گەلی عەفرین و شەهبا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد

بە هەزاران هاووڵاتی لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا بە ڕێپێوانێکی جەماوەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە بە چری هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٨ کەس شەهید بوون و نزیکەی ٢٠ کەسیش بریندارن. گەلی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا بە ڕێپێوانێکی جەماوەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان بۆ سەر ناوچەکە شەرمەزار کرد.

بە هەزاران کەس لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێپێوانەکەدا لە ناوچەی ئەحداسدا کۆبوونەوە و بە هەڵکردنی وێنەی شەهیدان و کۆمەڵە پانکارتێک کە هێرشەکان شەرمەزار دەکات و بەرزکردنەوەی لقی زەیتون بەرەو پارکی ٤ی نیسان ڕێپێوانییان ئەنجامدا.

جەماوەرەکە لە بەردەم پارکی ٤ی نیساندا، بۆ ڕزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ئازادی خۆلەکێک بێدەنگ بوون. لەسەر ناوی گەلی عەفرین جبرائیل مستەفا و لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار گولێ محەمەد قسەیان کرد و هێڕشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان شەرمەزار کرد، لە میانەی قسەکاندا داوایان لە دامەزراوە ناونەتەوەییەکان کرد کە لە بەرامبەر ئەم هێڕشانەدا بێدەنگ نەبن هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و داوایان لە گەل کرد کە بەرخۆدانییان گەش بکەن. لە وتارەکەدا یادی شەهیدان کرایەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرا.