لە ئیدلب گولە هاوەنێک ئاڕاستەی دەوریەیەکی هاوبەشی روسی-تورکی کرا

لە ئیدلب لە کاتی گەشتی دەوریەیەکی هاوبەشی سەربازیی روسی-تورکیدا لە سەر رێگای M4 هاوەنێک ئاڕاستەی یەکێک لە ئۆتۆمبیلە سەربازیەکانی سوپای تورک کرا.

لە سەر رێگای M4 (حەلەب-لازقیە)ی ئیدلب، ئەمڕۆ لە کاتی تێپەڕبوونی دەوریەیەکی هاوبەشی روسی-تورکیدا تەقینەوەیەک روویدا، بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی رێکەوتنی ئالیانی روسی لە سوریا، تەقینەوەکە لە نزیک ئۆتۆمبیلێکی سەربازی تورکی روویداوە. بە پێی ئەو دیمەنانەی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ئاشکرا دەبێت کە هاوەنێک ئاڕاستەی ئۆتۆمبیلێکی سەربازی سوپای تورک کراوە کە لە ناو کاروانی ئەو دەورەیە هاوبەشەدایە.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رۆژی ١٣ی ئەم مانگە رایگەیاندبوو، بە هۆی "کارە تێکدەرانەکانی ملیتانەکانی ناوچەکە" دەوریە هاوبەشەکانی روسی-تورکی وەستێنراون.

بەڵام دوای ٤ رۆژ لەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەو هێرشە لە دژی دەوریە هاوبەشەکانیان ئەنجامدرا.

ز.ش