فیگەن یوکسەکداغ: پێویستە دینامیکەکانی کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکەن

فیگەن یوکسەکداغ بانگەوازی لە هەموو دینامیکەکانی کۆمەڵگە کرد بۆ ئاشتی دەسپێشخەریی بکەن و گوتی: "داخوازیمان ئەوەیە، هەلومەرجی خەباتی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنرێت و تاوەکو ڕۆڵی چارەسەری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت".

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ لە زیندانی کاندیرای کۆجالی، پاش سەردانی شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک، ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا سڵاوی بۆ هەمووان هەیە و جەخت دەکاتەوە لەم قۆناغەدا گەل زیاتر پێویستی بە دادپەروەری و دیموکراسییە.

ئێمە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالانین

یوکسەکداغ دەڵێت: "لەم ساتە مێژووییە چارەنووسسازەدا، هەوڵی دەسپێشخەریی بەڕێز ئۆجالان بەنرخ و یەکلاکەرەوەیە. لەپشتی ئەم هەوڵ و ئیرادەی چارەسەرە دەوەستین. گرنگ نییە لەکوێ بین. دەکرێت لە ناوخۆ یان دەرەوەبین و خاوەنی بیروڕای جیاواز بین. ئەمە ڕێگر نابێ بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانمان. ئامادەین بۆ ئاشتی شکۆمەند و چارەسەری دیموکراتیک بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجی بکەین.

پێویستە دینامیکەکانی کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکەن

گەلانی تورکیا و کرێکاران و هێزە ئازادیخوازەکان و ژنان، پێشەنگی ئاشتیین. بۆیە دەبێت هەموو دینامیکەکانی کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکەن بۆ خوشک و برایەتی گەلان و ئاشتی. ڕێگای گەیشتن بە مافە دیموکراسیەکان و کار و نان بەم دەستپێشخەرییەدا تێدەپەڕێت. ئێمەی ژنان نابێ درێغی بکەین لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد. ئێمە هاوکار و پشتیوانی هەموو ئەو کەسانە دەبین کە هەوڵ دەدەن. داخوازیمان ئەوەیە، هەلومەرجی خەباتی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنرێت و تاوەکو ڕۆڵی چارەسەری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت. نزیکایەتی بەرچاو و ئەرێنی لە چارەسەری ئەم پرسە مێژووییەدا، دەبێتە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە. بەهیوام پێکەوە پێشوازی لە بەهاری گەلان و ئاشتی و یەکسانی بکەین".