کۆچبەرانی عەفرین: عەفرین بە تێکۆشان رزگار دەکرێت

دانیشتوانی عەفرین کە لە شەهبا وەک کۆچبەر دەژین، رایانگەیاند، کە ئەوان بۆ رزگارکردنی عەفرین بەردەوام خۆڕاگری دەکەن و تێدەکۆشن.

عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکرا و لە شەش ساڵەی داگیرکرانی ئەو شارەدا دانیشتوانی عەفرین کە لە شەهبا وەک کۆچەر دەژین رایانگەیاند کە چەندەش تووشی تەنگوچەڵەمە و دژوار بن، بەردەوام دەبن لە خۆڕاگری و تێکۆشان تا ئەو کاتە دەگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵوحاڵیان.

'بە بێ وڵاتی خۆمان ناتوانین بژین'

ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین و شەهبا فاتمە سلێمان وتی، "عەفرین شوێنی ئاسایش و ئاشتی بوو و هەموو خەڵکی سوریا بۆ ئەوەی بژین روویان لەو ناوچەیە دەکرد. بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رووی کردە عەفرین و ویستی بە هەموو رێگە و رێبازێک عەفرین داگیر بکات و خەڵکەکەی ئاوارە بکات. هەربۆیەش هێرشێکی درندانەی کردە سەر هەرێمەکە. ئێمە وەک خەڵکی عەفرین و ژنانی عەفرین بە هەموو رێگە رێبازەکان خۆڕاگریمان کرد و ئێستاش لە شەهبا سەرباری تەنگوچەڵەمەکان خەڵکی عەفرین لەپێناو گەڕانەوە بۆ عەفرین تاسەر خۆڕاگری دەکات. دایکانی عەفرین بۆ رزگارکردنی هەرێمەکە رۆڵەکانیان بەخت دەکەن. واتە بە بێ منداڵ دەتوانین بژین، بەڵام بە بێ وڵات ناتوانین بژین".

کەمئەندامی شەڕ چەکدار رۆژئاواش رایگەیاند کە ئەوان تا کۆتایی بەرامبەر بە داگیرکەری سەر عەفرین خۆڕاگری دەکەن و جەختی کردەوە کە ئەوان عەفرین لە داگیرکەری دەوڵەتی تورک رزگار دەکەن. چەکدار بەڵێن و سوێندنی رزگارکردنی عەفرینی دووبارە کردەوە و رایگەیاند، کە وەک کەمئەندامانی شەڕ هەموو کات ئامادەن و ئەوەی پێویست بکات ئەنجامی دەدەن.

'لەپێناو رزگارکردنی عەفریندا تا کۆتایی تێدەکۆشین'

دایکە زەینەب جەمیل عەبدۆ کە لە کەمپی سەردەم دەژی وتی، "نزیکەی شەش ساڵە ئێمە لە شەهبا کۆچبەرین و لە ژێر خێمەی پلاستیکیدا دەژین. بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆڕاگری دەکەین. ئێمە هەم بەرامبەر گەمارۆی حکومەتی دیمەشق، هەمیش لەبەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی تورکیا تێدەکۆشین. بۆ رزگارکردنی عەفرین ئێمە تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین، تێدەکۆشین و دەجەنگین".

هـ . ب