دەم پارتی ٣ گیانبەختکردووی بەبیرهێنایەوە: خاوەنداری لە میراتی ئەوان دەکەین

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی یادی پێشەنگەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێری تورکیا دەنیز گەزمیش، حسێن ئینان و یوسف ئاسلانی بەرز راگرت کە بەر لە ٥٢ ساڵ شەهیدکران و رایگەیاند، کە خاوەنداری لە میراتی ئەوان دەکەن.

دەستەی ناوەندی دەم پارتی رایگەیاند، "دەنیز گەزمیش، حسێن ئینان و یوسف ئاسلان کاتێک بەرەو سێدارە دەبران وتیان 'بژی خوشک-برایەتی گەلانی کورد و تورک' و بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەلانی تورکیا ژیانی خوشک و برایانە و شکۆمەندانەیان وەک میرات بەجێهێشت. ئەو سێ شۆڕشگێڕە بەر لە ٥٢ ساڵ بە تاوانێکی سیاسی تیرۆر کران. دەنیز، ماهیر، مەزڵوم، خەیری و کەمالەکان لەسەر ئەم خاکە بوونە هێمایی فیداییانی گەل. هەڵبەت ئەوانەی لەدەستمان داون زۆر گەورەن، بەڵام خەون و ئاواتەکانمان زۆر گەورەتربوون.

بێگومان هیچ قوربانیدانێک بە فیرۆ ناجێت. دەنیزەکان، ماهیرەکان، ئیبۆکان، مەزڵومەکان، کەمالەکان و خەیریەکان خەونی 'ژیانی ئازاد، یەکسان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە'یان هەبوو. ئەمرۆ ئەوە بووەتە ئامانجی ملیۆنان کەس. پێشەنگە شۆڕشگێڕەکانمان کە لە تێکۆشاندا لەدەستمان داون، ئەمرۆ لە دڵ و تێکۆشانی ملیۆنان مرۆڤدا دەژین. دەسەڵاتداران مرۆڤە پێشەنگەکانیان بردە بەردەم سێدارە و بەم جۆرە هەوڵیاندا کە داواکاری کۆمەڵگا بۆ شۆڕش سەرکوت بکەن. بەڵام دوای ٥٠ ساڵ داوای کۆمەڵگا بۆ شۆڕشگێڕی و گۆڕانکاری گەورەتر دەبێت. مەشخەڵی ئازادی کە لە ٦٨ دا داگیرسا، هێشتاش رێگەی هەموو کەسێکی تێکۆشەر رووناک دەکەنەوە. لەسەر ئەم خاکەدا کە لانکەی شارستانیەت، زانست و مرۆڤایەتی بووە، ئەو شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرانەی دوێنێ سەریان دانەنەواند و ئەمڕۆش بە شێوەی سەربەرزانە بەرەو داهاتوو درێژە بە رێپێوانیان دەدەن.

بەتایبەتی دەنیز، حسێن و یوسف ئێمە بە رێز و پێزانینەوە یادی ئەو کەسانە بەرزڕادەگرین کە لەپێناو شۆڕش و دیموکراسیدا ژیانیان لەدەستداوە و قوربانی گەورەیان داوە. ئێمە خاوەنداری لە میراتی ئەوان دەکەین و بۆ ئافراندنی ژیانی ئازاد و یەکسان درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. گەلانی تورکیا شایەنی ژیانی ئازاد و یەکسانن".

هــ . ب