پارت و بزوتنەوەکانی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا بە یەکدەنگی دژی هێرشەکان وەستانەوە

٣٣ حزب و بزوتنەوەی سیاسی لە باکور- رۆژهەڵاتی سوریا بە راگەیەندراوێکی هاوبەش دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەستانەوە.

نوێنەرانی ٣٣ حزب و رێکخراوی سیاسی لە گەڕەکی مەحەتەی قامیشلۆ بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبوونەوە. لەو کاتەیدا کە هەیفا مەحمود نوێنەری پارتی نوێبوونەوە و دیموکراتیکی سوریا راگەیەندراوەکەی دەخوێندەوە فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نزیک شوێنی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە چەندین شوێنیان بۆردومان کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا بەبیرهێنرایەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢٣ی کانونی یەکەم لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژێرخانی وزە، ناوەندەکانی نەوت و کارەبای بۆردومان کرد.

پارتە سیاسیەکان بە توندی پەلامارەکانیان شەرمەزار کرد و جەختیان کردەوە کە ئامانجی ئەو هێرشانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەڕێمەکەیە.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان لە دژی هەڕێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکە دەخاتە مەترسیەوە. راگەیەندرا: "دەوڵەتی تورک رووبەرێکی فراوانی باکووری سوریای داگیرکردووە، ئامانجیەتی کە ئیرادەی گەلی سوریا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و هێزی بڕیاردان و بەدیهێنانی دیموکراسی ئاشتیانە لە بەرامبەر تاکڕەوی ناوەندی، تێکبشکێنێت. تورکیا فاکتەری سەرەکی شکستپێهێنان بە بزوتنەوەی ئازادی و دیموکراسی گەلی سوریایە".

ئەوەش هاتووە، کە دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی داگیرکەرە و بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەریەک لە عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی داگیرکردووە و بەم جۆرە درێژە بە راگەیەندراوەکە دراوە: "دەوڵەتی تورک تاوانی شەڕ و کۆمەڵکوژی بە تایبەتی لە دژی کورد، بەرامبەر بە سەرجەم دانیشتوانی رەسەن ئەنجام دەدات، ئاوارەیان دەکات، دیموگرافیای هەرێمەکە دەگۆڕێت و لایەنگرەکانی کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای توندڕەوانەی ئاکەپەن لە ماڵەکانی ئەوان نیشتەجێ دەکات. هەروەها سود لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت و بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پرۆژە کۆلۆنیالیستیەکانی جێبەجێ دەکات".

حزب و رێکخراوە سیاسیەکان لە راگەیەندراوەکەیاندا داوایان لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد، کە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی روون دەرببڕن. ئەو پارت و رێکخراوانە پشتیوانی خۆیان بۆ قەسەدە دەربڕی و هۆشدارییان دایە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە ئەو هێرشانە دەبنە مایەی گەڕانەوەی مەترسی داعش لە سوریا و ئاسایش و سەقامگیری نێونەتەوەیی دەکەوێتە مەترسیەوە.

 داواش لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و رووسیا کراوە کە چاویان بەڕووی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا نەنوقێنن و هۆشدارییان دا کە ئەو هێرشانە رەنج و گیانبازی کە لە شەڕی دژی تیرۆر دراون بە فیڕۆ دەدات.

پارت و رێکخراوە سیاسیەکان هەروەها داواشیان لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ بکەن و پشتیوانی لە هێزە سیاسی و دیموکراتیکەکانی بکەن و رایانگەیاند، " ئەو هێزانە بناغەی سەرەکی چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکن، لەبەر ئەوەی خاوەنی پرۆژەیەکی چارەسەری نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە داگیرکەری و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و سەروەری سیاسی سوریان".

ئەمانەی خوارەوە ئەو حزب و ڕێکخراوانەن کە راگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە:

١- پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)

٢- پارتی سەوزی دیموکرات

٣- پارتی ئاشتی دیموکراتیک کوردستان

٤- پارتی لیبراڵی کوردستان

٥- پارتی شیوعی کوردستان

٦- پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا

٧- پارتی دیموکراتی کوردی سوریا (پە.دە.کە.سە)

٨- پارتی چەپی دیموکراتی کوردی سوریا

٩- پارتی چەپی کورد لە سوریا

١٠- پارتی سوریائ ئایندە

١١- پارتی گۆڕانی دیموکراتیک کوردستان

١٢- پارتی نوێبوونەوەی کوردستان

١٣- سەندیکای کرێکارانی کوردستان

١٤- دەستەی نیشتمانیی عەرەبی

١٥- پارتی نوێبوونەوە و دیموکراتیکی سوریا

١٦- پارتی رێککەوتنی دیموکراتی کورد لە سوریا

١٧- پارتی چاکسازی- سوریا

١٨- پارتی دیموکراتیکی ئاشووری

١٩- پارتی برایەتی کوردستان

٢٠- پارتی ڕۆژی دیموکراتیکی کورد لە سوریا

٢١- بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم)

٢٢- کۆنگرەی ستار

٢٣- پارتی پارێزگاران

٢٤- پارتی تێکۆشانی ئازاد

٢٥- پارتی پێشەرۆژی کوردستان

٢٦- پارتی دیموکراتی کوردستان-ڕۆژئاوای کوردستان

٢٧- دەستەی هەماهەنگی نیشتمانیی- بزووتنەوەی گۆڕانی دیموکراتیک

٢٨- پارتی یەکێتی سوریانی

٢٩- پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی کوردستان

٣٠- پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا (پارتی)

٣١- پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا (یەکێتی)

٣٢- رەوتی چەپی شۆڕشگێڕ لە سوریا

٣٣- پارتی سوریان

هـ . ب