کۆنفرانسی بنەماڵەی شەهیدان: پێویستە خاوەنداری لە شەهیدان بکەین

فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لە کۆنفرانسی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات گوتی: "ئەرکی بنەماڵەی شەهیدانە، هەرچییەک ڕووبدات، خاوەنداری لە شەهیدان و تەڤگەر و دامەزراوەکانیان بکەن".

کۆنفرانسی بنەماڵەی شەهیدان

نۆیەمین کۆنفرانسی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات بە بەشداری سەدان بنەماڵەی شەهید لە هۆڵی چاند و هونەری باقی خدۆ لە کۆبانێ بەڕێوەچوو.

پاش ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی پێشووی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات عایشە ئەفەندی کردنەوەی کۆنفرانسەکەی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرد و گوتی: "گەلی کورد لە لێواری مردن بوو، بە هاتنی ڕێبەر ئاپۆ ژیایەوە، ئێمە بە ڕۆحی ئاپۆیی بەپێوە وەستاوین".

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی لەڕێگەی بەرنامەی زوومەوە بەشداربوو، مەزڵوم عەبدی دووپاتی کردەوە ئەرکی هەمووانە تا کۆتایی شوێنکەوتەی شەهیدان بن.

مەزڵوم عەبدی: مەترسی داعش بەردەوامە

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند هێرشەکانی قڕکردن بۆ سەر کوردستان درێژەی هەیە و هێشتاش مەترسی داعش بەردەوامە. تیشکی خستەسەر هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ژێرخانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجی لەناوبردنی شۆڕش و داگیرکردنی هەرێمەکە، دووپاتی کردەوە تەواوی هەوڵەکانی داگیرکەران شکستی هێناوە و پووچەڵکراوەتەوە.

مەزڵوم عەبدی دووپاتی کردەوە ئەرکمانە هەتا کۆتایی بۆ گەلان تێبکۆشین و خاوەنداری لە شەهیدان بکەین، گوتی: "ئەرکی بنەماڵەی شەهیدانە، هەرچییەک ڕووبدات، خاوەنداری لە شەهیدان و تەڤگەر و دامەزراوەکانیان بکەن".

پاشان مامۆستا ئاراس حسۆ دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی دەربارەی شەهیدان خوێندەوە. دواتر ڕەوشی ڕێکخستنی بنەماڵەی شەهیدان لە دوو ساڵی ڕابردوو تاوتوێ کرا و چەندین پێشنیار کران.

هاوسەرۆکانی نوێ دەستنیشانکران

پاشان سارا خەلیل و محەمەد بۆزی وەک هاوسەرۆکانی نوێی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان دەستنیشانکران.