شەنگالییەکان بە مەراسیمێکی جەماوەریی شەهیدەکانیان بەخاکسپارد
فەرماندەکانی یەبەشە لە مەزارگەی شەهید بەرخۆدان و شەهید دڵشێر لە چیای شنگال بە خاک سپێردران.
فەرماندەکانی یەبەشە لە مەزارگەی شەهید بەرخۆدان و شەهید دڵشێر لە چیای شنگال بە خاک سپێردران.
دوێنێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلێکی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)ی کردە ئامانج کە سێ فەرماندە و پێشەنگی جڤاکی ئێزدی تێدابوو. شەهیدانی شنگال شەهید دیندار ئاڤێستا، پیران پیر و چیا فەقیر لە کاتژمێرەکانی بەیانی ئەمڕۆ دوای ڕێوڕەسمی ئایینی گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی خانەسۆر و لەوێشەوە بە کاروانێکی جەماوەریی لە مەزارگەی شەهید دڵشێر و شەهید بەرخۆدان لە چیای شنگال بە خاک سپێردران.
فەرماندە و شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە، ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تاژێ و ڕێکخراوەکانی شەنگال و نوێنەری پێکهاتەی عەرەب هاوشانی بنەماڵەی شەهیدان بەشداربوون، درووشمی "شەهید نامرن" بەردەوام دەگوترایەوە.
بە ناوی فەرماندرایی یەبەشەوە، خەمگین شەنگالی، گوتی: " لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا، فەرماندە و سەرکردە و شەڕڤانانی یەبەشە کرانە ئامانج و شەهید کران. دەوڵەتی تورک و خیانەتکارە پشتیوانەکانی ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان. هەڤاڵ دیندار لەو ڕۆژەوە کە پەیوەندی بە یەبەشە کرد تا ساتی شەهیدبوونی، بە هەموو توانای خۆیەوە ماندوو نەناسانە بۆ جڤاکەکەی کاری دەکرد. لە ڕزگارکردنی کچان و ژن و منداڵ و دایکانی ئێزدیدا ڕۆڵی گێڕا. هاوڕێ دیندار وابەستەی خاکەکەی بوو. هاوڕێ چیا له ڕۆژی په یوەندییەوه تا شەهیدبوونی لەسەر هەڵوێستی فەرمانده و پێشەنگانی جڤاکی ئێزدی ڕۆیشت. هاوڕێ پیران شوێنکەوتووی هاوڕێ پیر چەکۆ بوو. هەروەها بەڵێنی بە پیر چەکۆ دا و پابەندبوو بە بەڵێنەکەیەوە. ئێمە وەک شەڕڤانانی یەبەشە، وەک ڕۆڵەی ئێزیدخان، وەک شەڕڤانی شەهید زەردەشت، پیر چەکۆ و دژوار تا کۆتایی ڕێگای ئەوان دەگرین. تۆڵەسەندنەوەی ئەم شەهیدانە، بەهێزکردنی یەبەشە و یەژەشەیە. هەر بۆیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین بەبێ ترس بەرەنگاری هەموو هێرشەکان ببنەوە. یەبەشە باش دەبینێت کە هێرشی سیاسی و چاندی و سەربازی بۆ سەر جڤاکەکەمان هەیە. بەڵێنمان بە شەهیدانمان و گەلەکەمان ئەوەیە، تا کۆتایی گرێدراوی جڤاکەکەمان و شەهیدەکانمان بین. بە ڕەنجی شەهیدەکانمان بەرەو ژیانێکی شکۆمەندانە هەنگاو دەنێین".
ناڕازیبوون دژی حکومەتی عێراق و خیانەتکاران
بەناوی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانەوە، حەمید بەشیر، گوتی: " حکومەتی عێراقیش شەرمەزار دەکەین. شەڕڤانان و فەرماندەکانمان لە بەردەم خاڵە سەربازییەکانی سوپای عێراق شەهید دەبن. ئێمە ئەوان بەرپرسیار دەزانین لەم هێرشانە".
جێگری هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، دەخیل ئیبراهیم، گوتی: " با دوژمن بزانێت ئێمە بە ٢-٣ شەهید ڕادەست نابین. ئەوان بە ئیرادەی خۆیان، بۆ خاک و شەرەف و ناموسیان شەهید بوون. ئەگەر سەدان کەسیش شەهید بین، سەرمان لە بەردەم دوژمن دانانەوێنین. با دوژمن بزانێت خوێنی ئەو شەهیدانە لەسەر دوژمن قورس دەبێت. با خیانەتکاران بزانن خیانەتەکەیان سەرناکەوێت و خیانەتکاران دەکەون و شکست دەهێنن. گەلەکەمان هێز و ئیرادەی هەیە".
"تۆڵەی شەهیدان دەکەینەوە"
ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی، دایە شەممە، گوتی: " کاتێک شەڕڤانانمان بازگەکانی عێراق دەبڕن، دەکرێنە ئامانج. ئەوانەی پشتگیری ئەم دەوڵەتە خوێنڕێژە دەکەن پێویستە بزانن تۆڵەی شەهیدان دەکەینەوە. با دوژمن باش بزانێت، چەندێک شەهید بدەین، پەشیمان نابینەوە، شانازی بە شەهیدەکانمانەوە دەکەین. ئێمە بە شەهیدەکانمان بەهێزتر دەبین، بەرخۆدان و بەشداریمان زیاتر دەبێت. لەسایەی خودا، تاوس مەلەک، ڕێبەر ئاپۆ، ئاسایشی ئێزیدخان، یەبەشە و یەژەشە، سەردەکەوین، ملکەچی دوژمن نابین. هۆل هۆلا تاوس مەلەک، شەهید نامرن".
سەرەخۆشی گەلی عەرەب
لە مەراسیمەکەدا، پێکهاتەی عەرەب بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو، بەناوی مەجلیسی گەلی عەرەبی شەنگال، خدر ساڵەح، سەرەخۆشی لە جڤاکی ئێزدی کرد، گوتی: "ئەمڕۆ بە مەراسیمێک ماڵئاوایی لە شەهیدەکانمان دەکەین. ئەوان چ گوناهێکیان هەبوو؟ گوناهیان ئەوە بوو، خاک و وڵاتی خۆیان دەپاراست".
خدر ساڵەح لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشانە پێشێلی سەروەریی خاکی عێراقە و دەبێت حکومەتی عێراق رێگەی لێ بگرێت، دووپاتی کردەوە، بۆ پیشاندانی هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ برا ئێزیدییەکانیان هاتوون و سەرەخۆشی لە براکانیان دەکەن.
پاش مەراسیمەکە، شەهید پیران پیر، لەسەر داوای بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی فەقیران بەخاک سپێردرا.
مەراسیمی جەماوەریی شەهیدان بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ" کۆتایی هات.