گۆران.. لە کەرکوکەوە تا بەستا

گۆران محەمەد (سەرکەوت) گەریلایەکی باشوری کوردستان بوو، لە کەرکوکەوە تا بەستا شەڕی کرد و لە بەستا چووە کاروانی شەهیدانەوە.

ئازادی ئاواتی هەموو ئازادیخوازانە و لە پێناو گەیشتن بەو ئاواتە و سەرکەوتن حازرن گیانیان فیدا بکەن. یەکێک لەو کەسانەی کە هەموو دڵ و گیانی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی تەرخان کرد گۆڕان محەمەد ناسراو بە سەرکەوت گابار بوو. هاوڕێ سەرکەوت بۆ گەیشتن بەم خولیایەی لە ئاستێکی بەرزدا بەشداری تێکۆشانی ئاپۆیی بوو. هەڤاڵ سەرکەوت لە پێناو گەیشتن بە خولیای خۆی و گەلی کورد هەموو ژیانی تەرخان کرد.

 ئازادی حەسرەت و ئاواتی هەموو ئەو کەسانەی هەست بە ئێشی لەداستدانی دەکەن

داخوازی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان یەک داخوازییە، کە ئەویش ئازادییە. ئازادییەک کە بە سەدان ساڵە لە کورد و کوردستان ساندراوە، بووەتە حەسرەت و ئاواتی هەموو ئەو کەسانەی کە لە ناخەوە هەست بە ئێشی لەدەستدانی ئازادی دەکەن. بەساڵان بە دەیان شۆڕش و سەرهەڵدان روویان‌دا بۆ ئەوەی ئازادییەک کە لێیان سەندراوە دیسانەوە بەدەستی بێننەوە. لە باشووری کوردستانیش سەرهەڵدانی شێخ محمودی بەرزەنجی نمونەی ئەو سەرهەڵدانانە و داخوازی گەلی باشووری کوردستان بۆ ئازادییە. بەڵام دوای بەسەرچوونی ساڵان هێندێک حیزب و لایەنی دەسەڵاتدار بۆ بەرژەوەندی خۆیان باشووری کوردستانیان گرتە دەستیان و وەها نیشانی دەدەن کە باشووری کوردستانیان لە دەست داگیرکەران رزگار کردووە. بەڵام، گەلی باشووری کوردستان بە ئاستی زانستی خۆی دەزانێت خاکێک کە دەسەڵاتی لە دەست دەوڵەتانی داگیرکەر دایە و رۆژانە بەسەدان هێرش لەسەر ئەو خاکە پێکدێت، نە تەنیا ئەو خاکە ئازاد نەبووە بەڵکوو بووە بە ناوەندی هێرشەکانی داگیرکاران بۆسەر گەل و بزوتنەوە ئازادیخوازەکان.

ئازادی خولیای گۆڕان و گەریلایەتی رێگەی گەیشتن بەم خولیایە بوو

یەکێک لەو کەسانەی کە هەستی بەم داگیرکارییەی سەر خاکی باشوور کرد و داخوازی ئازادی رۆژانە لە دڵی دا زیاتر گەورە دەبوو، گۆڕان محەمەد بوو. گۆڕان بە پێویستی زانی کە گۆڕانکارییەکی گەورە هەم لە ژیانی خۆیدا و هەم لە دەسەڵاتداری سەر باشووری کوردستان دا درووست ببێت. گۆڕان رێگەی ئەو گۆڕانکارییەی دیتەوە و بۆ ئەوەی خۆی و گەلەکەی بگەیێنێت بەو داخوازییەی کە بەسەدان ساڵە لە دڵی باوک و باپیرانەوە تێپەڕی دڵی رۆڵەکانی ئەو نیشتمانە دەبێت؛ بڕیاری دا ئەم رێگەیە ببڕێت. ئازادی خولیای گۆڕان و گەریلایەتی رێگەی گەیشتن بەم خولیایە بوو. گۆڕان ئەم رێگەیەی بە عەشقێکی مەزنەوە بڕی هەتاوەکوو گەیشتە سەر شاخە ئازادەکانی کوردستان. گۆڕان ئەم رێگەیەی وەکوو سەرکەوتنێک دەدیت لەدژی ئەو سیستەمەی لەسەر گەلی باشووری کوردستان زاڵە بۆ ئەمە ناوی کرد بە سەرکەوت گابار.

