لە ستۆکهۆلم سیاسەتى لەسێدارەدانى رژێمى ئێران ئیدانە کرا

رژێمى ئێران رۆژی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی گوڵان شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیانی لەسێدارە دا. کوردستانیان ئەو پێشێلکارییەی دەوڵەتى ئێرانیان لە شاری ستهۆکۆلمی پایتەختى سوید ئیدانە کرد.

رژێمى ئێران ٤ شۆڕشگێڕی کورد، شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی و لایەنگرێکى رژێمى پاشایى بە ناوی مەهدی ئیسلامیان لە رۆژی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی گوڵان لەسێدارەدا. لە نۆهەمین ساڵیادی ئەو لەسێدارەدانەدا چالاکییەک بۆ بەرز راگرتنى یادی ئەو شەهیدانە لە شاری ستۆکهۆلم پایتەختى سوید بەڕێوەچوو.

چالاکییەکە ئێوارەى دوێنێ و لەسەر بانگەوازی پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) لە گۆڕەپانی نۆرماڵ ستۆرگ بەڕێوەچوو.

ئەمیر بابەکری و فەرهاد بۆزجالی بە ناوی پەژاکەوە بۆ یادی ئەو ٤ شۆڕشگێڕە وتەیان پێشکەشکرد. لە چالاکییەکەدا خزمان و کەسوکاری شەهیدان و ژمارەیەکى زۆر لە کوردستانیان ئامادە بوون.

لە چالاکییەکەدا بە بەردەوامی دروشمەکانى "شەهید نامرن"، "بمرێ رژێمى ئێران"، "با کۆتایى بە سیاسەتى لەسێدارەدان بهێنرێت"، بکوژ ئێران، دووڕوو ئەوروپا" دەوترانەوە.

سەعدییە وەکیلی: دەبێت کوردستانیان بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر و گەورەتر بکەن

سەعدییە وەکیلی خوشکی فەرهاد وەکیلی لەو چالاکییەدا بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، دەبێت گەلی کورد ئەو شۆڕشگێڕانە، کە بۆ ئازادیى کوردستان گیانى خۆیان فیدا دەکەن، بۆ خۆیان بکەنە نمونە. بانگی لە گەلی کورد کرد بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر و گەورەتر بکەن.

ر.م