گەلی شەنگال هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکی رسوا کرد

سەدان هاوڵاتی شەنگال لە دژی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شەنگال خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو هێرشانە پیشان بدات.

ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوڵاتیانی شەنگال و نوێنەری دامەزراوە و ڕێکخستنەکانی شەنگال و سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییەکانی ئێزدی، لەدژی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی تورک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

لە سەرەتادا هاوڵاتیانی ئێزدی لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی شارەدێی سنونێ کۆبوونەوە و لێدوانیان دا.

"دەوڵەتی تورک و هاوبەشەکانیان نەگەشتوونەتە ئامانجەکانیان"

فارس حەربۆ، بەناوی خۆبەڕێوبەری شەنگالەوە قسەی کرد و وتی: هەرچەند شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی وەحشیانە هێرش کرایە سەر شەنگال و بەهاکانی کۆمەڵگای ئێزدی، ئامانجیان زیان گەیاندبوو بە گەلی شەنگال، بەڵام هەموو هەڤاڵانی یەبەشە و منداڵانی ئێزدی سەلامەتن، تەنها سێ هەڤاڵی یەبەشە بە سوکی برینداربوون و ڕەوشی تەندروستیان باشە.

"پەنابەرانی کامپەکانیش دەکەنە ئامانج"

دواتر خودادێ چوکێ، بەڕێوبەری شارەدێێ سنونێ قسەی کرد و وتی: دەوڵەتی تورک جێگای نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی لە نزیک کامپی پەنابەران لە چیای شەنگال بۆردوومان کردووە، گەلی ئێزدی بۆ ئەوەی خۆی لە وەحشی گەرێتییەکانی چەتەکانی داعش بپارێزێت ڕوویان لە چیای شەنگال کردووە، بەڵام ئەمە دووەم جارە ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەبنەوە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین هاوڵاتیانی عێراق لەو هێرشانە بپارێزێت.

دوای وتارەکان، خۆپیشاندەران بە ئاڵاکانی یەبەشە و یەژەشە وە بەرەو بارەگای هێزەکانی عێراق ڕۆشتن و دروشمەکانی 'بمرێ خیانەت، بژی بەرخۆدانی شەنگال'یان وتەوە.

خۆپیشاندەران نیگەرانییەکانیان گەیاندە هێزەکانی سوپای عێراق بەرپرسی هێزەکانی عێراق لە شەنگالیش وەک هەموو جارێک وتی: ئێمە داواکارییەکانی ئێوە دەگەیەنیینە سەروو خۆمان و ئێمە هیچ شتێکمان لەدەست نایەت.

خۆپیشاندانەکە دوو کاتژمێر بەردەوام بوو.

ز.ش