'دەبێت بەرخودانی گەریلا و ژنان گەورەتر بکرێت'

بەپێشەنگایەتی پارت و دامەزراوە کوردستانییەکان گەل لە هێلسینکیی پایتەختی فینلەندا رژانە گۆڕەپانەکان و رژێمی فاشیستی ئێرانیان شەرمەزار کرد. چالاکوانان هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکیشیان ریسوا و شەرمەزار کرد.

ئەو کوردستانیانەی لە فینلەندا دەژین ئەمرۆ جارێکیتر بۆ پشتیوانی دەربڕین لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران رژانە شەقامەکان و رژێمی دیکتاتۆری ئێرانیان شەرمەزار کرد. چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، کۆمەڵگای ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردستان (نەجەدەکە) و رێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) و رێکخراوە چەپ و شۆڕشگێڕەکان ئامادەکرا، تیایدا بانگەواز بۆ خاوەنداری لە سەرهەڵدان و تێکۆشانی ژنان کرا.

گردبوونەوەکە لە ناوەندی هێلسینکی بەڕێوەچوو، دۆستانی گەلی کورد و گەلانی فینلەندیش بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد. لە چالاکییەکەدا دروشمی"ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە و هێرشەکانی رژێمی دیکتاتۆری ئێران شەرمەزار کران.

چالاوانان سڵاویان لە بەرخودانی گەریلاکانی کوردستانیش کرد و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان ریسوا و شەرمەزار کرد. چالاکوانان باسیان لەوەکرد کە دەوڵەتە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک هەمووجارێک بێدەنگن، ئەو سیاسەتەی هێزە نێونەتەوەییەکانیان وەک بەشێک لەو تاوانە دژە مرۆڤایەتیە پێناسە کرد.

چالاکوانان لە کۆتایی چالاکییەکەدا داوای لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد کە لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان بکەن و تێکۆشان و بەرخودانی ژنانی کورد بەرزبکەنەوە.

هـ . ب