مانگی رابردوو ٣٢ ژن لە تورکیا کوژراون و مردندی ١٣ ژنیش گوماناوییە

بە گوێرەی ئامارەکانی (کەجەدەپە) لە مانگی نیساندا لە تورکیا ٣٢ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ١٣ ژنیس بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان رادەگرین (کەجەدەپە) راپۆرتی مانگی نیسانی خۆی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی راپۆرتەکە مانگی رابردوو ٣٢ ژن کوژراون و ١٣ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

١٩ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە مانگی نیساندا ٣٢ ژن کوژراون، ١٩ لەوانە لەلایەن ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریان لەگەڵداکردوون کوژراون، پێنج ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا دەژیان، سێ ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە، دوو ژن لەلایەن کەسێکی ناسراوی خۆیانەوە، یەک ژنیش لەلایەن باوکی، ژنێکیس لەلایەن براکەی، ژنێکیس لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە ١٨ ژن لە ماڵی خۆیان، ٤ ژن لە سەر شەقام، ٢ ژن لە شوێنی گشتی، ژنێک لە ناو ئۆتۆمبێل، ژنێک لە کێڵگە، ژنێک لە شوێنێکی دوورەدەست، ژنێک لە هۆتێل، ژنێک لە کادێن کوژراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە تائێستا هۆکار و بیانووی کوژرانی ١٨ ژن نەزانراوە.

هـ. ب