ساڵح موسلیم بۆ پەدەکە: تاوانەکانی دوژمن مەشارەوە

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند، ئەو بریندارانەی کە بەهۆی هێرشی چەکی کیمایی دەوڵەتی تورکەوە بریندار دەبن بە شارایەوە چارەسەریان بۆ دەکرێت و بانگەوازی بۆ پەدەکە کرد کە تاوانەکانی دوژمن نەشارێتەوە.

ساڵح موسلیم رایگەیاند ، لە باشوری کوردستان بەهۆی هێرشی کیمیاییەوە زۆر کەس بریندار بوون و رێگە نادرێت کە ئەو بریندارە مەدەنیانە خانەوادەکانیان ببینن.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چەکی کیمیایی بۆ سەر هێزەکانی گەریلا و هاوکاریەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

موسلیم ڕایگەیاند کە سیاسەتی دەوڵەتی تورک قڕکدنی کورد بووە و وتی "پێشتر بە ئاشکرا نەیاندەگوت، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا دەڵێن". دەڵێن ئەمە پرسی هەبوونە. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر کورد هەبێت، ئەمە بە واتای نەبوونی دەوڵەتی تورک دێت. لە رابردوودا لە رێگەی سیاسەتی نەرمی وەک تواندنەوە و کۆچپێکردن و پرسە ئابوورییەکانەوە ژیانیان لە کورد قورس دەکرد. پاشان پارتە سیاسییەکانیان داخست. ٦ پارتی سیاسی داخران. ئەم پارتە گرنگیان بە دۆزی کورد دەدا. هەموو چالاکی کۆمەڵایەتی و کەلتوریان ئاستەنگ کردووە. تەنیا یەک شت ماوەتەوە و ئەویش پرسی گەریلایە.

گەریلا هۆکارێکی ڕەوای بەرگریکردنە بۆ گەلی کورد. هەبوونی گەریلا ئامرازێکی خۆپاراستنە. بۆیەش بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماری گەریلا دەدەن. ئێمەش ئەمە دەبینین. گەریلا بەرخۆدان پەرەپێدەدات. فشاری سیاسی و گوشاری ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە پاراستنی رەوا ئەنجام دەدرێت. گەریلا گەلەکەی و هەبوونی دەپارێزێت. بۆیە هەرچەند هەوڵی بەرتەسککردنەوەی پرسی گەریلایان دا، شکستیان هێنا. كاتێك ئەو سەركەوتنەیان بەدەست نەهێنا كە لە دژی گەریلا دەیانویست ئەنجامی بدەن، پەنایان بردە بەر رێگەی نامرۆڤی. ئێمە ئەم کردەوانە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناودەبەین”.

دەوڵەتی تورک لە رۆژئاواش چەکی کیمیایی بەکارهێناوە

لە ڕۆژئاواش چەکی کیمیایی بەکارهاتووە. لە ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین بەکارهاتووە. باگەوازمان کرد بەڵام کەس گوێی لێ نەبوو. کەس نەیگوت لێکۆڵینەوە لەم بابەتەدا دەکەین. لە ساڵی ٢٠١٩ لە سەرێکانیش بەکاریان هێنا. قوربانییەکانی بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتەکەی چوون بۆ ئەوروپا. بەڵام هێشتا کەس قسەی نەکردووە، ئێستاش هەمان شت ڕوودەدات. هەموو جیهان لەم بارەیەوە بێدەنگە. ئەگەر لە شوێنێکی تردا ڕووبدات، جیهان هەڵدەستێت. بەڵام کاتێک تورکیا ئەمە دەکات کەس گرنگی پێنادات. تورکیا هەموو یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان پێشێل دەکات، بەڵام کەس قسە ناکات. بەهۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشت بە بەرژەوەندییەکان دەبەستن. تورکیا کەڵ لە بارودۆخی جیۆستراتیجییەکەیەوە وەردەگرێت. ئایا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەم پرسە نازانن؟ ئایا نازانن ئەم چەکانە لە لایەن ناتۆوە تۆمارکراون؟ دەزانن بەڵام بێدەنگ دەبن”.

تاوەکو ئێستا ٤٧ گەریلا لە هێرشە کیمیاییەکاندا شەهید بوون

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە، تا ئێستا ٤٧ گەریلا لە هێرشی کیمیاییدا شەهید بوون و گوتی، "شەهیدبوونی ١٧ گەریلا ئاشکرا بووە. بەم دیمەنانە گەلی کورد هەستایە سەرپێ. ئەمانە ڕۆڵە بە شەرەفەکانی کوردستانن. بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتی گەلی کورد چوون بۆ چیاکان. تاوانێک دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت. نابێت کەس بێدەنگ بێت، ئەمە ئازارێکی گەورەیە. مەحاڵە ئەم ئازارە لەبیر بکرێت.

