گەنجانی کۆبانێ لە دژی گۆشەگیری خێمەیان دانا

لە کانتۆنی کۆبانێ بە ئامانجی شەرمەزارکردنی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی دانانی خێمە بەڕێوەچوو.

لە کانتۆنی کۆبانێ بە ئامانجی شەرمەزارکردنی گۆشەگیری دژوار لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی دانانی خێمە ئەنجامدرا. چالاکییەکە کە لە گۆڕەپانی شەهید عەگید بە پێشەنگایەتی گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنای گەنج دەستیپێکرد، ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی مەدەنی و ئەندامانی خۆبەڕێوەبەری پشتیوانیان بۆ دەربڕیوە.

لە چالاکی دانانی خێمەدا کە بە خولەکێک رێزلێنان دەستی پێکرد، لە بەڕێوەبەرایەتی گەنجانی شۆڕشگێڕی هەرێمی فورات هەبوون محەمەد قسەی کرد. محەمەد دەستنیشانی کرد کە ئەوان چالاکییەکانیان لە دژی گۆشەگیری تا ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژە پێدەدەن. محەمەد وتی، "بەرخودان و تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. وەک گەنجانی پێشەنگ چیمان لەدەست بێت دەیکەین".

ئەندامی دەستەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەر ئەحمەد خۆجەش رایگەیاند، کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پێناو ئازاد و ناسنامەی گەلی کورد تێکۆشانێکی بێهاوتای کردووە و بەم جۆرە درێژەی ثیدا: "هزر و فەلسەفەیەکی هێنایە ئاراوە. لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیە ئەمڕۆ ملیۆنان کوردستانی لە هەموو سووچێکی جیهان تێدەکۆشن. ئێمە لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخودان ئازاد دەبین. بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ بەردەوام لە ناو تێکۆشاندا دەبین".

هـ . ب