بە دیمەن

لەبەردەم کونسوڵخانەکانی سڕبیا داوای ئازادی ئەجاوید پیرئۆغلو کرا

لە چەند شارێکی ئەوروپا بۆ ئازادی ئەجاوید پیرئۆغلو چالاکی هاوکات ئەنجامدرا و درووشمی "پێویستە ئەجاوید پیرئۆغلو دەمودەست ئازاد بکرێت" بەرزکرایەوە.

شۆڕشگێڕی تورکیا ئەجاوید پیرئۆ‌‌غلو بە داوای ڕادەستکردنی بۆ تورکیا، ٣ ساڵە لە سڕبیا بەشێوەی نایاسایی لە زیندانە، لەبەرامبەر ئەم نادادییە بۆ دووەم جار مانی لە خواردن گرتووە و کێشی دابەزیووە بۆ ٤٥ کیلۆ. بۆ ئازادی پیرئۆغلو لە چەند شارێکی ئەوروپا چالاکی هاوکات ئەنجامدرا.

لەندەن

لەسەر بانگی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (تەسەپە) و کۆمەڵەی چاندی کرێکارانی کۆچبەر و یەکێتی ژنانی سۆسیالیست (سەکەبە) لەبەردەم کونسوڵخانەی سڕبیا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا چالاکی ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا ئاماژە بەوە کرا بەهۆی مانگرتن لە خواردنەوە تا دێت کێشی لاوازتر دەبێت، بەرپرسیارێتی سەلامەتی پیرئۆغلو خرایە ئەستۆی حکومەتی سڕبیا.

هەروەها داوا لە سڕبیا دەست هەڵبگرێت لە ڕێککەوتنە قێزەونەکانی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورک و بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان بجووڵێتەوە و پیرئۆغلو ئازاد بکات.

دوسڵدۆرف

لەبەردەم کونسوڵخانەی سڕبیا لە دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا، چالاکی ئەنجامدرا و ڕاگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی و کوردی و تورکی خوێنرایەوە.

لە چالاکییەکەدا دۆسیەیەک ڕادەستی کونسوڵخانەی سڕبیا کرا و درووشمەکان بۆ ئازادی ئەجاوید بەرزکرایەوە.

دان هاگ

لەسەر بانگی پێکهاتەی یەکێتی هێزە دیموکراتیکەکان (دەگەبە) لەبەردەم کونسوڵخانەی سڕبیا چالاکی ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا ڕاگەیاندراوی دەگەبە خوێنرایەوە، درووشمی "ئازادی بۆ پیرئۆغلو" بەرزکرایەوە و نامە خرایە نێو سندووقی پۆستەی کونسوڵخانەکەوە.

شتوتگارت

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا پێکهاتەکانی ئەدەگەبە لەبەردەم کونسوڵخانەی سڕبیا بانگەوازیان لە حکومەتی سڕبیا کرد داخوازییەکانی ئەجاوید پیرئۆغلو قبووڵ بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە سەرەڕای بڕیاری دادگا کەچی ئەجاوید بەشێوەیەکی نایاسایی زیندانی کراوە، حکومەتی سڕبیا بەگوێرەی داواکانی حکومەتی ئاکەپە دەجووڵێتەوە.

ئاماژە بەوە کرا پیرئۆغلو کێشی دابەزیووە بۆ ٤٥ کیلۆ و داوای خاوەندارێتی لە پیرئۆغلو کرا.