نوران کۆرتیناس: دڵسۆزیی لەیلا کاری تێکردم

نورا مۆرالێس کۆرتیناس یەکێک لە دایکانی پلازا دی مایۆ رایگەیاند، دڵسۆزیی لەیلا گیوڤەن بۆ خەبات زۆر کاریتێکردووە و وتی، کوردم زۆرم خۆشدەوێت.

 

دایکانی گۆڕەپانی پلازا دی مایۆ لە شاری بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین وەکو دایکانی شەممە لە ئەستەنبۆڵ هەموو هەفتەیەک لە گۆڕەپانی مایۆ کۆدەبنەوە و بۆ رۆڵەکانیان و داوای دادپەروەری بۆ ٣٠ هەزار مرۆڤی بێسەروشوێنکرا دەکەن. ئەو چالاکییەی دایکانی ئەرجەنتینی ٤٢ ساڵی تێپەڕاند.

 خەباتی گەلی کورد، یادی شەهید لێگەڕین چیا (ئالینا سانچێز)، چالاکیی مانگرتن، کۆمەڵکوژیی ژێرزەمینەکانی جزیر و داوکاری بۆ ئازادیی ئۆجالان ژمارەیەک لەو بابەتانەن، کە هەموو پێنجشەممەیەک لە پلازا دی مایۆ باسیان دەکرێت.

نورا مۆرالێس کۆرتیناس یەکێک لە دایکانی پلازا دی مایۆیە و لە کاتی چالاکیی مانگرتن دا لە مانگی ئادار سەردانی لەیلا گیوڤەنی کردبوو. کۆرتیناس لەبارەی چالاکیی مانگرتنەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئێوە سەردانی لەیلا گیوڤەنتان کرد، خەباتی گیوڤەن چ جۆرە کاریگەرییەکی لەسەر ئێوە دانا؟

لەو رۆژەوە چوومە سەردانی لەیلا گیوڤەن سەرسامی گەلی کورد بووم. دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە لەمێژە دەناسم. لەبارەی ئەوانەوە لە بەڵگەفیلمێکم بەناوی (لەچکەکانی مێژوو)دا دروستکرد، هەستێکی جیاوازە. ئەو رۆژە لەیلام بینی و لەباوەشم گرت رۆژێکی تایبەت بوو، چونکە جیهانێکی جیاواز بوو. جیهانی ئێمە نەبوو، جیهانێک بوو من نەمدەناسی، بەڵام گەلێک جوان بوو. رێز بۆ رێبەری سیاسی عەبدوڵا ئۆجالان دەنێردرا. ئەوەش ئاشکرایدەکرد، ئەو خەباتە بەرخودانێکی زۆر راستەقینەیە. رێزم لە خۆشەویستیی ئەو مرۆڤانە گرت، چونکە بە هەزاران هاوڕێبازی وەکو لەیلا، بە هەمان بڕیار بەشداری ئەو چالاکییە ببون، ئەوەش بۆ گەل زۆر گرنک و جوانە. پێیوستە زوڵم لە گەلی کورد نەکرێت".

لە ئەنجامی سەرکەوتنی چالاکیی مانگرتندا کۆتایی بە گۆشەگیریی هات و دوای ٨ ساڵ دوو چاوپێکەوتن کران. بەڕای ئێوە، حکومەتی تورک بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات؟

بە تێڕوانینی من ئەنجامێکی دەبێت، بەڵام کاتێک مرۆڤ شەڕ و کۆمەڵکوژییەکان، کە ئەردۆغان لەدژی کورد و گەلی سوریا و گەلانی دیکە هەڵدەسەنگێنتێت، ئەوکاتە دۆستانی کورد لەبارەی ئەوەوە دەکەونە گومانەوە. بەڵام دەبێت ئێمە دڵنیا بین، چونکە تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت. بە بڕوای من ئەوە شتێکی زۆر گرنگە، کە سەلمێنەری بەرخودانێکی مێژووییە.

دەتوانن باسی چاودێرییەکانی خۆتان لە باکوری کوردستان بکەن؟

کاتێک لەگەڵ ئالیساندرۆ حەداد بۆ ئامادەکردنی بەڵگەفیلم چووم، بۆ من دۆخێکی زۆر گرنگ و جیاواز بوو، چونکە من نەریتی هەرێمەکەم نەزانیبوو، بەڵام بینیم ئازاری دایکان و ئازاری ئێمە یەکێکیە، زمانێک نییە، کە بتوانێت ئازارەکانمان لە یەکتر جیا بکاتەوە. داواکاریی خەبات و بڕیارمان لەدژی فاشیزم یەک بوو.

کاتێک من مانگی ئادار چووم بۆ سەردانى لەیلا، بینیم ژنێکی ٥٦ ساڵی بە ئیرادەیەکی گەورەوە لە چالاکیی مانگرتنی بێسنوور دایە. دڵسۆزیی ئەو ژنە بۆ خەبات کاریگەرییەکی جیاوازی کردە سەرم. لەو کاتەوە بە هەموو هێزێکم کوردم خۆشدەوێت.

دەتانەوێت پەیامێک بۆ لەیلا گیوڤەن بنێرن؟

پێش هەموو شتێک زۆرم خۆشدەوێت و سڵاوی لێ دەکەم. وەکچۆن چالاکیی مانگرتنی لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانەی گەل بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد، دەمەوێت ئیستاش بەهەمان شێوە تەندروستییەکەی باش بێت. بۆ ئەو و چالاکوانانی مانگرتوو سەرکەوتن دەخوازم و بۆ گەلیش ژیانێکی پڕ شکۆ دەخوازم.

ر.م