هەوڵە مەترسیدارەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکە

نابێت جارێکی دیکە ڕێگە بە داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی خاکی کوردستان بدرێت. پێویستە ڕووبەڕووی داگیرکاری نوێی دەوڵەتی تورک ببینەوە و لە دژی هەڵوێستی هاوبەشی و هاوکاری پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک کاردانەوەمان هەبێت.

هەوڵە مەترسیدارەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکە

کێشە مێژووییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێدراوی ململانێ، گرژی و شەڕە. ململانێ بۆ سەروەری نێوان زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتە هەرێمیەکان ڕەهەندی نوێ وەردەگرێت و قووڵتر دەبێتەوە. ئەو وڵاتە پێشەنگانەی سوود لەم شەڕانە وەردەگرن، یەکێکیان تورکیە و دەسەڵاتەکەی ئەردۆغانە. بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی بۆتە سیاسەتێک کە سوود لەو ژینگە پڕ لە ئاڵۆزە و دەرفەتی لێدەبینێ. داگیرکردنی خاکی سوریا و عێراق و هەبوونی تورکیە لە لیبیا ڕێک بەم جۆرە هەلپەرستیانەوە هاتووتە پێش. لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیادا، تورکیا کە ئەرکی بێلایەن و ئاشتەوایی دەنوێنێ، هەوڵ دەدات سوود لە هەردوو وڵات وەربگرێت. لە کاتێکدا پێدەچێت پاڵپشتی حەماس بکات لە شەڕی غەززەدا، بەڵام پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییە جۆراوجۆرەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا درێژە پێدەدات .

دەستکاریکردنی بێباکانە و دەستێوەردانەکانی تورکیا لە شەڕەکان و هاوسەنگیی دروستکراوی شەڕەکان، ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا تێچووی زۆری لێدەکەوێتەوە. چونکە تورکیە ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر جیددی بووەتەوە، بەتایبەتی لە بواری ئابوریەوە. کۆمەڵگای تورکیا و کورد وەڵامی ئەو کێشانەیان دایەوە کە ساڵانێک بوو پەردەپۆش کرابوو. بە سزادانی دەسەڵاتدارییەکەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکانی ٣١ی ئاداردا پێگەی ئەردۆغانیان کورتکردەوە.

تورکیا و دەوڵەتەکەی ئەردۆغان نەک تەنها لە ڕووی قەیرانی ئابووری بەڵکوو لە سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسییشدا ڕووبەڕووی داڕمانێکی جددی بوونەتەوە. پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ ڕووسیا و ئێران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا ناسەقامگیری تێکەوتووە.

حکومەتی تورکیا و دەوڵەتەکەی ئەردۆغان شەڕێکی نوێ و گەورەتر بە تاکە ڕێگا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیران و بەربەستە دەزانن. ئامانجی ئەردۆغان و ئاکەپە، گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی کوردستانە. لەسەر بنەمای ئەم عەقڵیەتە، هەرچی تێچووی هەبێت، دەیەوێت ئیرادەی کورد بشکێندرێت و تەڤگەری ئازادیی کوردستان بۆ هەمیشە لەناو بچێت. ئێستا هەموو هەوڵ و توڕەیی و داوای ئەردۆغانی فاشیست و حکومەتی ئاکەپە بە تەواوی لەگەڵ ئەم ئامانجەدا ڕێک دەکەون.

هەروەها پێویستە ئەو گەشتانەی بۆ بەغدا و هەولێر ئەنجام دراوە، لەم ڕوانگەیەوە هەڵسەنگێندرێت. ئەردۆغان زۆر باش کێشە سەرەتاییەکانی بەغدا دەناسێت. کێشەی گەورەی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و کێشە لەگەڵ حکومەتی باشور کوردستان کێشە سەرەکییەکانی بەغدان. دەوڵەتی داگیرکەر و قرکەری ئاکەپە پەیوەندی بە هەموو ئەم کێشانەوە کە عێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە، تووشی دەبێت. بە پرۆژەی ڕێڕەوی وزە، هەوڵ دەدات عێراق هان بدات و تەنانەت ناچاریشی بکات لەگەڵ تورکیادا لە پەیوەندیدا بێت. بە دەستپێکردنەوەی بازرگانی نەوت، دەیەوێت کێشەکانی نێوان بەغدا و باشور کوردستان ئاڵۆزتر بکات. هەروەها لە هەوڵی بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسی عێراقە، بەهۆی ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ پەدەکە و تورکمانە سوننەکان دروستی کردووە، هەوڵ دەدات داواکارییەکانی عێراق زیاتر بکات و لەسەر پرسی ئاو ئیمتیاز بەدەست بهێنێت. ئەوان دەڵێن ئەگەر عێراق ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر پەکەکە بگرێتەبەر، ئەوانیش لە بەرامبەردا دەتوانن لە هەموو شتێکی خۆیان خۆشبن.

گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی زۆر لەسەر دانوستان و ڕێککەوتنەکانی ئەردۆغانی فاشیست لە بەغدا کراوە. پێدەچێت بەغدا زۆر ئیمتیازاتی بە ئەردۆغانی فاشیست و قڕکەر دابێت. ڕەنگە هەندێک لەو بابەتانە بە تەواوی لە بیروڕای گشتیدا باس نەکرابێت و هەندێکیشیان بە نهێنی مابێتەوە. جگە لەوەی پەکەکە و کورد دەیانەوێت حکومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕوون بکاتەوە.

ئەگەر عێراق له گەڵ ئەردۆغانی فاشیست ڕێککەوتبێت که سوپای تورکیا هێزەکانی له ناو عێراقدا بهێڵێتەوه و به قوڵایی 40 بۆ 50 کیلۆمەتر له ناو خاکی عێراقدا دەست بە هێرش بکات، بێگومان ئەمە دۆخێکی جدییه. پەکەکە پێدەچێت ئەم دۆخە هەڵبسەنگێنێت. دووەم: ئەگەر عێراق وەک باس دەکرێت ژوورێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەدژی گەریلاکانی ئازادی کوردستاندا دروست بکات، دۆخەکە زۆر مەترسیدارتر دەبێت. هەروەها باس لەوەش کراوە کە جێگری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێنمایی، فەرمانێکی سەبارەت بە پەکەکە ئامادە کردووە و بۆ سەرجەم یەکە پەیوەندیدارەکانی عێراق و باشووری کوردستان ناردووە. لەم ڕێنماییەدا هاتووە کە پەکەکە بە هیچ هۆکارێک نابێت هیچ چالاکییەکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی لە هیچ بەشێکی خاکی عێراق (بە باشووری کوردستانیشەوە) ئەنجام بدات. لەم ڕێنماییەدا داوا دەکرێت ڕێگری لەو جۆرە کردار و چالاکییانە بکرێت.

هەروەها به نهێنی هەواڵ له بارەی جێگیرکردنی هێزەکانی سنوور له ناوچەی پێنجوین و ئاسۆس هەیە کە عێراق خۆی بۆ ئەم کاره ئاماده دەکات. جێگیرکردنی هێزەکانی سەر سنووری عێراق لەسەر سنووری تورکیا و سوریا بەتایبەتی لە ناوچەی بادینان و ئەوەی کە هێزەکانی پەدەکە لە دۆخێکدایە کە کارئاسانی بۆ حکومەتی داگیرکەری تورک دەکەن بە ئاڵای عێراق، ئەمانە هەموو دەبێتە هۆی دروستکردنی دۆخێک کە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە.

هەرچەندە لە هەموو ئەو بابەتانەدا گوشارێکی زۆر لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) هەیە، بەڵام ناتوانرێت بگوترێ کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاستەوخۆ و تەواو دەستی لەم پلانەدا هەیە. پێدەچێت یەنەکە سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە بەبێ ڕووبەڕوو بوونەوە دۆخەکە بەڕێوە ببات.

ڕەنگە ئێران بیەوێت بەشداری لەو سیاسەتانەدا بکات کە خزمەت بە بەهێزکردنی حکومەتی تورکیا و بەدەستهێنانی دەستپێشخەرییەکی زیاتر لە ناوچەکەدا بکات. بەڵام ڕەنگە لەسەر ئەو مەسەلەیە بە ئاسانی و بەبێ کێشە لەگەڵ حکومەتی تورکیا ڕێکبکەون کە سوپای عێراق کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو سنوورەکانی عێراقدا ببێت. بۆیە ڕەنگە ئێرانیش لە گەمارۆدانی تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا بەشداری و ڕۆڵی تایبەتی هەبێت. بەپێی پێشهاتەکان، ئەم جۆرە ئەگەرانە دەکرێ لەبەر چاو بگیردرێت. ئەوەی لێرەدا دیارە بێگومان نەبوونی هۆشیاری و ئیرادەیە لە عێراقدا. سەرەتا پێویستە حکومەتی عێراق بزانێت کاتێک دەوڵەتی تورک بەهەر هۆکارێکەوە بچێتە ناو خاکی وڵاتێکەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە داگیرکراوە و ناچێتە دەرەوە. ئەمە لە قوبرس و لیبیا و سوریا ڕوویدا. چل ساڵە لە عێراقدایە کە بە ئاسانی هاتۆتە ناو خاکی عێراق و بەبێ هیچ کێشەیەک بەردەوامە لە داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنەکانی. ئێستا زیاتر لە ٥٠ بنکەی سەربازی لە خاکی عێراق کردووتەوە، بەتایبەتی لە موسڵ و بەعشیقە (کە گەریلای ئازادی کوردستانی تێدا نییە). هەزاران هێزی سەربازی لەم بنکانەدا دەمێننەوە. بێگومان ئەم دۆخە نابێ بۆ وڵاتێکی وەک عێراق قبوڵکراو بێت. چونکە لێرەدا، زیاتر لە هەڕەشە و داگیرکاری بۆ سەر خاکی عێراق، بەم هێرشانە سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن. سەرەڕای ئەمەش ئەگەر حکوومەتی عێراق ڕاست بکات و لەم ئاستەدا لەگەڵ حکومەتی تورکیا ڕێککەوتنی هەبێت، ئەمە لەگەڵ ئەخلاق و کەرامەتی وڵاتێکی سەربەخۆدا ناگونجێت. عێراق لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە هەموو توانایانەوە ڕووبەڕووی تاوانبارانی فاشیستی داعش بوونەوە و بەرگرییان لە ئاسایش و بەرژەوەندی کۆمەڵگای عێراق کرد، تێکۆشانیان کرد و باجی قورسیان دا. بۆیە پەکەکە نابێتە هەرەشە و مەترسی بۆ سەر گەلی عێراق یان حکومەتەکەی. گەورەترین مەترسی حکومەتی داگیرکەر و مرۆڤ کوژی تورکیایە کە خاکی سوریا و عێراقی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داگیر کردووە بە درێژایی مێژوو سیاسەتی داگیرکاری جێبەجێکردووە. پێویستە عێراق لە کاتی داڕشتنی سیاسەت و بڕیار سەبارەت بە پەکەکە، ئەم ڕاستیە سەرەتاییانە ببینێت.

