ژنانی ئامەد گوێ بە قەدەغە نادەن: دەنگی "ژن ژیان ئازادی" گەیشتە ئاسمان
هەزاران ژن لە ئامەد چالاکیان ئەنجامدا و گوتیان: "ئەم تاریکییە دەڕەوێنینەوە، بژیان و ئازادی دەپارێزین".
هەزاران ژن لە ئامەد چالاکیان ئەنجامدا و گوتیان: "ئەم تاریکییە دەڕەوێنینەوە، بژیان و ئازادی دەپارێزین".
ژنانی ئامەد بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد (داکاپ) و پێکهاتەکانی تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئامەد، لە چوارچێوەی ٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گۆڕەپانی شێخ سەید کۆبوونەوە. لە ڕێپێوانەکەدا، هاوسەرۆکی دەبەپە چیدەم کیلیچگون ئوچار، سیاسەتمەدارانی کورد گوڵتان کشاناک و ئایلا ئاکات ئاتا، پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانی شارەوانی و هەزاران ژن بەشداربوون.
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ژنە کوژراوەکان و پانکارتی "دژی توندوتیژی پیاو_دەوڵەت، ژن ژیان ئازادی" هەڵگیرا. ژنان گوێیان بە ڕێگری پۆلیس نەدا و بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی ژنان" ڕێپێوانیان کرد.
ڕێپێوانەکە لەبەردەم بیرجێن بزن کۆتایی هات. کاتێ ناوی ژنە کوژراوەکان دەخوێنرایەوە، جەماوەری ژنان بە یەک دەنگ دەیانگوت "لێرەیە".
"دەوڵەت ڕێگە بە توندوتیژی دەدات"
وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی ئامەد، گوڵزار کایا ڕاگەیاندراوێکی بە ناونیشانی "بۆ ئازادیی ژن و ئاشتی کۆمەڵایەتی، ژن ژیان ئازادی" خوێندەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا خوشکانی میرابەل بەبیرهێنرانەوە، گوتی: "توندوتیژی پیاو تەنها لە کاری تاکەکەسی سنووردار نییە. بە سیاسەتی دەوڵەت و سزانەدان و سەپاندنی ئایدۆلۆژیای باوکسالاری ئەم تاوانانە ڕەوایەتییان پێ دەدرێت و ڕێک دەخرێن. دووبارە بەڵێن دەدەین دژی توندوتیژی بە گوتنی "ژن ژیان ئازادی" تێکۆشان مەزنتر بکەین".
دەنگی "ژن ژیان ئازادی" گەیشتە ئاسمان
هەروەها تیشکی خستەسەر چەوساندنەوەی ژنان لە کوردستان و تورکیا و ئەفغانستان و ئێران، گوتی: "لەبەرامبەر ڕژێمە پاشڤەڕۆکاندا، تێکۆشانی ژنان تا دێت مەزنتر دەبێت. دەنگی ژن، ژیان، ئازادی سەرەڕای هەموو قەدەغەکان بەرزدەبێتەوە و دەگاتە ئاسمان".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتەوە توندوتیژی نێو ماڵەکان گۆڕاوە بۆ کۆمەڵکوژیی ڕێکخراو؛ تیشکی خستەسەر کوشتنی نارین گوران کە پاش ١٩ ڕۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە، گوتی: "لە کەسێتی نارین گوراندا، تێکۆشانمان بۆ تەواوی منداڵان فراوانتر دەکەین".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد چارەنووسی ڕۆژین کابایش کە ٢٧ ی ئەیلول بەشێوەیەکی گوماناویی لە وان گیانی لەدەستدا هێشتا ڕوون نەبووەتەوە، گوتی: "وەک تەڤگەری ژنانی کورد هەرگیز دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین دژی ئەو زیهنیەتەی مناڵان دەکوژێت، هەرگیز بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییانە بێدەنگ نابین و تێدەکۆشین".
ژن، ژیان، ئازادی
لە کۆتاییدا گوتی: "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە. تاریکی دەڕەوێنینەوە، ژیان و ئازادی دەپارێزین. بە ڕێز و سوپاسەوە یادی ئەو هاوڕێ ژنانەمان دەکەینەوە لە تێکۆشانی یەکسانی و ئازادییدا قوربانی مەزنیان داوە و ڕێگەی ئێمەیان ڕووناک کردەوە و هێزیان پێ بەخشین، پێکەوە هاوار بۆ تێکۆشانی هەبوونی خۆمان دەکەین، ژن ژیان ئازادی!".