پەویەندییە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و هەروەها سیاسەتە ناوخۆیەکان تابلۆی رووداوەکانی ٢٠ ساڵی رابردوو دەخەنەبەرچاو. بە دەستگیرکردن، زیندانیکردن، رفاندن و کوشتن زۆر بەشی کۆمەڵگا بە تایبەتی رۆژنامەوانان و رۆشنبیران رووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە. پەدەکە کە بە هۆی سیاسەتەکانیەوە لە دەرەوە وەک "هێڵی خیانەت" ریسوا بووە، لە ناو خۆیشیدا وەک "رژێمی سەرکوت" پێناسە دەکرێت.
پەدەکە کە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئیتر ناتوانێت باشووری کوردستان بەڕێوەببات، ئەو شتانەی لە پشت پەردەوە ئەنجامی داون یەک بە یەک ئاشکرا دەبن. یەک لەوانەش بەسەرهاتی ئەندامی پێشووی پاراستن و دەزگای هەواڵگری پەدەکە شێروان سەعید یوسف حاجییە.
حاجی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لەو ئەشکەنجانە دەکات کە لە ١١ ساڵ و پێنج مانگدا لە زیندانەکانی پەدەکە بینیویەتی، ئاماژە بە کردەوەکانی پەدەکە و پاراستن، گەندەڵی و ئەوەی کە چۆن پەدەکە ئەندامانی داعش لە بەرامبەر پارە ئازاد کردووە و هەروەها بەسەرهاتی رادەستکردنی بە تورکیا ئاشکرا دەکات.
'سەرەتا بوومە پێشمەرگە'
حاجی ئەوەی خستەڕوو، خەڵکی گوندی سیارێی ناوچەی سەرسنگی دهۆکە و لە عەشیرەتی بەرواریە. حاجی ئاماژەی بەوەکرد کە تائێستاش باوکی بە ناوی سەعید سمێڵ بەرپرسی پاسەوانەکانی نیهاد بارزانی برای سەرۆکی پەدەکە مەسعود بارزانیە و وتی، لە ساڵی ١٩٥٧ەوە بنەماڵەکەی گوندی خۆیان جێهێشتووە و روویان کردووەتە ناوچەی بارزان. حاجی ئەوەشی خستەڕوو، کە لە بارزان لەگەڵ شێخ عوسمان بارزانی ماونەتەوە و لە کاتی ئاشبەتاڵیشدا بنەماڵەکەیان چوونە ئێران و لە ساڵی ١٩٧٦ لە ئێران لەدایکبووە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "ساڵی ١٩٩١ لەدوای راپەڕینی گەل لە دژی رژێمی سەدام حسێن، هاتووینەتەوە و لە ناوچەی هاوینەهەواری سەلاحەدین نیشتەجێبووین. تائێستاش بنەماڵەکەم لەوێ دەژین. هەر لەو ساڵەدا منیش بوومە پێشمەرگە و شەش ساڵ پێشمەرگایەتیم کرد".
لەناو پاراستنیشدا کاری کردووە
حاجی ئاماژەی بەوەکردووە، کە دواتر چووەتە ناو پاراستن کە دەزگای هەواڵگری پەدەکەیە و وتی، ٨ ساڵ لەوێ کارم کرد. حاجی رایگەیاند، کە لەناو پاراستندا ئەرکی جیاجیای لە ئەستۆدا بووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە پاراستن دابڕاوە و وتی، لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە هەولێر لەلایەن پەدەکەوە زیندانی کراوە. حەجی رایگەیاند، کە لەو کاتەی زیندانی کراوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پەدەکەدا نەبووە و بەم جۆرە دوا: "هەرکەسێک رەخنە لە پەدەکە بگرێت یاخود راستی ئەوان لە باشووری کوردستان بخاتەڕوو، پەدەکە دەتوانێت بە هەر بیانوویەک بیگرێت و راپێچی زیندانی بکات. زۆرینەی ئەو مرۆڤانەی کە دەستگیردەکرێن تۆمەتی سیخوڕیان ئاراستە دەکرێت، یان بە هاوکاریکردنی پەکەکە یاخود بە ئەندامبوون لە یەنەکە تۆمەتباریان دەکەن. ئەگەر پەدەکە بیەوێت کەسێک بگرێت، زۆر تۆمەتی بۆ ئامادە دەکات و ئەوە بە بێ دادگا و دۆخی دادوەری ئەنجام دەدات، لە دۆسیەکەی ئێمەشدا ئەوە روویدا".
'سەرەتا منیان گواستەوە بۆ مەسیف'
حاجی باسی لەوەکرد کە کاتێک گیراوە بردوویان بۆ زیندانی مەسیفی هەولێر و وتی، "لە نیوە شەودا لە هەولێر چەکیان خستە سەر سەرم و منیان گرت. دواتر منیان برد بۆ پاراستن، کە لە مەسیف بوو. وەیسی بارزانی کوری مەسعود بارزانی هات و تورەکەی خستە سەرم. دواتر منیان برد بۆ شوێنێکی دوو نهۆمی. ئەوان لە نهۆمی خوارەوە دەمانەوە. نهۆمی سەرەوەیان وەک شوێنی ئەشکەنجە بەکاردەهێنا. ماوەی دوو مانگ و ٨ رۆژ لە زیندانی مەسیف ئەشکەنجەکرام. دوای دوو مانگ چاویان بەستم و منیان برد بۆ شوێنێکی دیکە. لەو شوێنە وەیسی بارزانی، سیداد بارانی برای مەسعود بارزانی، نەزهەت حالی دۆڵەمەری، بەرەوان بارزانی کوڕی زوبەیر بارزانی و بەرپرسی ئاسایشی گشتی مستۆ سەمەد هەبون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ من دەکرد. یەک لە پرسیارە سەرەکیەکەیان ئەوەبوو کە کۆسرەت رەسوڵ چ فەرمانێکی بە من کردووە. هەڕەشەیان دەکرد کە ئەگەر نەیدرکێنم دەستدرێژی دەکەنە سەر هاوسەرەکەم. من بەوانم وت کە ئێوە ئەندامی پارتی (پەدەکە) نین ئێوە ئەندامی بەعسن. کاتێک بەوانم وت ئێوە کورد نین، بە زلە لێیان دام".
دڕندەیی لە سپیلک!
حاجی باسی لەوەکرد، کە دوای زیندانی مەسیف ئەویان بردووە بۆ زیندانی سپیلک لە ناوچەی بارزان و وتی، هەردوو شوێنەکە نافەرمین. حاجی ئاشکرای کرد کە ئەو شوێنانە بە باشی نەناسراون و وتی، "شەش ساڵ لە زیندانی سپیلک بووم. لەوێ لە ژوورێکدا کە نزیکەی یەک مەتر دەبوو راگیرام. کارەبا نەبوو و جار جار نان و ئاویان پێنەدەدام. زۆر جار نانی وشکی کۆن و پەنیری بەسەرچوویان پێدەداین. زیندانی سپیلک شوێنێکی زۆر خراپ و تۆقێنەربوو. خۆی لە خۆیدا ئەوەی دەچووە ئەوێ وەک مردوو دادەنرا. ئەشکەنجەی بەو جۆرەیان بەکاردەهێنا کە بە سەرپێوە خۆگرتن بوێری دەویست. زۆرکەس بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە کوژران. گۆشتی مرۆڤەکانیان دەخستە بەر پلایس. ژێر نینۆکەکانیان دەرزی ئاژن دەکرد. یاخود دەستی مرۆڤەکانیان لە پشتەوە دەبەستەوە و بۆ چەند کاتژمێر بەو جۆرە رایاندەگرتن. بە ئەشکەنجەی بەو جۆرە بە دەیان کەسیان کوشت و وەک خۆکوشتن رایانگەیاندن. ئەو ئەشکەنجانە نەک هەر لە سپیلک بەڵکوو لە زۆر شوێنی دیکە دەکران. ناکرێت بۆ کەس باس لەو ئەشکەنجانە بکرێت. گوایە کەسانێکی سەر بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەهاتن، کە ئەوانیس سەر بە خۆیان بوون".
