کۆڵبەرێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژرا

هێزەکانی رژێمی ئێران لە هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و کۆڵبەرێک کوژرا.

بەپێی زانیاریەکان هێزەکانی رژێمی ئێران لە تەتەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە هێرشەکەدا کۆڵبەرێکی ٢٨ ساڵ بە ناوی کاروان گولزاری خەڵکی مەریوان کوژراوە.

راگەیەنرا کە لە گوندی گۆمەرەش ئۆتۆمبێڵێکی کۆڵبەران وەرگەڕاوە و ٣ کۆڵبەر بریندار بوون.

١٠ی تشرینی یەکەم لە سنوری نیوان کانی خۆدای نزیک پیرانشەهریش هێزەکانی رژێمی ئێران کۆڵبەرێکیان بە ناویی مەکائیل تالان کوشتبوو.

لە ٩ی تشرینی یەکەمدا لە شاری بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی شەهرام وەسیلی کوژرابوو و کرێکارانی مەدەنیش بریندار ببون.

لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٤٦ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ساڵی ٢٠٢١ی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ساڵی رابردوو ٤٦ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ١٢٢ کۆڵبەریش بریندار بوون

لەو ژمارەیە ١٧ کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی ئێران و ٤ کۆڵبەریش لەلایەن هێزەکانی تورکەوە کوژراون.

٧٧ کۆڵبەر بەهۆی هێرشی ئێران و ٣ کۆڵبەر بەهۆی هێرشی سوپای تورکەوە بریندار بوون.

ف.ق