شەڕڤان ئاگر و یەعقوب فەلەستین دوو گەریلا لە گەلی عەرەب، لە چیاکانی کوردستان بە ئایدیۆلۆژیای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی داگیرکەران شەڕ دەکەن. شەڕڤانان ئاگر و یەعقوب فەلەستین بەبۆنەی ٢٧ی تشرینی دووەم ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد.
یەعقوب فەلەستین لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ گەیشتووەتە گەلی عەرەب و وتی: "بۆ ئێمە وەک گەلی عەرەب دەڵێم، ئێمە بێ لیدەر و پێشەنگین. بەڵام ئیتر ئێمە لیدەر و پێشەنگمان هەیە. لیدەرمان ڕێبەر ئاپۆیه، ڕاستە گەلی کوردیش بەدیل گیراوە بەڵام ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری هەموومانە. ئێمەش وەک گەلی کورد و گەلی عەرەب بەدیل گیراوین، نمونە گەلی فەلەستینە. وەک گەریلا عەرەبەکان ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئێمە کردووە، هەروەها ئێمه لە پێشەنگی شەهید عەزیز عەرەب هێز وەردەگرین. لەناو پارتیماندا هیچ جیاوازییەک لەنێوان عەرەب و کورددا نییە، کورد و عەرەب، ژنان و گەنجان بۆ یەک مەبەست و ئارمانج تێدەکۆشین نەک هەر لە دژی دەوڵەتی تورک، بەڵکوو لە دژی هەموو ستەمکاران و فاشیستان شەڕ دەکەین. جگە لە پەکەکە پارتێکی تر ناتوانێت بەرامبەر ئەم هێرشە قورس و مەترسیدارانە بەرخۆدان بکات.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر گەلان لە سیاسەتی داگیرکارییدا هاوشێوەی یەکن، ئەم دوو دەوڵەتە جیاوازی لە نێوان گەلان ناکەن. دەوڵەتی تورک لەیەکڕیزیی کورد و عەرەب دەترسێت و پیلانی زۆر دادەڕێژێ بۆ ئەوەی کاریگەری تەڤگەری ئازادی نەگات بە گەنجانی عەرەب، بەڵام ئێستا زۆر هەڤاڵی عەرەبمان لە نێو بزووتنەوەی ئازادیدا بەشدارن. من زۆر دڵخۆش دەبم کاتێک هەڤاڵێکی عەرەب دەبینم. شەڕی ئێمە لە دژی دوژمن بە هەر جۆرە تاکتیک و ڕێبازی کاریگەر بەردەوامی هەیە. هەروەها کاتێک بەشداری چالاکیەکان دەکەم ورەیەکی زۆر وەردەگرم. دەوڵەتی تورک لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە و لە هەر هەڤاڵێکی ئێمە دەترسێت. بۆیە سیاسەتی شەڕی تایبەت پەیڕەو دەکات و هەوڵ دەدات ئەنجام وەربگرێت. تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت کوردستان ئازاد نابێت و گەلانی دیلکراو ئازاد نابن، نە لە فەلەستین و نە لە سوریا و نە لە هیچ شوێنێکی تر گەلان ئازاد نابن. بۆیە دەوڵەت لە ئایدیۆلۆژی ڕێبەرایەتی دەترسێت. بانگەوازی من بۆ هەموو گەنجانی عەرەب ئەوەیە؛ فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بخوێنەوە و تێبگەن، خۆیان لە پیلانەکانی دەوڵەت ڕزگار بکەن، ڕووبکەنە چیاکانی کوردستان و لە ئازادی نزیک ببنەوە.
هەتا پەکەکە هەبێت داگیرکەر سەر ناکەوێت
شەڕڤان ئاگر لە پێکهاتەی عەرەبی منبجە و باسی کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ئازادی کرد و وتی: "کاتێک داعش هێرشی کردە سەرمان، بەسەدان هەڤاڵ لە چیاکانەوە بەرەو پیریمان هاتن. شەڕیان کرد و لێیان شەهید بوون، ئێمە شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵانە و بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من و گەلەکەمان دروستکرد، کاتێک بەشداری بزووتنەوەی ئازادی بووم، من زیاتر لە ڕاستیی ڕێبەرایەتی تێگەیشتم و کردمە ئامانجێک کە لە دژی داگیرکاری شەڕ بکەم و بەشداری تێکۆشان بم. من لە ژیانی گەریلایەتیدا هەرگیز خۆم لەناو بزووتنەوەی ئازادیدا بە غەریب و نامۆ نابینم. من گەریلا وەک ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆم دەبینم. بۆیە من سوورم لەسەر لابردنی هەموو بەربەستەکان و لە ئەرکی هەڤاڵانمدا بەشدار بم."
گەریلا شەڕڤان ئاگر تیشکی خستە سەر ٤٦ ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە و ئاماژەی بە گرنگی بزووتنەوەکە بۆ گەلانی ناوچەکە کرد و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە ئامانجی خۆی. ٤٧ـەمین ساڵی دامەزراندنی پارتیمان لە هەموو کەس پیرۆز بێت. دامەزراندنی پەکەکە سەرەتای تێکۆشانی ئازادی بوو. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ لە ژێر گۆشەگیری ڕەهادا لە پێناو ئازادی گەلاندا تێدەکۆشێت، ئەمڕۆ پەکەکە بە پڕۆژەی نەتەوەی دێموکراتیک بۆتە هیوایەک بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیستەمی دەوڵەت ژنان لەبەرچاو ناگرێ بەڵام بە بوون و تێکۆشانی پەکەکەوە هێز و تێکۆشانی ژنان بە چاوی خۆمان دەبینین پەکەکە بە تێکۆشانی ٤٦ساڵەی خۆی سەرجەم هێرشەکانی پووچەڵ کردەوە. سەرەڕای دەرفەتە کەمەکان، ئێمە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی دەوڵەتی تورک تێکدەشکێنین. هەتا پەکەکە هەبێت، دەوڵەتی تورک هەرگیز ئامانجی خۆی بەدەست ناهێنێت. دەبێت گەنجانی عەرەب ڕێبەر ئاپۆ فکر و فەلسەفەکەی باشتر بناسن و بخوێننەوە و خۆیان بەو پێیە بەڕێکخستن بکەن."