١ ی ئایار لە سلێمانی پیرۆزکرا

لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان، بەبۆنەی ١ ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.

١ ی ئایار

بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی ئامادەکاری ١ ی ئایار و بە بەشداری نوێنەری پارت و سەندیکاکان و کرێکاران و چالاکوانان لە شاری سلێمانی ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

بەناوی کۆمیتەی ئامادەکاری ١ ی ئایارەوە عوسمان زیندانی گوتی: "ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ١ـی ئایار دەکەینەوە، کە جیهان پێی ناوەتە وەرچەرخانێکی مێژووییەوە لە کێشمە کێشمی توندی هێزە ئیمپریالیستەکان، لەسەر بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیان ئەم ململانێیە، بووەتە هۆی جەنگێکی خۆیناویی و لە جیهاندا پەرەی سەندووە، ژیانی ملیۆنان مرۆڤ و کرێکاری زەحمەتکێشی پێوە سووتاوە، هەر وەکو لە ئۆکراین و فەڵەستین و کوردستان ئەیبینین".

هەروەها ڕایگەیاند ئێستە دەسەڵاتداران لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەکوردستانیشەوە، هەوڵی سەپاندنی سیستەمی نیولیبراڵیزم دەدەن، ئەمەش دەبێتە مایەی چەوسانەوەی زیاتری کرێکاران.