یەپەگە: شەڕی ئازادیی مەزنتر دەکەین

فەرماندەیی یەپەگە ڕایگەیاند تا ڕزگارکردنی عەفرین و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان، بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و شەڕی ئازادیی مەزنتر دەکەین.

سالوەگەری داگیرکردنی عەفرین

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەبارەی شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بەبیر هێناوەتەوە وتی، لە پێناوی شەهیداندا تێکۆشانی ئازادی بەرز دەکەینەوە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد کەوتۆتە بەر کۆمەڵکوژی فیزیکی و کولتووری ترسناکەوە و ئەم سیستەمە ستەمکارییە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پەسەند کراوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەدەی بیستەمدا سیستەمی کۆمەڵکوژی، کۆچبەریی و بوونی کورد لە نێو دەوڵەتانی ناوچەکەدا بڵاو بووەوە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەو سیستەمەی بەڕێوە برد. ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کورد بەردەوام ئامانجی ئەم سیستەمە بووە و هێرش و داگیرکاری بۆ سەر شاری عەفرین هەنگاوێکی نوێی ئەم سیستەمە بووە نایهەوێت گەلی کورد بە ئازادی لەسەر خاکی خۆی بژیت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای شەڕەوە، بە پاڵپشتیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و کەڵک وەرگرتن لە گرووپە چەتەکانی، هێرشێکی هەمەلایەنەی بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا و دەڵێت: " ئاشکرایە کە هێرشکردنە سەر عەفرین لەلایەن زلهێزەکانەوە کە کاریگەرییان لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا هەیە، پەسەند کرا."

'بەرخۆدانی سەردەم مێژوویی بوو'

لە بەیاننامەکەدا بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین یاد کرایەوە و سەبارەت بە بەرخۆدانەکەدا ئەم خاڵانە خراونەتە ڕوو: "پرۆسە و ڕووداوێکی بێهاوتا بوو کە لە مێژوودا ڕوویدابێت". فیداکاری و بەرخۆدانی گەل و هێزەکانمان لە عەفرین هەرێمەکەی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرتەسک کردەوە و جارێکی دیکە سەلماندی کە لە بەرامبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەکدا گەلەکەمان دەتوانێت بە هێزی جەوهەری خۆی بەرگری لە خۆی بکات. لە ماوەی ئەو ٢ مانگەدا سەدان هەڤاڵمان و خەڵکی عەفرین، بە کەمترین دەرفەت، بە پێشەنگایەتی قارەمانەکانی وەک ئاڤێستا خابوور، ئیلان دارا، ئارتێش حەکاری و فەرماندە کارکەر ئێرش، سەدان هەڤاڵمان بە ڕۆحێکی فیدایی شەڕیان کرد و شەهید بوون."

'ماوەی ٦ ساڵە هەموو پێوانەکان پێشێل دەکرێن'

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ماوەی ٦ ساڵدا لە عەفرین هەموو جۆری کردەوەیەکی نامرۆڤانەیان ئەنجامیان داوە، لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا دیمۆگرافیا لە عەفرین گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کورد ئاوارە کراوە، مافی مرۆڤەکان کە بە یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەبێ بپارێزرێن و دەوڵەتی تورک لایەنێکە لەو ڕێککەوتنانە، پێشێل دەکرێن؛ کورد لە عەفرین لە مافی ئازادی و ژیانێکی بەکەرامەت بێبەش کراوە. عەفرین لە کورد پاک دەکرێتەوە و بەم شێوەیە دەیانەوێت ناسنامەی ناوچەکە بگۆڕن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کوردانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە عەفرین، رووبەڕووی گوشار و هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک دەبنەوە.

'ئێمە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین'

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە داگیرکردنی عەفرین تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دژی تێکۆشان دەکەین و گوتراوە: "لە پێناو رزگاریی  عەفرین درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. بەم بۆنەوە سەرجەم هەڤاڵانمان کە لە بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین شەهید بوون بە ڕێزدارییەوە بەبیر دەهێنینەوە و بەڵێنێ کە بە شەهیدانمان داوە، لە پێناوی ئارمانجەکانیاندا بە تێکۆشان بۆ ئازادی دووبارە دەکەینەوە."