ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی بیرهێنایەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی بیرهێنایەوە و بانگەوازی لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات بەبۆنەی ٣٦ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبانێ لەبەردەم ناوەندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات بە بەشداری نوێنەری دامەزراوەکان خوێنرایەوە.

پێش خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی هەڵەبجە پیشاندرا.

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانەکانی کورد و عەرەبی خوێنرانەوە.

سەرەتا ڕاگەیاندراوەکە تیشکخراوەتە سەر قەبارە و دڕندەیی کۆمەڵکوژییەکە و شەهیدکردنی ٥٠٠٠ کەس بە چەکی کیمایی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کە زۆربەیان ژن و مناڵ و پیر بوون. ڕژێمی سەدام ئەم کارە بۆ کپکردنی پرسی کورد و لەناوبردن و ملکەچکردنی گەلی کورد ئەم تاوانەی ئەنجامدا، دەڵێت: "کۆمەڵکوژی هەڵەبجە تێپەڕی، کەچی هێشتاش لەپێشچاوی جڤاکی نێونەتەوەیی چەکی کیمایی دژی گەلی کورد بەکاردێت.

دەوڵەتی تورک لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو هەمان گاز و هەمان تاوانی نێونەتەوەیی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت. دەوڵەتی تورک ئەم چەکە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەزاران گەریلا لە باکوری کوردستان بەکاردەهێنێت. هەروەها لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرامبەر خەڵکی مەدەنی بێتاوان بەکاری دەهێنێت. لە سەدەی پێشوودا، لە باکوور زیاتر لە ٤ هەزار و ٥٠٠ گوندی کوردان سوتێنران.

وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات، بەبۆنەی ٣٦ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەوە، شەهیدانی کۆمەڵکوژیەکە و هەموو شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی تێکۆشانی ڕێگەی ئازادی و ئاشتی بیردەهێنینەوە. بانگەواز لە هێزە نێونەتەوەیی و وڵاتانی دۆست دەکەین بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دژی گەلەکەمان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارێتی بنوێنن".