چالاکییەکە لە قەرەباڵغترین شەقامی ستۆکهۆلم و لەسەر بانگی ئەنجوومەنى ژنانی کورد ئەنجامدرا. ژنان پۆستەر و وێنەکانى ئۆجالان و چالاکوانە مانگرتووەکانى ستراسبۆرگ-یان بەرزکردبووە و لەسەری نووسرابوو 'نا بۆ گۆشەگیری، نا بۆ فاشیزم، ئازادی بۆ ئۆجالان'.
نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیى ئەوروپا و سی پی تی خۆیان کەڕ و کوێر و لاڵ کردووە
ژنان بۆ ئیدانەکردنى بێدەنگیى جیهانی و کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى لەسەر پۆستەرەکان نووسیبوویان، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیى ئەوروپا، رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) و ٣ ژن، کە یەکێکیان دەمی خۆی و یەکێکی تریان گوێى خۆی، ئەوى تریان چاوی خۆی بەستبوو شانۆیى کەڕ و کوێر و لاڵەکانیان ئەنجام دەدا.
ژنانی تریش بە وتنەوەى دروشمی جۆراوجۆر سەرنجی هاووڵاتییان و رای گشتییان رادەکێشایە سەر دۆخی مەترسیداری مانگرتووەکان.
بانگ بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕی
هاووڵاتییانى سنووری چالاکییەکە بە تایبەتى گەنجان زۆر بەسەرنجەوە لە چالاکییەکە نزیکبوونەوە. ژنان رایانگەیاند، چالاکییەکانیان بە شێوەى جۆراجۆر بەردەوامى پێدەدەن و داوایان لە کوردستانیان و دۆستەکانیان کرد، کە لە ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە کاتژمێر ١٣:٠٠ دا لە نۆرا بانتۆریت لە ستۆکهۆلم بۆ ئەنجامدانى چالاکییەک ئامادە بن.
ر.م