لە حەلەب هەزاران کەس بۆ عەفرین ڕێپێوانیان کرد

هەزاران دانیشتووی حەلەب داگیرکاری دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر عەفرین و تاوانە مرۆییەکانی سەر حەلەب و بێدەنگی جڤاکی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد.

لە حەلەب بەبۆنەی ٦ هەمین ساڵیادی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لەسەر عەفرین ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم و پانکارتی "نا بۆ داگیرکەری تورک" و "نا بۆ داگیرکردنی عەفرین" و عەفرین شکۆی ئێمەیە، دەیپارێزین" و "دژی داگیرکاری تورک ڕاپەڕن و لە خاکی سوریا دەری بکەن" بەرزکرانەوە.

گەنجانی ڕیزی پێشەوەی ڕێپێوانەکە وشەی "عەفرین"یان بەرزکردەوە کە پیتەکانی لە چڵی زەیتون دروستکرابوو.

لە کۆڵانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی سەردەم" و "شەهید ئەحمەد خالد لە دڵمانە" و "بێ عەفرین ژیان نابێ" بەرزکرانەوە.

کۆچبەری عەفرین بەهجەت عەبدۆ شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەمی بیرهێنایەوە، ڕایگەیاند ڕوسیا و ئێران لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆڵیان هەبووە و گوتی: "هەموو دەوڵەتەکان بە بێدەنگی خۆیان خاکەکەمانیان داگیر کرد".

عەبدۆ گوتی: "ئەم تاریکییە لەسەر هەرێمەکەمان هەڵدەگرین و ئاشتی دەگەڕێنینەوە. داگیرکاری تێکدەشکێنین، هاوشانی هێزەکانی ڕزگاری عەفرین بە سەربەرزی دەگەڕێینەوە".

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، ڕەمزیە ساڵەح ئەلکوردی بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و داگیرکاری تورک کۆتایی پێ بهێنن و گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ عەفرینییەکان مسۆگەر بکەن.