لە دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە کۆبانێ رێپێوانی جەماوەری ئەنجامدرا

بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رێپێوان ئەنجامدرا. لە رێپێوانەکەدا ئەوە راگەیەندرا کە ژنانی پێشەنگ توندوتیژی، دەسەڵاتداری و داگیرکەری تێکدەشکێنن.

لە کانتۆنی فورات بە سەدان کەس بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رێپێوانیان کرد. رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهید عەگید دەستیپێکرد و تا گۆڕەپانی ژنی ئازاد بەردەوام بوو.

لە رێپێوانەکەدا بەردەوام دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترایەوە و پلاکاردێک کە لە سەری نوسرابوو " بەفەلسەفەی ژن ژیان ئازادی خۆت بپارێزە" بەرزکرابووەوە.

لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد رێپێوانەکە گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە و سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگی یادی گیانبەختکردووانی رێگەی ئازادی بەرزڕاگیرا. دواتر ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار پەیمان عەلوش قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە ئەوان بە "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە داگیرکەری و دەسەڵاتداری دەهێنن.

دواتر لەلایەن ناوەندی کولتوری و هونەری باقی خدۆ شانۆیەک لەبارەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان نمایش کرا.

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتاییهات.