گەنجانی مەخموور: زمان تاکە ڕێگەی خۆناسینە

گەنجانی کەمپی مەخموور باسییان لە گرنگی زمانی کوردی کرد و وتییان: "بۆ ئەوەی حەقیقەت و هەبوونی خۆمان دەربڕین، پێویستە گەشە بە زمانەکەمان بدەین و خاوەنداری لێبکەین."

ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی

گەنجانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) پەیوەست بە ی١٥ گوڵان ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی بۆ ئاژانسی هەواڵی (ANF) قسەیانکرد و جەختییان لەوە کردەوە تاکە ڕێگەی خۆناسین هەر زمانە.

'پەرتووکی دیرۆکی کۆمەڵگەیە'

شیلان بووداک یەک لە گەنجانی مەخموور باسی لەوەکرد زمان هەموو بناغەیەکی کۆمەڵگە بەرەوپێشەوەدەبات و وتی: "زمانی کوردی یەكێکە لە زمانە دێریینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ناو لقی زمانە جیهانیەکاندا، زمانی کوردی وەک لقێکی شکاو ماوەتەوە، چوونکە لە مێژوودا چەوساندنەوەی زۆری بەرامبەر کراوە. بۆیە ڕۆژی زمانی کوردی بۆ گەلی کورد ڕۆژێکی گرنگە. کاتێک دەڵێین ڕۆژی زمانی کوردی، پێویستە بەرخۆدان لەبەرامبەر دوژمندا لە بەرچاوبگرین. چوونکە هەموو بەرخۆدانێکمان بۆ پێشخستن و بەدەستخستنی قسەکردنە بە زمانی دایک. چوونکە لە ڕێگەی زمانەوە هەم لە ڕابردوومان تێدەگەین هەم داهاتووشمان بونیات دەنێنین. زمان وەک پەرتوکێکی دیرۆکی جڤاکییە، گەر گەلێک ئاشنای زمانی خۆیبێت، ئەوە کەوناری، خاک و چاندی خۆی دەزانێت. نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢١ی شوبات وەک رۆژی زمانی دایک لە جیهاندا دیاری دەکەن، کە ئامانج لێی داننانە بە فرەڕەنگی و هاوئاهەنگی گەلانە. بەڵام دەبینین چەندین زمان لە ژێر هێرشی تواندنەوە و رێگریکردنن. یەکێک لەو زمانانەش زمانی کوردییە. بۆیە رێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'زمانی کوردی بناغەی کۆمەڵگەکەمان پێدێنێت، بۆ ئەوەش پێویستە زمانی کوردی بپارێزین." گەر ئەم ئەرکە لەئەستۆ نەگرین ئەوە دەبێتە کەموکوڕیمان."

لە کۆتاییدا شیلان بووداک ئاماژەی بەوەدا وەک ژنێکی گەنج خواستمان ئەوەیە زمانی کوردی بتوانێت هەبوونی خۆی لە جیهاندا بپارێزرێت.

'خاوەندای لە زمانەکەمان بکەین'

دڵگەش ئیسماعیل باسی لەوەکرد لە کاتی هەڵسەنگاندی بابەتی زماندا. پێویستە مرۆڤ باش لایەنی دیرۆکی و هەبوونی زمانی کوردی بزانێت و وتی: "کاتێک مرۆڤ سەرنج دەخاتە سەر لایەنی دیرۆکی زمانی کوردی، دەبینێت زمانی کوردی لە کرۆکی گەلانی ئارییەوە هاتووە و هەزاران ساڵە بەردەوامە. بۆ ناسینی گەلی کورد یەکەم ڕێگە بریتییە لە زمانی کوردی. گەلی کورد بە زمانی خۆیەوە شۆڕشی پێکهێنا و بەو گرێدانە زمانییەوە هەموو کاتێک لە بەرخۆداندا بووە بەرامبەر بە فاشیزم و هەتا رۆژی ئەمڕۆمان ئەو بەرخۆدانە بەردەوامە. لە ئێستادا زمانی کوردی لە لیستی زمانە دێریینەکانی جیهاندایە. لە هەر بەشێکی کوردستاندا زاراوەیەکی زمانی کوردی بەکاردەهێنرێت، کە ئەمەش دەوڵەمەندی زمانەکەمان دەرەخات. بۆ ئەوەی بوونی خۆمان بپارێزین بەرامبەر بە فاشیزم و تواندنەوە پێویستە زمانمان زۆر زیاتر گەشەپێبدەین و خاوەنداری لێبکەین."