لە گوندە چۆڵەکان 'دەنگدەر' تۆمار دەکرێن

دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە گوندەکانی جۆلەمێرگ کە پێشتر چۆڵکراون تۆماری دەنگدانی سوریەیی و سەرباز و پۆلیسەکان دروست دەکات.

دەسەڵاتداری تورک کە بە گوشار و زۆرداری هەرچی دەکات ناتوانێت دەرەقەتی خەڵکی جۆلەمێرگ بێت، ئێستا لە رێگەی دەستکاریکردنی دیموگرافیاوە 'دەنگدەر' تۆمار دەکات.

لە گوند و گوندۆکەکان کە دەوڵەت لە ساڵانی ١٩٩٠ سووتاندوونی و چۆڵی کردوون، کەسانێکی لە ئەفغانستان، کرکیزستان، سوریا و وڵاتانی ترەوە هێناوە، هەروەها سەرباز و پۆلیسەکان تۆمار دەکات.وەک ئەوەی ئەو کەسانە لەوێ دەژین پیشان دەدرێت. گوندی خەلیلان یەک لەو گوندانەیە.

خەلیلان کە لە ساڵانی ١٩٩٠ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە زۆرەملێ چۆڵ کراون و دانیشتوانەکەی بەرەو جۆلەمێرگ و وان کۆچبەر بوون، بەر لەوەی چۆڵ بکرێت ٣٠ ماڵی تێدابوون. گوندەکان بۆ چەندین ساڵ بوو چۆڵ بوو. بەهار و هاوین هەندێک گوندنسین بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان دێنەوە بۆ گوندەکە،بەڵام لە زستاندا گوندەکە بە تەواوەتی چۆڵە.

گوندنشینان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان وت، لە رۆژانی رابردوودا کەسانی نامۆ و بێگانە، سەرباز و پۆلیس لەسەر گوندی ئەوان تۆمار کراون. گوندنشینان وتیشیان کە ئەوان هیچ یەک لەو کەسانە ناناسن و لەبەرامبەر ئەمەدا رێکاری یاسایی دەگرنەبەر. گوندنشینان وتیان کە نەک هەر لە گوندی ئێمە لەو گوندانەی دیکەش کە چۆڵ کراون هەمان گەمە دەکرێت. بە بڕوای گوندنشینان ئامانج گۆڕینی دانیشتوانی جۆلەمێرگ و سەرخستنی ئاکەپەیە لە هەڵبژاردنی خۆجێیی و گشتیدا.

هـ . ب