شاندی شەنگال لە بەغداد: پێویستە عێراق ڕێگە بە تورکیا نەدات

شاندێک کە پێکهاتبوو لە میر نایف، دەستەی عەشایەری، دەستەی ئاینی و کۆردیناسیۆنی هێز و پێکهاتەکان، لە بەغدادی پایتەخت ڕیزێک چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و خواست و داواکانی جڤاکی شەنگالیان بۆ بەرپرسانی عێراق دەربڕی.

وابڕیار سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک تەیب ئەردۆغان لە ٢٢ی نیساندا سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراق بکات و لەسەر چەندین بابەت گفتوگۆبکات. ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوەی ئەردۆغان لە ناو جڤاکی ئێزیدیدا بووە بە جێگەی ناڕازیبوون و قسەلەسەرکردن. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا شاندێک کە پێکهاتبوون لە تەواوی پێکهاتەکانی شەنگال سەردانی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق، قەیس غەزعەلی و سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن، رەیان کلدانیان کرد و چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.

لە چاوپێکەوتنی شاندەکەی شەنگالدا لەگەڵ قەیس غەزعەلیدا لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆکرا.

١- هاتنی ئەردۆغان لەبەرژەوەندی عێراقدا نیە.

٢- پێویستە دەوڵەتی عێراق ئاسمانی بەڕووی تورکیادا دابخات.

٣- پەدەکە ڕێگەی بۆ دەوڵەتی تورک خۆشکردووە خاکی عێراق داگیربکات.

٤- ئیدارەی شەنگال بۆ گەلی شەنگالە و هیچ کەسێک دەستوەردانی تێدانەکات.

٥- گەڕانەوەی ئاوارەکان لە زووترین کاتدا.

٦- باچیتر کۆمەڵگای ئێزدی نەبێتە قوربانی سیاسەتی نێوان حکومەتی عێراقی و باشوری کوردستاندا، کۆتای بە پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەم بهێنرێت.

٧- نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراق خەڵەف شەنگالی بۆ کاروباری ئێزیدییەکان نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزیدییەکان نیە، سەر بەلایەنێکی سیاسیە و هەموو کارەکانی لە خزمەتی ئەو لایەنەیدایە.

هەروەها شاندەکەی شەنگال لە درێژەی سەردانەکانیاندا چاوییان کەوت بە سەرۆکی بزوتنەوەی بابلیۆن، رەیان کلدانی و لەسەر هەمان بابەت گفتوگۆیانکرد. لە چاوپێکەتنەکەدا رەیان کلدانی بەڵێنی ئەوەی بە شاندەکە دا هەموو کاتێک پشتگیری لە کۆمەڵگای ئێزیدی بکات.

دەربارەی چاوپیکەتنەکانیان میر نایف قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی: "هەتاکو پلانی نێونەتەوەی و هێرشی ئاسمانی لەدژی شەنگال هەبێت، بەردەوام دەبین لە چاوپێکەوتنەکانمان. لە ئێستادا گەلەکەمان نیگەرانە، لەبەرئەوەی لەم دوایەنەدا چەندین پلان و یاری پیس بەرامبەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت، ئامانجمانە لەسەر ئەم ڕەوشەی گەلەکەمان چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو کەسێکدا بکەین و گفتوگۆی ئەم بابەتانە بکەین."

'دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی ئێزیدییەکان دەکات'

نایف باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورک و هەندێک لە هاوکارەکانی بە پاساوی پەکەکە دەیانەوێت جارێکیتر ئێزیدیەکان قڕکەن و وتی: "ماوەی ١٠٠ ساڵە دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی ئێزیدییەکان دەکات و هەموو فەرمانەکانی سەر ئێزیدییەکان لەلاین ئەوان و پێشینە عوسمانییەکانیانەوە کراوە. لە چاوپێکەوتنەکانمدا بە قەیس غەزعەلیمان وت؛ پێویستە دەوڵەتی عێراق نەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکەوە. لە ٢٢ی نیساندا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات، پێویستە عێراق دەرفەتی ئەوەنەدات تورکیا خاکی عێراق داگیربکات."

چاوپیکەوتنەکانی کۆردیناسیۆنی هێز و پێکهاتەکانی شەنگال، دەستەی عەشایەری و دەستەی ئاینی بەردەوامی دەبێت.