئەوان هەندێک نێوەندگیری کوردیان نارد بۆلای دەوڵەتی عێراق و وتیان پارە دەدەنە بنەماڵەکان و ویستیان ئەو بابەتە پەردەپۆش بکەن. گەر درۆ ناکەن، رێگری لە لیژنە سەربەخۆکان مەکەن. ئەوەندە روون و ئاشکرایە، با شاندەکان بێنە و دەستنیشانی بکەن. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند کە ئێمە لەو بوارەدا لە هەموو روویەکەوە هاوکاریان دەکەین بۆ ئاسایشی شاندەکان و بۆ ئەوەی شاندەکان بە باشی کارەکانیان بکەن هەر شتێک پێویست بێت ئێمە بە هەموو توانامانەوە دەیکەین.
سەرۆکی دەستەی ناوەندی یەکێتی پزیشکانی تورک پ.د. شەبنەم کۆرور فینجانجی رایگەیاندبوو کە لەبەر کاریگەری مادە کیمیاییەکان ئەو شتانەی لە دیمەنەکاندا دیارن روویانداوە و داوایکردبوو کە لەوبارەوە لێکۆڵینەوە بکرێت. دواتر لە دژی فنجانجی هێرشێکی گەورە ئەنجامدرا و فنجانجی دەستگیرکرا. ئێوە ئەم بابەتە چۆن راڤە دەکەن؟
بەڵێ، رژێمی ئاکەپە-مەهەپە دەستبەجێ ئەو دۆخەی رەتکردەوە و لە دژی ئەوانەی وتیان 'بانگەشەیەکی بەم جۆرە هەیە، ئاماژە هەیە، دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت' هەڕەشەیان لێکرد و دەیانەوێت ئەو کەسانەش بترسێنن. لەم بوارەدا بەناو ئۆپۆزسیۆنیش هاوکاری ئەوانی کرد. بەڕێز شەبنەم کۆرور فینجانجی ئەکادیمی، ژنێکی زانا، لە بوارەکەی خۆیدا پسپۆڕە و لە ژیانی خۆیدا هەموو کات مافەکانی مرۆڤی پاراستووە، بەڵام لە بەرزترین ئاستەوە فینجانجیان تاوانبار کرد. فەرمانیان بە دەسەڵاتی دادوەری کرد و ئەویان گرت. بەم جۆرە دەیانەوێت ترس بخەنە دڵی هەموانەوە و چاوترسێنیان بکەن.
دەترسن تاوانەکەیان ئاشکرا بێت
لەم بوارەدا خاڵێکی تر هەیە کە سەرنجراکێشە، ئەمەش ئەوەیە: ئەوانە لە یەکەم رۆژەوە لێدوانی توندیان دا، کەسانی نزیک لە تەیب ئەردۆغان بوون، ئەردۆغان راستەوخۆ فەرمانی پێکردبوون. دواجاریش لە بەرزترین ئاستەوە تاوانباریان کرد، لێدوانیدا و شەبنەم کۆرور فینجانجی کرایە ئامانج. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەوان لە ئاشکرابوون دەترسن. بۆ دو ساڵ دەچێت بە چڕی ئەو چەکانە بەکاردەهێنن. هەڵبەتە دۆخی ئەو تاوانە بە فەرمانی تەیب ئەردۆغان پلانی بۆ داڕێژراوە و بەم جۆرە جێبەجێکراوە. هەر خودی ئەویش لەسەر رێبازی شەڕ لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بڕیاریداوە. دەترسن کە ئەو دۆخی تاوانە بە شێوەیەکی فەرمی بێتە ئاراوە. لەبەر ئەوە دەیانەوێت رێگری لەوە بکەن، دەیانەوێت بەم جۆرە رۆژەڤێک بە هەڕەشەی گەورە ساز بکەن و بەر بەو شتانە بگرن.
لەهەمان کاتدا ئەو رۆژنامەوانانەشی کە لەبارەی بابەتەکەوە هواڵیان ساز کردبوو دەستگیرکران...
