عومەر ئۆجالان: پەیوەست بە دەم پارتی سەرۆک گوتی 'پارتی خوشک-برایەتی گەلی کورد و تورکە'

عومەر ئۆجالانی پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی کە لە جەژنی قورباندا دیداری ڕێبەر ئاپۆی کرد، ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ دەم پارتی بە پارتی خوشک-برایەتی نێوان گەلی کورد و تورک ناوهێناوە و ئەمەش بەمانای نوێکردنەوەی هەموو شتێک دێت.

بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە عومەر ئۆجالانی برازای ڕێبەر ئاپۆ و پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی لەگەڵ عەلی ئۆجالانی پورزایی و دوو کچەکەییدا کە دەکاتە نەوەی فاتیمە ئۆجالان، سەردانی ڕێبەر ئاپۆییان کرد. لە بارەی دیدارەکەیەوە عومەر ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و گوتی: "سەرۆک مانایەکی جیاواز دەداتە دەم پارتی، هەروەها زۆر بە گرنگ لەو کۆمیسۆنە دەڕوانێت کە بڕیارە لە پەڕلەماندا درووست بکرێت."

'سەرۆک زۆر بە مۆراڵ بوو، پێنوسێکی پێشکەشی من و منداڵەکان کرد'

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد دیدارەکە زیاد لە کاتژمێرێکی خایاند و زۆر بەباشی تێپەڕی و دەسنیشانی کرد مۆراڵ و ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ زۆر باش بووە. عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند بۆیەکەمجارە ڕێبەر ئاپۆ عەلی ئۆجالانی خوشکەزای و دوو منداڵە کچەکەی دەبینێت و گوتی: "سەرۆک پێنوسێکی پێشکەشی من و منداڵەکان کرد. سەرۆک جەختی لەوەکردەوە دەبێت منداڵان ئیرادەیەکی ئازادیان هەبێت. داوای لە منداڵەکان کرد بەهێزبن."

'زۆر بە گرنگی لەو کۆمیسۆنە دەڕوانێت کە لە پەرلەمان درووستدەکرێت، دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کۆببێتەوە'

عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆی مامی باسی دەم پارتی و ئەرکەکانی کردووە و گوتی، "سەرۆک مانایەکی جیاواز دەداتە دەم پارتی. دەڵێت دەم پارتی بە تەنها پارتێکی کوردان نییە، بەڵکو پارتی خوشک-برایەتی نێوان گەلی کورد و تورکیشە. باسی پارادایمێکی نوێی کرد، کە بە گوێرەی سەدساڵی دووەمینی کۆماری تورکیایە. پارادایمێک کە نیشانی دەدات گۆڕان مەرجێکە بۆئەوەی کورد و تورک ئەم بنبەستە تێپەڕێین. ئەمەش بە مانای نوێبوونەوەی هەموو شتێک دێت. لەبەرئەوەی ئەم سیستەمی ئێستای تورکیا بەسەرچووە. هەروەها سەرۆک زۆر بە گرنگییەوە لەو کۆمیسۆینە دەڕوانێت کە بڕیارە لە پەرلەمان درووست بکرێت، دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کۆببێتەوە و پەیوەست بە پرۆسەکەوە ڕاوێژ بکات."