ئەمانە هێرشی دژی مرۆڤایەتین. ئەمە تاوانی جەنگە. بەڵام بۆچی تورکیا خۆی لەم شتانە ڕزگار دەکات؟ تەنانەت کەس دەست بە لێکۆڵینەوەش ناکات. هەندێک کەس ویستیان بچن لێکۆڵینەوە بکەن، بەڵام پەدەکە ڕێگری لێکردن. لەو شوێنانە نەخۆشخانەکان پڕن لە بەرکەوتووی چەکی کیمیایی. قوربانیانی چەکی کیمیایی لە نەخۆشخانەکاندا بە نهێنی چارەسەر دەکرێن. ڕێگەیان پێنادرێت لەگەڵ کەسانی تردا قسە بکەن و یەکدی ببینن. ئێمە لە دەوڵەتی تورک تێگەیشتووین، ئەی کوردەکانی دیکە؟ لە هەرێم و وڵاتەکەتدا چی بەسەر گەلەکەتدا دێت ، بۆ بێدەنگ دەبیت؟ وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت بێدەنگن و وەک ئەوەی لە شوێنێکی دیکە ئەم شتە روویدابێت. ١٢٠٠ دەمامکی دژی گازی ژەهراوی بۆ گەریلا نێردراوە. ئەمە بۆ جەنگ نەبوو، ئەمە بۆ پاراستن بوو لە چەکی کیمیایی. تۆ هەڵدەستیت و دەستیان بەسەردا دەگریت. دایکی ژنەگەریلایەک دەڵێت، 'ئەگەر ئەم دەمامکە بگەیشتایە کچەکەم، کچەکەم شەهید نەدەبوو. کاتێک سەرنج دەدەینە سەر ئەم پرسە، دەبینین کە هێرشێکی چەند دڕندانەیە.

پەدەکە بەس بیر لەوە دەکاتەوە کە چەند نەوت بفرۆشێت و چەند پارە قازانج بکات. شەرەفی گەلی کورد لە خەمی پەدەکەدا نییە. پەدەکە لەبەرچاوی هەموو کەسێک خیانەت دەکات. ئەمە شەرمێکی زۆر گەورەیە. میت لەوێ بە کەیفی خۆی هەموو شتێک دەکات. گەریلا ئەوانیش دەپارێزێت کەچی هەڵدەستن دەرگاکەیان بۆ دوژمن دەکەنەوە."

کۆمەلکوژی زاخۆ

ساڵح موسلیم ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی زاخۆدا و وتی، " ئەو کاتە عێراق جیهانی هێنایە سەرخەت. پرسەکەی بردە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. دواتر پەدەکە چووە بەغدا و بە خانەوادەکانی گوت، ' نەچن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرچیەکتان دەوێت، بۆتانی دەکەین' و ویستی خانەوادەکان بێدەنگ بکەن. کوشتنی ئەو هاوڵاتیە عەرەبانە لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بەڵام تو دەتەوێت بێدەنگی بکەیت. ئەمڕۆ براکانت دەکوژرێن بەڵام تۆ بیدەنگی. باشە ئەمە شەرم نییە؟ بۆچی تاوانی دوژمن دەشاریتەوە؟ بۆچی ئەم شتانە دەکەیت؟"

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند کە پەیەدە لەگەڵ کێ و چ لایەنێک دابنیشێت باسی ئەم شتانە دەکات و گوتی، " لەرووی بەکارهێنانی درۆنەکاندا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆمبی تاکتیکی ئەتۆمی هەمووان هاوبەشن. کێ ئەم شتانە دروست دەکات؟ تورکیا بە تەنها ناتوانێت دروستیان بکات. بۆیەش دیارە کە لایەنێک ئەم چەکانەی دەداتێ. بێ ریگەپێدانی هەندێک لایەن ناتوانێت بەکاریان بهێنێت. بۆیەش بە ئاشکرایی پێیان دەڵێین کە 'ئێوە هاوبەشی تاوانەکانی تورکیان'. باشە یاساکانی ناتۆ بۆ تورکیاش نییە؟ کاتێک پرسەکە دەبێتە کورد، هەموو کەسێک بێدەنگ دەبێت. ئێمەش لە هەر شوێنێک بین خۆمان دەپارێزین. لەبەرئەوەی لەبەرانبەرمان دوژمنێکی زاڵم هەیە. بۆ پاراستنی هەبوونمان بەرخۆدان دەکەین."

ف.ق