بەڵێ، بە هەمان شێوە هێرشیشیان کردەسەر خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد کە لەبارەی بەکارهێنانی گازی کیمیایی هەواڵیان ئامادە کردبوو، نوسیویانە و رای گشتییان ئاگادار کردووەتەوە. کاتێک خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد دەستگیرکران، مامەڵەی توندیتیژانەیان بەرامبەر کرا، ئەمە وەک سوکایەتی بوو بەرامبەر بە گەلی کورد و لە هەمان کاتدا ویستیان هەموو کەسێک چاوترسێن بکەن. ئەمانە بۆ پارە ئەو کارە ناکەن. ئەمانە مرۆڤی لەو جۆرەن کە بەدوای راستیەوەن. هەموو خەباتکاران و کارمەندانی راگەیاندنی ئازاد مرۆڤی بەنرخ و شکۆمەندن و لە دژی هەموو جۆرە گوشار، چەوساندنەوە، هەڕەشە، گرتن و مەترسییەکان بۆ سەر ژیانیان رۆژنامەوانی دەکەن.
رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەو کردەوانەی مامۆستا شەبنەم و کارمەندانی راگەیاندنی ئازاد ناتوانێت هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت. لەبەر ئەوە بە کردەوەکانی پێشوویاندا دەزانین کە ئەم گەلە بە هۆی کردەوە فاشیستییەکانەوە بێهیوا نابن و هەنگاوێکیش پاشەکشە ناکەن. من لەو بڕوایەدام ئەو کەسانەی بۆ شکۆی مرۆڤەکان کاردەکەن ئەوانیش ئامادەن لە پێناو پرەنسیبەکانی خۆیان سڵ لە هیچ شتێک نەکەنەوە. لەم رووەوە رژێمی فاشیست بەو کردەوانەی ناتوانێت بگاتە ئەنجام. دەڵێن گوایە بە گرتن، گوشار، ئەشکەنجە، هەڕەشە و بێدەنگکردنی هەمووان دەتوانن ئەو تاوانانەی لە بواری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کردوویانە بشارنەوە و بەم جۆرە بەرەو هەڵبژاردن بچن کە بۆ ئەوان زۆر گرنگە. بەداخەوە. هەڵوێستی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوەی کە راستی ئەوان زیاتر ئاشکرا بێت.
ئاخۆ هۆکاری سەرەکی ئەو کردەوانەی رژێم چییە؟
بێ گومان، مرۆڤ دەتوانێت باس لە زۆر هۆکار بکات. دوژمنایەتی لە دژی کوردان، سیاسەتی پاکتاو، خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ، خواستی لەناوبردنی بزوتنەوەکەمان، شکستی ئەوان لەبەرامبەر گەریلا لە شەڕدا و هتد.. زۆر هۆکار هەیە. بەڵام پەیوەندی ئەو کردەوە و مامەڵەکردنانە لەم ئاستەدا بە هەڵبژاردنی داهاتووەوە هەیە. لەبەر ئەوەی رژێمی ئێستا لە زۆر بابەتدا بەتایبەتی لە سیاسەتی ناوخۆیی و ئابوریدا لە زۆر بواردا شکستی هێناوە، تاکە رێگەی درێژەدان بە مانەوەی خۆی لە زیاتر کردن و برەودان بە دەماری شۆڤینیزمی تورکیا دەبینێت و بۆ ئەوەش دەیەوێت شەڕ بە گوڕتر بکات و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان شکست بدات. لەبەر ئەوەی ئەم حکومەتە وەک رژێمی شەڕ دەسەڵاتی خۆی درێژە پێبدات، دەبێت بە شێوەیەک لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت.
