لە ١١ شاری ڕۆژئاوای کوردستان حەقی قەرار یادکرایەوە

شەهیدی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی کوردستان حەقی قەرار لە ٤٧ هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لە ١١ شاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یادکرایەوە.

شەهیدانی مانگی ئایار

ئەمڕۆ ساڵیادی شەهیدبوونی حەقی قەرارە کە ١٨ ی ئایاری ١٩٧٧ شەهید بووە و وەک ڕۆژی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەستنیشانکراوە. بەم بۆنەیەوە لە شار و شارۆچکەکانی تەل تەمر و تەل بەراک و شەدادی و دەرباسیە و تربەسپی و چلاغا و دێرک و تەل حەمیس و قامیشلۆ و تەبقە و حەلەب، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدرا.

چالاکییەکان بە بەشدارییەکی بەرچاوی دانیشتووان و ئەندامانی پارت و دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بنەماڵەی شەهیدان و ژنان و گەنجان، بەڕێوەچوون، لە چالاکییەکاندا تیشکخرایە سەر گرنگی مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان، لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد.

لە چالاکییەکەی تەل تەمر، هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تەل تەمر، محەمەد ئیلیات گوتی: "هەڤاڵ حەقی بۆ سەربەخۆیی کوردستان گیانی فیدا کرد. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گوتی، ئەو یەکەمین شەهیدی ئێمە و یەکەمین دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. ڕاستە شەهید بوو، بەڵام هێڵی ڕاستی و پاراستنی میراتی شەهیدانی بۆ ئێمە جێهێشت".

لە چالاکییەکەی تەل بەراک ئامادەبووان گوێبیستی تۆماری دەنگی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوون دەربارەی شەهیدان و ڕاستی شەهیدبوون.

لە چالاکییەکەی دەرباسیە، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی دەرباسیە، سەمەر عەبدوڵا گوتی: "شەهید حەقی دژی زیهنیەتی فاشیستی بەرخۆدانی کرد و بوو بە سیمبولی بەرخۆدان".  

لە چالاکیەکەی تربەسپی ئەندامی مەجلیسی گشتی پەیەدە، سلێمان عەرەب دەربارەی شەهید حەقی قەرار گوتی: "بەرامبەر سیاسەتی دوژمنان لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشا، پاش شەهیدبوونی بوو بە چرای ئازادی و سیمبولی تێکۆشانی ئازادی".

لە چالاکییەکەی چلاغا، سینڤزیۆنێک دەربارەی شەهیدان و دیمەنێکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیشاندرا کە شرۆڤەی واتای ڕۆژی شەهیدان دەکات. 

لە چالاکییەکاندا بەڵێن دووپاتکرایەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهید حەقی قەرار و تەواوی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان.