لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی راوینی کەناڵی ئاریەن تی ڤی زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) باسی لە دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆردومانەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان و راپەڕینی سەرتاسەری لە رۆژهەڵات و ئێران کرد.
هاوسەرۆکی پەژاک لەم گفتوگۆیەدا ئاماژەی بەوەکرد، کە شاندی کۆمیتەی رێگری لە ئەسکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) کە سەردانی ئیمراڵی کردووە لەم دوایەدا، بەڵام راپۆرتەکەی تەنیا بە دەوڵەتی تورک راگەیاندووە و وێڕای دەربڕینی رەخنە و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر سی پی تی رایگەیاند: پێویستە ئەو دامەزراوەیە بەمەبەستی رێگری لە ئەشکەنجە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک وتەکانی رێبەری گەل کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بەبیرهێنایەوە، کە باسی لەوەکردبوو سەرجەم پەیماننامە و یاساکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ لەبارەی ئەوەوە هەڵوەشێنراونەتەوە و پێشێلکراون. ڤەژین وتی، ئامانج لەو سیاسەتەی دژی رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکرێت ئەوەیە کە گەلی کورد ناچار بە چۆکدادانبکەن. کورد و دۆستانی لەسەرتاسەری جیهان دەتوانن لە رێگەی تێکۆشانەکانیانەوە کۆتایی بە گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی بهێنن.
هاوسەرۆکی پەژاک لە بەشێکیتری قسەکانیدا بۆردومانەکانی سەر رۆژئاوای کوردستانی شەرمەزر کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ئەو بۆردومانانە رایەگیاند، کە دەوڵەتی تورک بە درۆ تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵی خستە ئەستۆی کوردەوە، بەڵام کوردەکانی هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مەدەنییەکانی تورکیا نییە و لایەنگری پێکەوەژیان و برایەتی گەلانن. زیلان ڤەژین باسی لەوەشکرد، ماوەیەکی کەم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە تورکیا ماوە و دەوڵەتی تورک لە داگیرکردنی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا گەیشتووەتە بن بەست، ئەمەش لە کاتێکدا پێویستی بەوەیە بگاتە ئەنجام، هەر بۆیەشە کوردەکان دەکاتە ئامانجی کۆمەڵکوژی. ڤەژین بێدەنگی وڵاتانی ناتۆی وەک خەڵات و هاندانێک بۆ دەسەڵاتی ئاکەپە ناوبرد، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کردەوە دڕندانەکانی. زیلان ڤەژین جەختیشی کردەوە، کە ناتۆ شکستی دەوڵەتی تورک بە شکستی خۆی دادەنێت.
هاوسەرۆکی پەژاک لەبارەی سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش وتی، ئەو خوێنەی کە رژاوە بەیڕۆ ناچێت و دواجار ئاوات و ئامانجی ئەو شەهیدانەی هاتنە سەر شەقامەکان دێتەدی. هاوکات هۆکاری سەرکەوتنی جوڵانەوەکەشی بۆ پێشەنگایەتی ژنان گەڕاندەوە و وتی، هۆکاری ئەو پێشەنگایەتییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە هەمووان دەچەوسێنەوە و ستەمیان لێدەکرێت. ژنان کۆت و بەندەکانیان پساندووە و هاتوونەتە گۆڕەپانەکان. زیلان ڤەژین رۆڵی گەنجانیشی هاوشێوەی رۆڵی ژنان بە گرنگ و بەرچاو ناوبرد و وتی، "ئەوەی روودەدات لە سەرووی رووخاندنی سیستم، شۆڕشێکی هزری و ئەندێشەیە. هاوسەرۆکی پەژاک ئەوەشی خستەڕوو کە دەکرێت هەموو سیستمێک بڕوخێندرێت، بەڵام ئەگەر ئەندێشەکان و بیرکردنەوەکان نەگۆڕدرێن ناتواندرێت سیستمێکی دیموکراتیک لە بری ئەو سیستمە جێگیر بکرێت. هەر بۆیە ئەو شۆڕشە هزرییەی لە ئێران لە ئارادایە گرنگە.
هـ . ب