سەرکەوت خۆی لە عەشقی مۆمدا دەتوێنێتەوە

وتەی رێبەری گەلان، رێبەر ئاپۆ کە دەڵێن:"حەقیقەت عەشقە و عەشق ژیانی ئازادە" بۆ هەڤاڵ سەرکەوت بوو بە سەردێڕی ژیانی شۆڕشگێڕی کە بە وێنەی پەپوولەی چوارەم پەیجۆری حەقیقەت بێت و خۆی لە عەشقی مۆمدا بتوێنێتەوە و ژیانێکی ئازاد مسۆگەر بکات. ئازادی ئەو شتەی کە بۆ گەلی کورد کە بەساڵانە داگیرکاری بەسەری‌دا زاڵە وەکوو سەرابێک و خەیاڵێکە؛ بۆ ئەو رۆڵانەی کە هیوایان بە ئازادی هەرگیز تەواو نابێت، رێگەیەکە کە پێویستە ببیبڕن و هەتا گەیشتن بە مەبەست پێویستە قاچەکانیان ماندوو نەبێت و ئەو فەرمانە لە دڵ و مێشکەوە تێپەڕی جەستەی ئازادی خوازانی نیشتمان دەبێت. ئازادییەک کە تامی شیرینی لەبن زمانی هەموو ئازادیخوازان‌دا هەیە و بۆ ئەوەی بە تەواوەتی تامی بچێژن ماندووبوون ناناسن و بێ وەچان ئەو رێگەیە دەبڕن و هەر رۆژ زیاتر لە رۆژی رابردوو لەسەر بڕیارەکەیان سوورن و بۆ ئەوەی بگەن بەو خولیایەیان هەموو ژیانیان تەرخان دەکەن.

هاوڕێ سەرکەوت رۆژانە خۆی ئاوێتەی هاوڕێیەتی هاوڕێیانی دەکرد

بوێری و نەترسی گەریلایان لەبەرامبەر بە دوژمنانی داگیرکەری کوردستان هەر زوو سەرنجی هەڤاڵ سەرکەوتی بۆ لای خۆی راکێشا و  هەروەها کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر کەسایەتی ئەو دانا و وای لێکرد کە ئەویش ئەم بوێرییە لە خۆیدا ئاوا بکات و هەرگیز بەرامبەر بە دوژمنان؛ دڵی نەلەرزێت و بە ورە و جەسارەتێکی بەرز درێژە بە تێکۆشانی لە دژی نەیارانی کوردستان بدات. خۆشەویستی نیشتمان هەر رۆژ زیاتر لە رۆژی رابردوو لە دڵیدا تەشەی دەستاند و ئەمە وای لێدەکرد کە زیاتر گرێدراو و پەیوەستی ئامانج و ئازادی وڵاتەکەی بێت. سەرکەوت ئەوەی دەزانی کە بەتەنیا ناتوانێت بە خولیایەکەی بگات و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی پێویستە شان بە شانی هاوڕێیانی ئەم رێگەیە ببڕێت. واتای ‌هاوڕێیەتی لە ژیانی ئەو دا زۆر بەرز بوو، بە هاوڕێیەتییەوە موڕاڵی دەگرت و هەستی مەعنەوی زیاتر دەبوو. هاوڕێ سەرکەوت رۆژانە خۆی ئاوێتەی هاوڕێیەتی هاوڕێیانی دەکرد و خۆی زیاتر لە خۆشەویستی هاوڕێیانی‌دا دەتواندەوە.

مەگەر ژیانێکی بەشەڕەف و باش بە ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆوە بژێندرێت

هەڤاڵ سەرکەوت ئادیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆی بۆخۆی وەکوو ژیانێکی نوێ دەدیت و بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆوە ژیانێکی کلاسیک کە هەتا ئێستاکە گەلی کوردی تێیایدا دەژی، دەناسێت و ئەم ژیانە پەسەند ناکات و دەستی رەد لەو ژیانە دەدات. هاوڕێ سەرکەوت دەیزانی کە مەگەر ژیانێکی بەشەڕەف و باش بە ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆوە بژێندرێت، لەم سۆنگەیەوە؛ بۆ ئەوەی ژیانێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ خۆی و گەلی کورد ئاوا بکات، زیاتر خۆی لە ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دا قووڵ کردەوە. بۆ ئەوەی ژیانێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای ئەخلاق و مەعنەوییاتی کۆمەڵگا پێکبێنێت، بەردەوام ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ و پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی بۆخۆی کردبوو بە سەرمەشقی ژیان.

