بە دیمەن

باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا: "ژن ژیان ئازادی" قیبلەنمای ئازادیی ئێمەیە

لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و گەرکی لەگی و ڕەقە و تەبقەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕێپێوانی جەماوەری ئەنجامدرا.

بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان لە چەند شارێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوان ئەنجامدرا.

ڕەقە

بە پێشەنگایەتی مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیای کانتۆنی ڕەقە سەدان ژن ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی پردی کۆن لە گوندی کیسرا دەستی پێ کرد، ئەندامانی پارت و ڕێکخراو و دامەزراوەکان بەشداربوون و درووشم و پانکارت بەرزکرانەوە.

ڕێپێوانەکە لە دەروازەی ڕەقە وەستا و خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان پیشاندرا. دواتر ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، "بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، خۆت بپارێزە" کە درووشمی چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە، تەنها درووشمێکی ئاسایی نییە، گوترا: "ئەم درووشمە قیبلەنمای بەدەستهێنانی مافەکانی تەواوی ژنانە".

هەروەها جەختکرایەوە، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێز و ئیرادەیان خۆیان لە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە وەردەگرن.

تەبقە

مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا ڕێپێوانێکی ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە لەبەردەم باخچەی شەهید هەڤرین خەڵەف دەستی پێ کرد و سەدان کەس بەشداربوون.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە گەڕەکی سانی گۆڕا بۆ گردبوونەوە. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان وتەبێژی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیای تەبقە، سەمیرە حەبەش قسەی کرد.

سەمیرە سڵاوی لە بەرخۆدانی ژنانی جیهان کرد، ڕایگەیاند چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت تا کۆتایی هاتنی ستەمی ٥ هەزار ساڵە و بەدیهاتنی دادپەروەری بۆ تەواوی ژنان.

حەسەکە

بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار هەزاران ژن و پیاو ڕێپێوان ئەنجامدرا. نوێنەری پارت و ڕێکخراو و مەجلیس و دامەزراوەکان بەشداربوون.

بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار دیانە ئەل عەبدوڵا ڕایگەیاند فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" بووەتە ناوەندی تێکۆشانی ڕزگاری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەندامی مەجلیسی ژنانی پەیەدە، سەمەر ئەل عەبدوڵا ڕایگەیاند ڕێگە بە پێشێلکردنی مافی ژنان نادەن و بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک تێدەکۆشن.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم بۆ ئازادی و یەکسانی کۆتایی هات.

گەرکی لەگی

کۆنگرەی ستار بۆ هەمان مەبەست لە گەرکی لەگ ڕێپێوانی ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهید خەبات دەستی پێ کرد و تا ناوەندی بازاڕ بەردەوام بوو، لەوێ گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

لەوێ بە ناوی کۆنگرەی ستار و پەیەدە چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

ئەو ژنانە بیرهێنرانەوە لە تێکۆشانی ئازادی ژنان گیانیان فیدا کردووە.

چالاکییەکە بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.

قامیشلۆ

لە شاری قامیشلۆ سەدان ژن و پیاو ڕێپێوانیان کرد. ئەندامانی پارت و ڕێکخراو و دامەزراوەکان بەشداربوون. ڕێپێوانەکە لە چوار ڕیانی عوسمان سەبری دەستی پێ کرد و لە چوارڕیانی شەهید ڕوبار وەستا.

لەوێ بەناوی کۆنگرەی ستارەوە، ئەمینە عومەر دوا، ڕایگەیاند بە ڕێکخستن و تێکۆشانی هاوبەشی ژنان کۆتایی بە توندوتیژی دێت.

بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری تەل حەمیس، تەواوی شەهیدانی ئازادی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند درێژە بە تێکۆشان دەدەن تا کۆتایی هاتنی توندوتیژی.

گردبوونەوەکە بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.