دوای مانگرتن لە خواردنی بێکۆتایی (رۆژووی مردن) ئازادکرا
حاجی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو ئەشکەنجانەی دەکران زۆر دژواربوون و وتی، لە کۆتاییدا دەستی بە رۆژووی مردن کردووە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا، " هۆکاری ئازادکردنم ئەوەبوو کە دەستم بە رۆژووی مردن کرد و ٣٣ رۆژ بەردەوام بوو. یان دەمردم یان دەبوو ئازادم بکەن. چەند شاندی مەسعود بارزانی هاتن و هەوڵیاندا قایلم بکەن بە شکاندنی مانگرتنەکەم، بەڵام قەبوڵم نەکرد. زۆر شێووازیان تاقیکردەوە، بەڵام من دەستم لەو هەڵوێستەم هەڵنەگرت. لە کۆتایی مانگدا دووبارە منیان بردەوە بۆ پاراستن لە مەسیف. دوای رۆژێک بانگی باوکیان کردم و مەسرور بارزانی بە باوکمی وتبوو، 'برۆ کوڕەکەت ببەرەوە'. لە کاتی ئازادکردنیشمدا هەڕەشەیان لێکردم کە ئەگەر بچمە ناو یەنەکەوە دەمکوژن. باوکم منی بردەوە بۆ ماڵەوە. لە ١٣٠ کیلۆگرامەوە کێشم بۆ ٤٨ کیلۆ دابەزیبوو".
دووەم دەستگیرکردنەوە و رادستکردنی بە تورکیا
حاجی باسی لەوەکرد کە بۆ دووەم جاریش لە ساڵی ٢٠١٧دا زیندانیکراوە و وتی، ئەم جارە تا ساڵی ٢٠٢٢ لە ژێر دەستی ئەواندا بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای ئازادبوونیەوە تا ئەو کاتەی بۆ دووەم جار دەستگیرکراوە بە دەست ئاسەواری ئەشکەنجەکان ناڵاندوویەتی و تائێستاس ئەو دۆخە بەردەوامە، سەرباری ئەوە پەدەکە جارێکی دیکە خستوویانەتەوە ناو زیندان. حاجی هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە کاتێک دوای ٥ ساڵ ئازادکراوە، قۆناغەکە بەم جۆرە تێپەڕیوە: "ئەمجارەیان لە شوێنی ئاسایشی گشتی زیندانی کرام. کاتێک ئازادکرام لەگەڵ بنەماڵەکەم منیان نارد بۆ تورکیا. بەو پاسپۆرتانەی پێشتر ئامادەیان کردبوو ئێمەیان نارد. نزیکەی شەش مانگ لەوێ مامەوە. منیان بردە ئیستەنبوڵ. بەرپرسی پاراستن وتی، کە بە سێ مەرج ئازادم دەکەن؛ یەکەم لە باشووری کوردستان نەژیم، دووەم لەگەڵ کەناڵ و ئاژانسەکان قسە نەکەم، سێهەم بەهیچ جۆرێک پەیوەندیم بەو ئەندامانەی بنەماڵەکەمەوە نەبێت کە کار بۆ ئەوان دەکەن. بەتایبەتی وتیان کە نابێت پەیوەندی بە باوکمەوە بکەم. شەوێک من و هاوسەر و منداڵەکەمیان بە فڕۆکە بردە ئیستەنبوڵ. لەوێش میت چاودێری دەکردم. لە رێگەی یاساوە دەستیان بە سەر موڵک و ماڵەکەمدا لە هەولێر گرت. لە هەواڵگرییەوە بگرە تا ئاسایش هەموو مرۆڤەکان ورد و خاش دەکەن. بەم جۆرە خراپەکاری زۆر دەکەن. بنەماڵەی بارزانی لە باشووری کورد هیچ شتێکیان بە ناوی ژیان لە باشووری کوردستان نەهێشتووەتەوە". حەجی وتی کە دواتر رێگەیەکی دۆزیوەتەوە و لە تورکیا هەڵاتووە و چووەتەوە بۆ باشووری کوردستان.