هەروەها ڕەۆڵ و بەرپرسیاریەتێک هەیە کە پەدەکە وەک هاوبەشێکی دڵسۆز و ڕاستگۆی دەوڵەتی تورک له و پرۆسەیەدا جێگیرە ئەمەش مایەی شەرمەزارییە بۆ هەموو کوردان.

دۆخی ئێستای پەدەکە زۆر ئاڵۆزە و زۆر مشتومڕی لەسەرە. ئەوە ڕاستییەکە بنەماڵەی بارزانی هەمیشە بەرژەوەندی بنەماڵەیان لە پێش هەموو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان داناوە. ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک یەکدەگرن و پلان و کردەوەی ئاژاوەگێڕانەی نائاسایی دادەڕێژن بۆ ئەوەی پەکەکە و حکومەتی عێراق ناچاری شەڕێک بکەن. پەدەکە دەیەوێت بە بەکارهێنانی ئاڵای عێراق ئەم هاندانە ئەنجام بدات. بەڕوونی لە باشووری کوردستان شەڕی دەوێت. وەک دەزانرێت بەزۆری هەڵبژاردنی پەرلەمان لە مانگی حوزەیران لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. بۆچوونی هاوبەشی هەموو چاودێرانی سیاسی ئەوەیە کە پەدەکە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران تووشی داڕمانێکی گەورە و شکست دەبێتەوە. بەتایبەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی قڕکەری تورک، دوژمنایەتی بێ شاراوەیان لەگەڵ پەکەکە، تێوەگلانیان لە هەموو جۆرە قازانجێکی ئابوری و بەرتیلدا وەک بنەماڵە، خۆشگوزەرانی و خۆنمایشکردنیان بە سەر کۆمەڵگاوە، دروستکردنی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر و تۆتالیتەر لەسەر بنەمای ستەمکاری چەوساندنەوە دامەزراوە، ناوبانگیان لە کۆمەڵگادا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پەدەکە خۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەدوور دەگرێت و ترسی داڕمانی هەیە. هەموو جۆرە ڕێگا و شێوازێکی یاسایی و نایاسایی بەکاردەهێنێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بەپێی یاسای عێراق، ناکرێت هەڵبژاردن لە ژینگەی  شەڕدا ئەنجام بدرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، پەدەکە هەوڵدەدات دۆخێکی نائاسایی و شەڕ لە باشووری کوردستان بخوڵقێنێت وئەم دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی قڕکەر و داگیرکەری تورک، دەیهەوێت لە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان شەڕ دەست پێبکات.

بەشێوەیەکی گشتی پێویستە عێراق لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە بارودۆخ و پێشهاتەکانی ئێستا هەڵبسەنگێنێت و ئەو هەڵەیە نەکات کە لەگەڵ حکومەتی داگیرکەری تورکدا دژی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بەشداری شەڕی کورد بکات.

بەرژوەندییەکانی عێراق و پێویستی بە هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ نیازی به دژایەتی کردنە لە هێرشه داگیرکاڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا له عێراق و باشور کوردستان و نیشاندانی هەڵوێستێکی جددی.

گەلی کورد بە تایبەت باشور لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە و دەرەوەی وڵات و هەروەها پارت و دامەزراوە سیاسییەکان نابێ بێدەنگ و بێ هەڵوێست بمێننەوە. نابێت دووبارە ڕێگە بە داگیرکارییەکانی خاکی کوردستان بدرێت. پێویستە لە دژی داگیرکاری نوێی و هەڵوێستی هاوبەشی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک کاردانەوە نیشان بدرێت.