رژێم هەرچییەکی کرد هەر نەیتوانی بگاتە ئەو ئەنجامەی کە خوازیاری بوو
لە بنەڕەتدا، بەرنامەی هەڵبژاردن هەندێکیش بە پێی ئەنجامەکانی هێرشەکان یەکلایی دەبێتەوە. خۆی لە خۆیدا پلانی تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی و خلوسی ئاکار ئەوەبوو کە لەو هێرشەی لە شوباتی ٢٠٢١ لە گارە دەستیان پێکرد بگەیشتنایە ئەنجام و لەسەر بنەمای 'سەرکەوتن' کە لەوێ بەدەستیان بهێنایە، هەڵبژاردنی پێشوەختیان ساز بکردایە. بۆ ئەمەش دەستیان دایە ئەو قۆناغە و چەکی کیمیاییان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بەخێرایی بگەنە ئەنجام. بەڵام سەرباری ئەمەش سەرنەکەوتن. لەو شەڕەی کە ساڵی ٢٠٢١ بەردەام بوو، هەندێک هەڤاڵمان بەو چەکانە شەهیدبوون، بەڵام رژێمی ئاکەپە- مەهەپە هێشتا ئەو ئەنجامەی کە خوازیاری بوو پێی نەگەیشت. لەبەر ئەوە پلانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەڵپەسێردرا. لەگەڵ دەستپێکردنی بەهاری ٢٠٢٢، بە هەمان شێوە لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغە و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی، ویستیان لەماوەی مانگێک دوو مانگدا بگەنە ئەنجام، لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن. بەڵام دیسانیش سەرنەکەوتن. لەبەر ئەوەی سەرنەکەوتن، پلانەکانیان بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەیان لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە جارکی تر پوچەڵ بووەوە. ئەمە لایەنێکی گرنگی رووداوە سەرەکیەکەیە. بە دەربڕینێکی تر، یەکێک لە گرنگرتین هۆکارەکانە کە ئەوان ئامادەن چەکی قەدەغەکراو بە زۆری بەکاربهێنن ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت هێز و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. هەڵبەت ئەو بابەتە دوو دیوی هەیە. یەکەم، سیاسەتی پاکتاوە. دەوڵەتی تورک بەدەستهێنان و پێکانی ئەوە بە گرنگ دادەنێت. دووەمیش، پلانی ئەردۆغانە بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتەکەی. تەیب ئەردۆغان بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە دەوڵەت بەکاردەهێنێت. بەڵام ئەو بەشەی دەوڵەتیش تەیب ئەردۆغان بۆ سەرکوتکردنی بەرخودنای کوردان و بە کاریگەرکردنی قڕکردن بەکاردەهێنێت.
بە قسەکانتاندا ئەو تێگەیشتنە دروست دەبێت کە لایەنی نێونەتەوەییش لەم رووەوە زۆر هاندەرن..
بێگومان. بەتایبەتیش کاتێک کە بینیان بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغە لەلای لایەنە نێونەتەوەییەکانەوە هیچ کاردانەوەیەک بوونی نییە، لەوەوە بوێریان وەرگرت و وایان لێکدایەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر گازی کیمیایی، بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و بۆمبی تەرمۆباریکی بەکاربهێنن و ئەنجامی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنن. هەڵوێستی بێدەنگی رێکخراوە نێەونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان لە سەر ئەو بابەتە بەتایبەتیش پشتیوانی دەوڵەتانی ناتۆ بۆ ئۆپراسیۆنەکانی کۆماری تورکیا و هەندێک دەوڵەت کە ئەو چەکانەیان رادەستی دەوڵەتی تورک کردووە یاخود پێکەوە ئەو چەکانەیان دروست کردووە، بە شێوەیەکی روون هاوبەشی ئەوان لەتاوان ئاشکرا دەکات. بێدەنگی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و هەڵوێستی پشتیوانی دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان لەو بوارەدا هانی دەوڵەتی تورکیدا و ئەوەش دەوڵەتی تورکی شاگەشکە کردووە. لەسەدەی ٢١دا هەموو رۆژێک بە دەیان جار بە ئاشکرا چەک لە دژی شەڕڤانانی ئازادیی گەلی کورد بەکاردەهێنن. ئەو چەکانە بە پێی ئەو پەیماننامانەی کە خۆشیان واژۆیان کردووە قەدەغەن. ئاخۆ رێی تێدەچێت هێزە نێونەتەوەییەکان ئاگاداری ئەوە نەبن؟ ئەستەمە. بێدەنگی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بە تایبەتی رێکخراوی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبڵیو) دەکرێت چۆن شرۆڤە بکرێت؟ ئاشکرایە کە رژێمی شەڕی ئاکەپە-مەهەپە بەو مامەڵەکردنەی هێزە نێونەتەوەییەکان بوێری وەرگرتووە و لەبەر ئەوەی گەلی کورد لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بە بێ ئیرادە دادەنێت، یاسا نێونەتەوەییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە پێشێل دەکات.
هـ . ب