'ئاسایشی گشتیی پەدەکە ناوەندێکی گەندەڵی و خراپەکارییە'
حەجی هێمای بۆ ئەوەیکرد، کە لە ئاسایشی گشتیی پەدەکە ژمارەیەکی زۆر خراپەکاری و گەندەڵی گەورە دەکرێن و ئاسکرای کرد کە داعشەکان لەوێ بە پارە ئازاد دەکرێن. لەو بارەوە وتی، "لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە ژمارەیەکی زۆر داعشی بەردران. ئەندامێکی داعش دوای ١٨ مانگ مانەوە لە زیندان لە بەرامبەر ٣٠ هەزار دۆلار ئازاد کرا. هەروەها ئەندامێکی داعش کە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە هەولێر نێردرابوو، دوای ١٣ مانگ مانەوەی لە زیندان لە بەرامبەر ٥٠ هەزار دۆلار ئازادکرا. ئەوانە بە وگێرەی چی دەکرێن، چۆن روودەدەن!. هەروەها بەپرسێکی باڵای داعش لەو زیندانەبوو کە منی تێدابوون. دوای ١٦ مانگ لە بەرامبەر ٤٠ هەزار دۆلار ئازاد کرا. ئەو ئەندامەی داعش بۆ خۆی ئەمەی بە من راگەیاند. بە سەدان نمونەی بەو جۆرە هەیە. هەموو ئەوانەش تائێستا بە شێوەی جیاجیا بەردەوامن. ئاسایش بووەتە ناوەندێکی گەندەڵی".
سەردەشت عوسمان لەلایەن مەسروربارزانیەوە کوژرا
حەجی سەرنجی راکێشا بۆ سەر تیرۆرکردنی رۆژنامەوان سەردەشت عوسمان لە ساڵی ٢٠١٠ و وتی، "سەردەشت عوسمان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە کوژرا. سەردەشت لەبەر ئەوەی لە نوسراوێکیدا رەخنەی لە بنەماڵەی بارزانی گرتبوو، رفێندرا و تیرۆرکرا. تەرمەکەشی لە نزیک موسڵ دۆزرایەوە. بەهۆی کوشتنی ئەوەوە کەسێکیان گرت. بەڵام ئێمە باش دەزانین کە مەسرور بارزانی ئەوی کوشت. بنەماڵەی سەردەشت عوسمانیش ئەوە دەزانن. بەم جۆرە بە دەیان کەسیان کوشتووە".
' بەر لەوەی بگیرێم، شایەتی ئەو ئەشکەنجانەبووم'
حاجی ئەوەی خستەڕوو، کە ئەشکەنجە و کوشتنی بەم جۆرە، نەک هەر لە ماوەی زیندانیبوونی، بەڵکوو ئەو کاتەشی کاری بۆ پەدەکە دەکرد و لە ئاسایشەوە تا پاراستن شایەتی زۆر کردەوە و پێشلێکاری پەدەکە بووە لە زیندانەکان. حاجی ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک جار دژی ئەوە وەستاوەتەوە و بەم جۆرە دوا: "لە ناوەندەکانی پاراستن کارەبایان لە جەستەی زۆر کەس دەدا و بەم جۆرە ئەشکەنجەیان دەکردن. زیندانەکان بەم جۆرە شوێنێکی تۆقێنەربوون. ئێمە ١٦٧ کەس بووین لە شوێنێکی ٦٠ مەترسیدا. ئەو کاتەی ئەندامی پاراستن بوون. دەمبینی کە لە ژووری لێکۆڵینەوە زۆر کەس ئەشکەنجە دەدران. لێدانیش جۆری دیکەی ئەشکەنجە بوو. زۆر جار ئەوەم بینی. زۆر جاریش هەوڵم دەدا رێگرییان لێبکەم، بەڵام دووبارەیان دەکردەوە".
هـ . ب