وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێم دژی جاسوسیەکەی پەدەکە دەوەستێتەوە

رۆژنامەی فەرمی پەدەکە هانی دەوڵەتی تورکیدابوو هێرش بکاتە سەر سلێمانی، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و وەزیری رۆشنبیریش ئەو کارەی پەدەکە بە جاسوسی و سیخوڕی ئاشکرا ناودەبات.

رۆژنامەی "خەبات"ی زمانی حاڵی پەدەکە رۆژی ١٤ی ئایار لە لاپەڕی یەکەمیدا بە ناونیشانی "لە سنووری سلێمانی هێزی چەکدار دروست دەکرێت و دەنێردرێنە قەندیل و رۆژئاوا" هانی دەوڵەتی تورکی داوە هێرش بکاتە سەر سلێمانی.

ئەو هەنگاوەی رۆژنامەی زمانحاڵی پەدەکە کاردانەوەی زۆری شەقامی کوردی و رۆشنبیرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەو کارە بە "سیخوڕی، چاوساغی و رەوایەتیدان بە هێرشکردنە سەر شارێکی کوردستان لە رێگەی بابەتی ساختە و هەڵبەستراوەوە" لێکدەدرێتەوە.

لە درێژەی ئەو کاردانەوانەدا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لە بابەتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە ناونیشانی "جاسوسی" ناڕاستەوخۆ ئەو کارەی پەدەکەی بە جاسوسی و سیخوڕی ئاشکرا، ناوبردووە.

حەمەی حەمە سەعید نوسیویەتی: " جاسوسی، بەمانا بێزراوەکەی ھەمان کەڵک وەرگرتنە لەزانیاری نھێنی لەسەر خوشک و براکەت لەسەر قەومەکەت لەسەر ھاونیشتمانیەکانت لەسەر ووڵاتەکەت بۆ بەرژەوەندی دوژمن".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لەکۆندا جاسوسی کردن زۆر بەنھێنی بووە، چونکە جاسوس بێزراو بووەو ھەم سزاشی ھەبووە و نوسیویشیەتى: ئێستا جاسوسی کردن بەئاشکراو وەک بابەتەکانیتری ناو کۆمەڵ گەشەی کردوە ئەوەتا جاسوسی بەئەلەکترۆنی و بەئاشکرا دەکرێ، جاسوسی ھەیە زانیاریەکانی جاسوس ڕاستن، ھەشە زانیاریەکانی درۆو ناراستن بۆ مەبەستی تایبەتن."

جێی بیر هێانەوەیە، پێشتریش عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پەدەکە لە چاوپێکەوتنێکدا داوای لە دەوڵەتی تورک کردبوو لە رێگەی درۆنەوە سەرکردە و شۆڕشگێڕانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بکەنە ئامانج.

هـ . ب