سکاڵا لە دژی کۆنە ژەنەراڵێکی سووریا تۆماردەکرێت کە پشتگیری ئەنفالی کردووە

ژەنەراڵی پێشوو وهەڵاتووی سوپای ڕژیمی سوریا، ئەسعەد ئەلزوبی کە وەکو "ئۆپۆزسیۆن"ی ڕژێمی سوریا دەرکەوتووە ، بەهۆی تویتێکەوە کە پشتگیری و تاریفی جینۆسایدی گەلی کورد داوە، ئەگەری ئەوەی هەیە لە پاریس دادگایی بکرێت.

لە فەڕەنسا، نزیکەی ٢٠ کەسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان سکاڵایان لە دژی  کۆنە ژەنەڕاڵێکی سوریا بەناوی ئەسعەد ئەلزوبی تۆمارکردووە. ئەلزوبی کە لە سوپای سوریا هەڵهاتووە، یەکێکە لەو دەموچاوانەی کە وەکو "ئۆپۆزسیۆن" دەخرایە پێش.

هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی پارێزەر ئەنتۆنیۆ پێچارد Antonin Pechard ویستیان ئەسعەد زوبی بەهۆی "پشتگیریکردنی تاوانەکانی شەڕ و جینۆساید"، "هاندانی توندووتیژی لەدژی چەند کەسێک یان گرووپێک کە سەربە ڕەچەڵەکی ئەوان نین" دادگایی بکرێت. بەهۆی ئەو تاوانانەوە لە فەڕەنسا دەتوانرێت سزای زیندانیکردنی ساڵیک هەتا ٥ ساڵی بۆ ببڕێتەوە.

زوبی کۆنە ژەنەراڵ، لە پەیامەکەیدا هەم بە سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراقدا هەڵدەدات وهەم ڕەوایی دەدات بە جینۆسایدکردنی کورد، بەهۆی ناڕەزایی فراوانەوە، ناچار بووە پەیامەکەی بسڕێتەوە. کاتێک باسی پەیەدەشی دەکرد، بۆ کورد دەیوت "باخچەی ئاژەڵانە" و پەیامێکی بەو شێوەیە بڵاو کردبوەوە: "بۆ ئەوە مرۆڤ لێیان ڕزگار ببێت، پێویستی بە دەرمان و ژەهر نییە، تەنیا یەک شت پێویستە؛ ئەویش وتنی ناوی سەدامە. کاتێک ئەو هەموو ئاژەڵە تازە دەرکەوتن، چاو بەدوا سەدامدا دەگەڕێت. ڕۆحی شاد بێت".

ک-ش