رازاوەیی سروشتی کوردستان خۆشەویستی ئەم ژیانەی لەلا خۆشتر دەکرد

هاوڕێ سەرکەوت هەرگیز وەدوای راحەتییەکانی ژیان نەکەوت و زەحمەتی و دژوارییەکانی ژیانی چیا بۆ ئەو تامێکی خۆشی هەبوو چونکە، دەیزانی مەگەر ژیانێک کە بە رەنج و زەحمەتییەوە بەدەستی بخەی ژیانێکی خۆش بێت. چرکە بە چرکەکانی ئەو ژیانە لە ئاو هێنانێک هەتا نان دروست کردنێک بۆ هەڤاڵ سەرکەوت عەشقێکی جیاواز بوو چونکە بە رەنجی خۆی و هاوێیانییەوە ئەم ژیانەی بەدەست خستبوو. رازاوەیی سروشتی کوردستان خۆشەویستی ئەم ژیانەی لەلا خۆشتر دەکرد. بەیانیان بە چریکەی مەلان و دەستی نەوازشتی سروەی بەر بەریان وەخەبەر هاتن و بە دیمەنی جوانی سروشتی رەنگینی کوردستان رۆژی بە شەو گەیاندن جوانییەکی ناوازە و خۆشییەکی لە رادەبەدەری لە دڵی هەڤاڵ سەرکەوت‌دا ئاوا دەکرد. ئەمەیە کە پەیوەندی گەریلایان لەگەڵ سروشتی کوردستان هەر دێت بەهێز تر دەبێت و وێڕای هاوڕێیانیان لەگەڵ سروشتش دەبنە هاوڕێی گیانی بە گیانی.

بۆئەوەی ببێتە دڵۆپێک لە هەڵمەتی سەرکەوتن بڕیاری تێکۆشانی زیاتر بەرز کرد

کاتێک داعیش هێرشێ کردە سەر گەل و دەستی بە داگیرکاری خاکی کوردستان کرد هەڤاڵ سەرکەوت کە یەکەمین ئامانجی ئازادی رێبەرەکەی و ئازادی کورد بوو ئەمەی پەسەند نەکرد و بۆ ئەوەی خاکی پیرۆزی کوردستان لەدەست داگیرکەران رزگار بکات رووی لە کەرکووک کرد و بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە بەرامبەر بە نەیارانی کورد شەڕی کرد و لە رزگاری خاکی کوردستان لەدەست داعیش‌دا رۆڵێکی مەزنی گێڕا. هەڤاڵ سەرکەوت کاتێک کە ئەرکی خۆی لە کەرکووک پێک هێنا دیسانەوە رووی لە چیا سەرکێشەکانی کوردستان کرد و ئەمجارەیان بە زانا بوونی ئەوەی کە کلیدی ئازادی گەلی کورد و کوردستان لە باکووری کوردستانە، رووی لە باکووری کوردستان کرد. بۆتان شوێنی چەخماخەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب و شوێنی چەخماخەی ژیانەوەی گەلی کورد؛ بوو بە مەبەستی هەڤاڵ سەرکەوت و بە عەشقێکی مەزنەوە رووی لە ئەیالەتی بۆتان کرد و بۆئەوەی ببێتە دڵۆپێک لە هەڵمەتی سەرکەوتن بڕیاری تێکۆشانی زیاتر بەرز کرد.

بوو بە بەشێک لە هەڵمەتی سەرکەوتنی گەلی کورد و بەواتای ناوەکەی گەیشت

لە بۆتان بەشداری زۆر چالاکییان بوو و رۆژانە بە هەستی گورز وەشاندن لە دوژمن عەشقی بەرامبەر بە بۆتان زیاتر دەبوو و زیاتر تێکۆشانی لە دژی  نەیارانی کوردستان بەرز دەکرد. لە رێکەوتی ٢ی ئابی ٢٠١٨ لە هەرێمی بەستای بۆتان لەدوای چالاکییەکی سەرکەوتوو لە ئاکامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دا بە  پلەی بەرزی شەهادەت دەگات و پەیوەستی کاروانی شەهیدانی ١٥ی ئاب دەبێت. خولیا و ئامانجێک کە هەڤاڵ سەرکەوتی هێنایە سەر ئەو رێگایە لە دڵی هەموو هاوڕێیانی‌دایە و ئەم خولیایە، خولیای هەموو جەنگاوەرانی کوردستانە بۆ ئەمەش هەڤاڵ سەرکەوت بە ئاسوودەییەوە چاوانی بەڕووی دونیا لێکنا. وەکوو داخوازی بوو هەڤاڵ سەرکەوتیش وەکوو بەسەدان هاوڕێی تری بوو بە بەشێک لە هەڵمەتی سەرکەوتنی گەلی کورد و بەواتای ناوەکەی گەیشت.

هـ . ب